شيوعی ئازاو دوکتۆری چاونەترس، عەبدولسەمەد نوعمان ... جەلال دەباغ

هەواڵەکانی بەغدا لە گەڕەکی عامريەوە رايانگەياند کە شيوعی ئازاو دوکتۆری چاونەترس عەبدولسەمەد نوعمان لە رۆژی ٩/١١/ ٢٠١٤ دا کۆچی دوایی کردووە. کۆچی دوایی ئەم تێکۆشەرە دێرينە زيانێکی گەورەبوو بۆ خەباتی گەلەکەمان و گەلانی عێراق. 

ئەم تێکۆشەرە لە کۆتايی ساڵانی چلەوەو لەساڵانی دواتردا رۆڵێکی بەرچاوی بووە لە خەباتی شيوعی و پێشکەوتنخوازانی عێڕاقداو، بەشدارييەکی ئازايانەی بووە لە خاباتدا بۆ پاراستنی کۆمارە ساواکەی ١٤ی تەموز.
دوای شۆڕشەکەی ١٤ی تەموز بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتەکانی پزيشکی بوو لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق و، پاشان هەر لەبواری پزيشکيدا کاری دەکردو عيادەی تايبەتیی خۆی هەبوو، لە هەموو سەردەمەکاندا هەميشە لەخزمەتی جەماوەردابوو، کەمدەرامەتەکانی بەخۆڕایی چارەسەر دەکرد.
 لە راپەڕينەکانی گەڵداو لە خەباتدا لەپێناو هێنانەدیی نيشتيمانێکی ئازادو گەلێکی بەختياردا رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. هەربەوهۆيەوە، لەسەردەستی رژێمە دکتاتۆرەکانی بەرەودوای عێراق و بەتايبەتی لەسەردەستی رژێمی بەعسی فاشی و جەلادەکانی "حەرەس قەومیی" بەدناو دووچاری گرتن و ئازاردان و لە کاردەرکردن بووە. لە دوای کۆدەتا فاشيستەکەی ٨ی شوباتی ٩٦٣ەوە گيراو يەکێک بوو لەوانەی بەسواری "شەمەندوفەی مردن" برايە بەنديخانەی "نوگرە سەلمان"و چەندان ساڵ لەوێ بەندکراوە. دوای ئازادکردنی لە بەنديخانە ناچاربوو بەغدا بەجێبهێڵێت و بێتە سلێمانی و لە خەستەخانە وەک پزيشک کاربکات و عيادەی تايبەتیش بکاتەوەو لێرەش وەک رەوشتی بەرزی خۆی خزمەتی خەڵکی دەکردو بەزۆريش بە خۆڕایی چاری نەخۆشە دەستکورتەکانی دەکرد.
من لەو کاتەدا ئەوم لە نزيکەوە ناسی کە وەک ئەندامی کۆميتەی ناوخۆیی سلێمانی حزبی شيوعی عێڕاق لەگەڵماندا کاری دەکردو ئاستێکی سياسی و فيکریی باشی هەبوو. هەميشە ئامادەبوو بۆ ئەنجامدانی هەر ئەرکێکی حزبی.
لە سلێمانی پەيوەندیی فراوانی لەگەڵ خەڵکی شار دروستکردبوو کە خۆشەويستیی خۆی لای زۆريان جێگيرکردبوو، بەتايبەتی کە هەڵوێستی راست و دروست و نێونەتەوەیی لە ئاست چارەسەری ئاشتيانەی کێشەی کوردستاندا هەبوو. دژی هەموو جۆرە چەوسانەوەيەکی نەتەوايەتی کوردبوو لەلايەن رژێمە سۆڤێنيە عەرەبەکانەوە.

نەمری و سەربەرزی بۆ هاوڕێ عەبدوسەمەد نوعمان. . !
مردن و سەرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ دوژمنانی شيوعيەت و بۆ دوژمنانی بزاڤی رزگاريخوازیی گەلی کوردستان. . !

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles