کۆنگرەی نەتەوەیی، چۆن و کەی؟ ... جەلال دەباغ

 

 

 

ديسان هەندێک لە نووسەران و رۆشنبيران و لايەنە سياسيەکان هاتنەوە سەرباس وداوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان. بەڵگەو بيانوی پێويستیی هێنانەدی داواکەشيان لەم بارو دۆخە ناسکەدا ئەوەيە کە نەتەوەکەمان لە دوو پارچەی کوردستاندا کەوتۆتە بەر هێرش و پەلا ماری دڕندانەو ناڕەوای تێرۆريستانی (داعش) کەدەيانەوێ لەژێر پەردەی ئيسلامدا گورزی گران لە نەتەوەکەمان بسرەوێنن و بەناوی "خەلافەتی ئيسلاميەوە" بمانگێڕنەوە بۆ چەرخەکانی ناوەڕاست. 

هەروا بۆ لێکۆڵينەوەو تاووتوکردنی باری سياسی و ئابوری ئەم سەردەمەی نەتەوەکەمان و بڕياردانی گشتگيرو پێويست و چارەنووسساز، کە هەموويان ئامانجی بەرزو پيرۆزن.
ئەمە لەکاتێکدا ئەمڕۆ لەم بارودۆخەدا بەهيچ جۆرێک زەمينەی سياسی و ئابوری و سەربازیی کوردستان باش و لە بارنيە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.
 نابێ لەم بوارەدا پەنا ببرێتە بەر سۆزو هەستی نەتەوايەتی وخواستی ئامانجێکی پيرۆز، يان "بازرگانیکردنی" هەندێک بەو ئامانجە پيرۆزەوە، بەڵکو دەبێ پەناببرێتەبەر لێکۆڵينەوەی وردو زانستانەو هەڵسەنگاندنی راستیبينانەی بارودۆخەکە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان و ناوچەکەدا.
بە راشکاوی دەڵێم و وەک لەمەوبەر ئێستاش جەختدەکەمەوە کە بارودۆخەکەی ئەمڕۆی ناوخۆمان و ناوچەکە هێشتا باش و لەبار نيە بۆ پێکهێنانی (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - ک. ن. ک).
لە هيچ بەشێکی کوردستاندا يەکێتی هێزو حزب و بزوتنەوەکانمان نەهاتۆتەدی ولايەنی کەمی يەکخستنی ريزەکان و هاوکاری و تەبایی لە ئارادا نيە.
ناکۆکيەکانی ناو ريزەکانی گەل پەرەيان سەندووەو، لەهيچ بەشێکی کوردستان نەتوانراوە لەم قۆناغەدا شێوازێکی هاوکاری و بەرەیی يان کارڕێکخستن لەناو خۆياندا پێکبێنن. هەڵ و مەرجی سياسی و ئابوری و کۆمەڵايەتی و رۆشنبيری تاڕادەيەک لێکجياوازن. لەهيچ بەشێکدا نەتوانراوە کۆنگرەيەکی کوردستانیی تايبەت بە خۆيان ببەستن.
ناکۆکييە چينايەتی و کۆمەڵايەتيەکانتر بە جۆرێک توندبوون کە لەسەر سياسەت و بۆچوونی هەندێ حزب و رێکخراو رەنگيانداوەتەوە کە نايانەوێ بگەنە يەکگرتن و يەک گوتاری سياسی، لەسەر بنەمای هەندێ ئامانجی سەرەکیی هاوبەش، بەڵکو زۆرتر خوليای مۆنۆپۆڵکردن و سەپاندنی سياسەتی خۆيان هەيە بێ ئەوەی گوێ بدەنە بنەماکانی ژيانی ديموکراسی و بەرژەوەندە باڵاکانی گەلی کوردستان.
کۆڕو کۆمەڵی واهەن لە کوردستاندا کە ئەگەرچی خۆشيان حزبن، يان سەربە حزبێکی دياريکراون، هێرش و پەلاماری هەميشەييان بۆ سەر حزبەکان و حزبايەتيە، خۆشيان ناڵێن ئەگەر حزبەکان نەبن ئەی کێ سەرکردايەتی بزاڤی کۆمەڵانی خەڵک بکات و بە چ شێوازێک و کێ رێکيانبخات؟! ئاخۆ بە بۆچوونی کێ و فەرمانی کێ وا بە راشکاوی و توندی هێرشی ناڕەوايان بۆ سەر حزب وژيانی حزبايەتی دەبەن، نەک بۆ چارەسەرکردنی هەڵەو ناتەواويەکان ونەهێشتنی کەم و کوڕيەکان. دەرفەتيش لەوە وەردەگرن کە لايەنهەن هێندە کاری ناڕاست و ناڕەوايان بەناوی حزبايەتيەوە کردووە کە لەناو کۆڕو کۆمەڵێکی بەرفراوانی خەڵکدا حزبايەتيان سووک و ريسواکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا هەر ژيانی حزبی و حزبايەتی راستەو، حزب ئامڕازو هۆکارو رێکخەرو ئاڕاستەکاری خەباتی چينە کۆمەڵايەتيەکان و گەلە بەرەو هێنانەدیی ئامانجەکانيان.
ئەوانەی لەدژی ژيانی حزبايەتين و بەوەش لەدژی ژيانی ديموکراسين، داواشدەکەن "بەزوترين کات کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانی ببەسترێت" جا ئەگەر حزبەکان ئەو کۆنگرەيە رێکنەخەن ئەی کێ رێکیدەخات؟ بۆيە پێويستە هەوڵ وکۆششێکی زۆربکرێت بۆ ئەوەی تاڕادەيەک ژيانی حزبايەتی و ديموکراسی لەناوخۆی هەموو حزبەکانی پارچەکانی کوردستاندا دابين بکرێت، ئەمەش وادەخوازێت رەوتی پاوانخوازی و خوليای يەک حزبی فەرامۆش بکرێت.
مەرجێکی ديکەی خوڵقاندنی زەمينەی لەبار بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی سەرکەوتنە بەسەر (تێرۆريستانی داعش) دا، کە دەيانەوێ لەگەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکەمان بسرەوێنن و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوورو خۆرئاوای کوردستان لەناوبەرن.
لەبەر ئەوە پێويستە هەموو هێزەکانی کوردستان يەکبخرێن وسوود لە هاريکاریی نێودەوڵەتی وەربگيرێت بۆ بەزاندن و تێکشکاندنی هێزەکانی داعش و پوچکردنەوەی پيلان و ئامانجە شەڕاويەکانيان.
وا باشە(ک. ن. ک) لە کات و بارودۆخێکدا ببەسترێت کە سەرکەوتنی تەواوی بەدەستبهێنێت و نەبێتە شکستی بۆ بزاڤی رزگاريخوایی گەکەکەمان.
هەروا باشترە کە (ک. ن. ک) بە شێوازێکی راست و دروست، دوور لە پەلەپەلی وکاری هەڵەشەو سەرپێیی پێکبێت. بۆيە پێويستە :

