بۆ سەرکردەکانی کوردمان لەسەر کەرکوک نەهاتنە سەر خەت. . . ؟؟! رەزا شوان

 

 

 

کاتێ کە حیزبە سەرکییەکانی باشووری کوردستان ( لیستی کەرکوکی کوردستانی )یان راگەیاند ، بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسانی ( ٢٠١٤) دا. .  ئەم مژدەیە خۆشی و شادیی خستە دڵی هەموو کوردێکەوە لە هەموو شوێنێکی کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا. .  بە تایبەتیش کورد لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترماندا. .  هەموو کوردستانپەروەرێک  ، گەشی کەوتە روویان و ، هیوای گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان بۆ سەر خاکی کوردستان کەوتە دڵیانەوە. .  هەر ئەم مژدەیە ، سوێ و داخی خستە دڵی هەموو نەیارانی گەلەکەمانەوە. .  بۆیە هەر زوو ناحەزانی گەلەکەمان چ لە عێراق و ، چ لە وڵاتانی ناوچەییدا ، هاتنە سەر خەت و توانیان گوشار بخەنە سەر یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان و ، لەسەر داوای ئەوان. .  لیستەکە هەڵبوەشێننەوە. .  هەموو کوردێکیش دەزانێت کە ئەو  دەوڵەتە چ دەوڵتێکە ، کە لە پشت ئەم پیلانەوەیەوەیە. .  ئەو حیزبە کوردییەمان بۆ بەرژەوەندیی ژێراوژێری خۆی فریوی خوارد. . ؟!  بێگومان هەڵوەشاندنەوەی ئەم لیستە و ، یاریکردن بە چارەنووسی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان ، لە ئەستۆی پەڕلەمان و حکومەت و ، حیزبە سەرەکییەکانی باشووری کوردستان دایە. .  ( پارتی ، یەکێتی ، گۆڕان ، ئیسلامییەکان ، شوعی ، سوسیالیستەکان ، نەتەوەییەکان ) ، ئۆباڵ دەخرێتە ئەستۆی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان. .  چونکە هەموو بێدەنگ بوون و هیچ ناڕەزاییەکی ئەوتۆیان دەرنەبڕی دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی ، لیستی کەرکوکی کوردستانی. .  ؟ یەک یەکتری بە تاوانبار و خەتابار دەزانن. .  میدیا و راگەیاندنەکانیشیان هێندەی تر ئاگرەکەیان گڕتر  کردووە. .  ؟ ئەو دروشمانەی دەربارەی کەرکوک بەرزیان کردبۆوە : ( کەرکوک دڵی کوردستانە ) و ( کەرکوک قودسی کوردستانە ) تەنها موزایدەی حیزبین و قسەی رووتن. .  ئەی ئەوە نییە کەرکوکتان کردووە بە( کەرکوکی گۆڕەپانی ململانێی پارتی و یەکێتی و گۆڕان. .  ؟)

ئێوە لە جیاتی بنیاتنان و بەهێزکردنی ( ناوماڵی کورد ). .  پەرژەوەندی و دەسکەوتی تەسکی حیزبیتان بەلاوە گرنگ بوو ، لە پێناوی دەسەڵات و پایە و کورسیدا ، ماڵی کوردتان بە قوڕ گرت ،  ماڵی کوردتان هەڵوەشاندەوە و ، وێرانتان کرد. .  ێێوە کەرکوکییەکانتان بێ هیوا کرد. .  ئەوتان سەلماند ، کە دەسکەوت و بەرژەوەندیی حیزبیتان ، لە بەرژەوەندی و ، لە چارەنووسی گەلەکەمان بە لاوە گرنگترە. .  هەر یەکەتان خۆی بە حیزبی پێشڕەو  دەزانێت ( حزب القائد ) و ، حیزبەکانی تر بە سەپان دەزانێت. .  ئەوەتە خەڵکی ناوچە ستەملێکراو و داگیرکراوەکانمان بوونەتە قوربانیی فیز و خۆبەزلزانی و نەزانی ئێوەی ناکۆک. .  کەرکوکییەکانن باجی ململانێ و رێنەکەوتن و ناکۆکییەکانتان دەدەنەوە. . ؟ ئێوە لە ئاستی یەکتریدا شێرن و. .  لە رووی ناحەزانی کورد و کوردستانیشدا شدا نەوێرن. .  تاکەی پەند و وانە لە هەڵەکانی رابردوومان. .  لە هۆیەکانی شکستی و لە نەهامەتییەکانمان. .  لە مەرگەساتی هەڵەبجە و ئەنفالمان. .  لە کۆڕەوەکانمان. .  لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانمان. .  لە شەڕی قێزەوەنی براکوژیمان. . .  هتد ، وەرناگرن. . ؟! هەموو ئەمانەتان لە بیرچۆتەوە. . ؟!. .  هیندەی لە هۆڵی بە دەستهێنانی پایە و پلە و کورسیدان. .  نیو هێندە لە خەم و پەرۆشی کەرکوکدا نین. .  شەرەکەتان لەسەر قورخکردنی دەسەڵات و کورسیدایە. .  نەک لە پێناوی گەڕانەوەی شاری کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانمان بۆ باوەشی کوردستان. .  ئێمەی کورد تا ئێستا بەشەڕ نەدۆڕاوین. .  بەڵام هەردەم لە سیاسەت و مناوەراتدا هەڵخەڵەتاوین و دۆڕاوین. .  ئەم هەڵانەتان ، هەڵەی ستراتیژی و چارەنووسازن. .  رەنگدانەوەیەکی زۆر خراپیان لەسەر ئەمڕۆ و ، لەسەر داهاتووی گەلەکەمان دەبێت. .  ئەم تێکەوتن و هەڵانەتان ، خواست و ئامانجەکانی ناحەزانی گەلەکەمان دەهێننە دی.  

بە ڕێنەکەوتنتان و ، بە ( هەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکوکی کوردستانی ) گورزێکی زۆر جەرگبڕتان لە گەلەکەمان دا. .  ئێوە بوونە هۆی بێ هیزی و لێکدابڕانی ریزی گەلەکەمان. .  ئۆباڵی پەرتەوازی و دابەزینی رێژەی دەنگدەرانی کورد ، لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان. .  هۆکارەکەی ئێوەن. .  ئیوەن بوونەتە مایەی پێکەنین و گاڵتەجاڕیی ناحەزانی گەلەکەمان. .  ئیوەن بوونەتە هۆی بەهێزکردنی بەرەی ناحەزانی گەلەکەمان. .  ئەوان ئەمەیان بە هەل زانی ، هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان بەلاوە ناو و. .   بڕیاری یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەک لیستەیی خۆیان راگەیان و ، بە ئاشکرا رکەبەرایەتی کورد دەکەن ، لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکاندا. .  بە هەلیشی دەزانن کە درێژە بە بەعەربکردن و بە شیعەکردنی کەرکوک بدەن. .  لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە سەد و پەنجا ماڵە عەرەب لە باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە کەرکوک و  لە تۆماری سەرژمێریی کەرکوکدا تۆمار کراون. .  بێجگە لەو عەرەبانەی کە قەرەبووی مادەی سەد وچلیان وەرگرت و ، بە کاتی و فێڵ باریان کرد. .  هەموویان گەڕاونەتەوە و ، ناویشیان لە تۆماری دەنگدان هەیە. .  لە لایەکی تریشەوە بزووتنەوەی بە شیعەکردنی کەرکوک زۆر بە خێرایی و بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت و. .  هاوکاریی و پشتگیریی حکومەتی عێراقیشیان لە پشتەوەیە. .  هەموو ئەمانە بە زیانی کورد لە کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان شکاونەتەوە و دەشکێنەوە. .  ئەم پیلانە گڵاوە بۆ گۆڕینی تۆبۆگرافیای کەرکوک و کەمکردنەوەی رێژەی نەتەوەیی  کوردە لەم ناوچە کوردستانییەماندا. .  بەداخەوە تا ئەمڕۆش حیزبە کوردستانییەکان و حکومەتی کوردستان و پەڕلەمانی کوردستان ، لە ئاستی ئەم پیلانانەدا بێدەنگن و قوڕ و قەپیان لێکردووە ، ئەگەر جار و بار قسەشیان کردووبێت  ، بەڵام  بە کردەوە رێگریان لەم سیاسەتەی نەیارانی کورد نەکردووە.  

کورد لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترماندا ، زۆر بێزار و نیگەرانن. .  لە ناکۆکیی نێوان حیزبە کوردستانییەکاندا. .  ئەو گەرم و گوڕییەی کە هەیان بوو. .  بەرەو ساردبوونەوە و کاڵبوونەوە دەچێت. .  پێشبینی ئەوە ناکرێت کە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا کورد زۆرینەی کورسییەکانی پارێزگای کەرکوک بەدەست بهێنێت.  

جارێکیان دکتۆر مەحمود عوسمان گوتی : " کەرکوک ( دڵە. .  مڵە ). .  ( قودسە. .  مودسە ) گرنگ ئەوەیە کە کەرکوکمان لە دەست نەچێت. .  ".  بەڵام گەر ئەمە حاڵی حیزبە کوردییەکان بێت. .  نەک هەر کەرکوک ، هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش لەدەست دەدەن. .  چونکە ئێمە خاوەنی ستراتیژییەتێکی سیاسی و دیبلۆماسییەتێکی یەکگرتووی دارێژراو و تۆکمە نین. .  خاوەنی یەک وتاری سیاسی و ، یەک هەڵوێست نین. .  فرە کوێخا و فرە ئاغاین. .  هەریەکەو بەلای خۆیدا رای دەکێشی.   

ئەو دەستەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی دواخست. .  هەر لەسەر ویست و داخوازیی ئەو دەستە ، کە ( لیستی کەرکوکی کوردستانی ) هەڵوەشایەوە. .  لەو باوەڕەدام کە لە داهاتوودا زۆر شت ئاشکرا دەبێت و ، ئەوەی لە بن بەڕەوەیە دەهێنرێتە سەر بەڕە.  

ئەوەی جێی نیگەرانی و شایانی باس و پرسیارە بۆچی سەرۆکی کوردستان ، سەرۆکی حکومەتی کوردستان ، پەڕلەمانی کوردستان ، سەرۆک و سکرتێری  حیزبەکان ، جەماوەری کوردمان جگە لە کەرکوک لە سێ شارەکانی تری باشووری کوردستان ، لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکوکی کوردستان هیچ هەڵویستێکیان نەنواند. . ؟؟

بۆ تا ئەمڕۆش سەرکردەکانی کوردمان نەهاتوونەتە سەر خەت. .  ؟؟ بۆ پێش ئەوەی کارلە کار بترازێت لە سەر ئاستی باڵادا حیزبە کوردستانییەکان پێکەوە دانەنیشتن. .  تا گرفت و کێشەکانیان ، برایانە چارەسەربکەن و ، نەهێڵن لیستی کەرکوکی کوردستانی هەڵبوەشێتەوە. .  ؟؟ بۆ پێشتر و ئیستاش ، بوونەتە پاڵەوانی شاشەی تەلەفزیۆنەکان. . . ؟! کە چی لە مەڕ ئەم کێشەیەی کەرکوکدا بێدەنگ بوون و. .  ؟ هەر وەکو شتێکی گرنگ نەبێت بە لایانەوە. .  بۆ کەرکوکتان پشتگوێ خستووە ، بۆسەر بەم شارارەدا ناکەن. .  ؟؟ ئەم هەڵویستانەتان دەتان خاتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیار و ، گومان لە دڵسۆزیتان بۆ کەرکوک. .  چونکە بەرژەوەندیی حیزبیتان خستۆتە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەکەمانەوە. .  ئێوە تا ئەمڕۆش لە کەرکوکدا حیزبایەتی دەکەن ، نەک کوردایەتی. .  ئەگەر وانییە بۆ تەمەنی رێکەوتنەکەتان تەنها چەند کاتژمێرێک بوو. . ؟؟  

هەموو کوردێک ئەوە دەزانێت کە ، ناکۆکی و رێنکەوتنی نێوان ئێوەی پارتی و یەکێتی ، لەسەر پایە و دەسەڵات و کورسییە. .  ئێوە گەورەترین زیانتان بە خەڵکی کەرکوک گەیاندووە. .  تەنانەت بەشێکی زۆری ئەندامان و لایەنگرانگرەکانی خۆشتانلێتان رازی نین و ، لەگەڵ ململانێ و هەڵوێستی نادروستیتان نین. .  رووی ئەوەیان نییە لەبەردەم خەڵکیدا چاو هەڵبێنن و ، دەم بکەنەوە.  

 ململانێی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە. .  ئەنجامێکی باشی نابێت و ، هەردووکیانيش تووشی زیان و لە دەستانی بڕوا و متمانەی گەلی کوردمان دەبن. .  وەکو بەسەرهاتی ئەم دوو رێوییەیان بەسەردێت :  چیرۆکی ( دوو رێوی و سەلکێ پەنیر ) :

( دوو رێوی ، سەلکێک پەنیریان دەست دەکەوێت. .  لەسەر بەشی زۆر و بەشی کەم ، رێناکەون. .  مەیموونێک بانگ دەکەن ، کە سەلکە پەنیرەکەیان لێ دابەش بکات. .  مەیموونکە تەرازوویەکی هێنا. .  سەلکە پەنیرەکەی کرد بە دوو کەرتەوە. .  کەرتێکی زۆر و کەرتێکی کەم. .  مەیموونەکە بۆ یەکسان کردنەوەی هەردوو کەرتەکە. .  قەپێکی گەورە لە کەرتە گەورەکە گرت. .  ئینجا ئەم کەرتەیان کێشی سووک بوو. .  قەپێکی گەورەتری لە کەرتەکەی تری گرت. .  ئەمجارە ئەمەیان سووک بوو. .  بەم جۆرە قەپێ لەم کەرت و قەپێک لەو کەرت. .  مەیموونەکە  بە تەواوی سەلکە پەنیرەکەی خوارد. .  ئینجا رووی لە رێوییەکان کرد و پێی گوتن : " دڵنیام بەم بەشکردنەی من رازین. . ؟" )تەنهاش سەرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ رێوییەکە مایەوە.  

پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تری باشووری کوردستان ، پێش ئەوەی شەرمەزاری گەلەکەمان بن ، پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە. .  چارەنووسی گەلەکەمان و خۆشیان لەبەرچاو بگرن. .  کورد وتەنی ئێیەکی تیا ماوە. .  زیان لە نیوەشی بگەڕێتەوە. .  هەر باشە. .  ئەگینا ئێوە بەرپرسی سەرەکی دەبن. .  لە ئەنجامێکی نەخوازراوی داهاتوودا. .  مێژووش و نەوەی داهاتووش لێتان نابوورێت.  

دەتوانن بە زوترین کات ، لەسەر ئاستیێکی سەرکردایەتیی باڵادا ، پێکەوە دابنیشن ، شەرم مەکەن و دان بە هەڵەکانتاندا بنێن و. .  داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان ، بە تایبەتیش لە خەڵکی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانمانی ترمان بکەن. .  چیتر بەرژەوەندی و چارەنووسی گەلەکەمان مەخەنە مەترسیییەوە و ، مەیان کەن بە  قوربانی پەرژەوندی و ململانێی بێ مانای حیزبایەتیتان.  

بەسە ناکۆکی و دووبەرەکی و ، دوو ئیدارەیی و دوو هێزی. .  بەسە یەکتری سووک کردن و شەڕە قسە و تانە و توانج. .  بەسە پاشەقولدانی یەکتری. .  بەسە یاری کردن بە چارەنووسی گەلەکەمان. .  بەسە کەوتنە داوی ناحەزانی گەلەکەمان. .  بەسە. .  بەسە. .   

 

 

 

 

 

Related Articles