مەبەست لە پیلامگێڕی 15ی شوبات دەرەنجامەکانی ... جەلال چوارتایی

15 ساڵ دەرباز دەبێت بەسەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی‌دا ، ئەو پیلانگێڕیە شومەی کە بوویە هۆی ڕادەستکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە دەوڵەتی تورک .هەڵبەت لەو پیلانگێڕیەدا زۆر لایەن بەشداریان تێدا کرد چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و چ بە شێوەی شاراوە .

مەبەست لەو پیلانگێڕیە تەنها کەسێک نەبوو بەڵکو لە خودی ئەو تەنها کەسەوە تەواوی میلەتی کورد و شۆڕشە ئازادیخوازیەکەی بە ئامانج گیرابوو .چونکە یەکێک لە کەمایەتی و ناتەواویەکانی بزوتنەوە کوردیەکانی ڕابردوو ئەوە بووە کە هەموو شتێک لە سەرکردەدا کورت دەکرایەوە و هیچ ڕۆڵێک نە بۆ میلەت و نە بۆ شۆڕشگێڕان نەدەمایەوە ، بەو هۆکارەشەوە کاتێک سەرکردەکە دووچاری کوشتن یاخود گیران دەهات ئەوا کۆتایی بە بزوتنەوەکەش دەهێنرا و میلەتیش خەڵتانی خوێن دەکرا ، لەم بارەیەشەوە نموونە زۆرە ، هەر لە دامرکاندنەوەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانەوە تا دەگاتە ئاشبەتاڵەکەی بارزانی .

هەڵبەت ئەم چەند نموونەیەش کافی بوو بۆ ئەوەی هێزە ئیمپریالیستی و دژە گەلیەکان هەمان تێڕوانینیان هەبێت لەسەر ئۆجالان و پ‌ک‌ک و بیر لەوە بکەنەوە کە جارێکی دیکە شۆڕشی کوردان بخنکێنن و کوردانیش دووچاری کۆمەڵکوژی بکەن ، ئەویش لە ڕێگەی پیلانگێڕی شومی 15ی شوباتی ساڵی 1999وە .

دەرەنجامەکانی پیلانگێڕیەکە :-

ئەگەرچی پیلانگێڕیەکە بە دەستبەسەرکردنی بەڕێز ئۆجالان کۆتایی هات ، بەڵام دەتوانین بڵێین کە ئەو دەرەنجامەی لێ نەکەوتەوە کە دوژمنان بەرنامەیان بۆ داڕشتبوو ، چونکە هەم شۆڕش لە جاران بەگوڕتر بوو هەم کوردانیش زیاتر لە دەوری یەکتری کۆبوونەوە ، بۆ یەکەمین جاریش بووە کە کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهان یەکبگرن دژ بە پیلانگێڕی شومی دوژمنان و بە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی جەماوەری تەواوی دوژمنان ئاگادار بکەنەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی شۆڕشگێڕان لاواز بکات .

بە گوڕتربوونی شۆڕش و سەرهەڵدانی جەماوەری دەمانگەیەنێتە زۆر ڕاستی ، ئەو ڕاستیانەش لە لایەکەوە جیاکردنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە پارتەکانی دیکە و لە لایەکی دیکەشەوە جیاوازی نێوان بەڕێز ئۆجالان و تەوواوی سەرکردەکانی دیکەمان بۆ دەردەخات .جاکردنەوەی پ‌ک‌ک لە لایەنەکانی دیکەش ئەگەر لە لایەکەوە پەیوەست بێت بەو ئایدۆلۆژیا پێشکەوتنخوازییەوە کە شۆڕشگێڕانی پێ گوشکراوە ، لە لایەکی دیکەوە پەیوەست بووە بە بڕوا بە جەماوەربوونی لە ڕادەبەدەری پ‌ک‌ک و پشت بەستنیان بە کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی .

جیاوازی بەڕێز ئۆجالانیش لە سەرکردەکانی دیکە هەر لەوەدا کورت ناکرێتەوە کە بەڕێز ئۆجالان تەنها میلەتی بە پشت و پەنا دەزانی و سەرکردەکانی دیکە زیاتر پشتیان بە هێزە دەرەکیەکان دەبەست ، بەڵکو یەکێک لە گەورەترین جیاوازیەکان ئەوە بوو کە ئۆجالان تێکۆشانی بێ وێنەی کرد تاکو گەل بکاتە خاوەن دەسەڵات و هەموو شتەکان لە سەرکردەدا کورت نەکرێتەوە بەڵام بەرپرسی پارتەکانی دیکە زیاتر لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە دەسەڵاتی خودی خۆیان زیاتر بکەن و هاوشێوەی تەواوی دیکتاتۆرەکانی دیکە زیاتر لە هێنانە پێشەوەی کوڕ و کەسە نزیکەکانی خۆیاندا بن بۆ دەسەڵاتداری و تەنانەت لە پێناوی بە دەسەڵات گەیشتندا بەجۆرێک کەوتوونەتە خزمەتی داگیرکەرانەوە کە ئەندامانی داگیرکەرەکەش حەسودییان پێ بردوون .

ئەنجامی ئەو جیاوازیانە بوو کە ئۆجالان لە کونجی زیندانی داگیرکەر قایم کرا و بەرپرسی پارتەکانی دیکەش فەڕشی سووری داگیرکەریان بۆ ڕاخرا ، خۆ ئەگەر بێتو ئۆجالانیش میلەتی بخساتەیەتە خزمەتی خۆیەوە و خۆیشی بخستایەتە خزمەتی داگیرکەرانەوە ئەوا نەک هەر پیلانگێڕی لە دژ ئەنجام نەدەدرا بەڵکو پۆستی دەسەڵاتدارێتیشیان بە دیاری بۆ دێنا .

Related Articles