هيچ لايەنێک فەرامۆش نەکرێت، کۆميتەيەکی هەميشەیی بۆ مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەستنی (ک ن ک) پێکبێت و ئەم کۆميتەيە پرۆژەی باسەکان و بڕيارە چاوەڕوانکراوەکان بۆ لايەنەکان و جەماوەر بڵاوبکاتەوەو بيروڕاو بۆچوونی هەمووان وەربگرێت و ديسان لێکۆڵينەوەيان لەسەر بکاتەوە.

بەکورتی و پوختی ئەمەيە وەڵامی پرسياری سەردێڕی وتارەکەمان، وێڕای هەندێک هۆکاریتر کەرەنگە ئێستاو لێرەدا شايانی گوتن نەبن و، خۆشحاڵيش دەبين کە نووسەران و رۆشنبيران بيروڕای خۆيان لەم کەناڵەو لە کەناڵەکانی ديکەی راگەياندنەوە بخەنە بەرچاوو گفتوگۆی ديموکراسيانەو بابەتيانەی لەسەر بکەن.
بەرەو سەرکەوتن لە بەستنی کۆنگرەيەکی نەتەوەیی کوردستانیی سەرکەوتوو لە بارودۆخێکی گونجاودا. !
jalal. dabagh@gmail. com                   

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles