چیرۆک بۆ منداڵان .. سەگـێکی دڵسۆز و ..خۆفرۆشێکی ناپاک .. رەزا شوان

لە ساڵی "١٩٨٨"دا ، لە هێڕشەکانی "ئەنفال "ی بەدناودا ، سۆپای دڕندەی عێراق ، بە قورسترین چەکی کوشندە و کاولکەر ، وەکو گورگی هار ، زۆر بێ بەزەییانە ، هێڕشی کردە سەر دێهات و شاروچکەکانی باشووری کوردستان .

خەڵکی بێ تاوان و بێ دەرەتانی ئەم دێیانە ، ئەوانەی توانیان ، هەر بە سەڵتی خۆیان دەربازکرد و ، لە شارەکانی کوردستاندا ، لە ماڵانی خزم و کەس و کاریاندا ، خۆیان شاردەوە ، بەڵام زۆربەیان فریا نەکەوتن ، یا لەو باوەڕەدا نەبوون ، ئەوەی بەسەریان هات بەسەریان بهێنن ..بە هەزاران خەڵکی ئەم دێیانەی کوردستان ، لەلایەن سوپای رەگەزپەرستی عێراقەوە ، گیران و بردیانیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و ، لەوێدا هەر بە زیندوویی هەموویانیان زیندەبەچاڵ کردن ..کە ژمارەیەکی زۆریان ، منداڵ و گەنج و ژن و پیر بوون ..بە شۆفڵیش هەموو خانووەکان و قوتابخانەکانی دێیەکان و شاروچکەکانی کوردستانیان لەگەڵ زەویدا تەخت کرد .

سوپای عێراق شارەزای بەشێکی زۆری دێهاتەکانی کوردستان نەبوون و ، نەیاندەزانی کە کەوتوونەتە کوێوە ..بەڵام چەند جاشێکی بەکرێگیراو و خۆفرۆشی کورد ، ببون بە چاوساغیان و ، پێش هێزەکانی عێراق دەکەوتن و ، دەیان بردنە سەر دێیەکان .

یەکێک لەو جاشە خۆفرۆشانە ، رۆژێک پێش هێزێکی سوپای عێراق کەوت و ، بردیانییە سەر دێیەک لە ناوچەی کەرکوکدا ، کە ماڵی کوڕە مامێکی خۆی لەم دێیەدا بوو ، بەڵام رۆژێ پێش ئەو رۆژە ، خەڵکی دێیەکە هەواڵی ئەم هێڕشەیان بۆ سەر دێیەکەیان زانیبوو ، لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا هەموو خەڵکی دێیەکە ، بە سەڵتی خۆیانیان دەربازکرد و ، روویان لە بەرزاییە سەختەکانی ناوچەکە کرد و ، خۆیان شاردەوە ..ئەم جاشە خۆفرۆشە ، چەندین شەو و رۆژ لەم دێیەدا لە ماڵی ئامۆزاکەیەدا ماوەتەوە و ، وەکو میوانێکی خۆیی خزمەتیان کردووە و رێزیان لێ گرتووە ، کەچی بەر لە هەموو خانووەکانی دێیەکە ، پێشی دەستەیەک سەرباز و شۆفڵێک کەوت و بردیانی بۆ سەر خانووی ئامۆزاکەی و ، داوای لێکردن بەر لە هەموو خانووەکان ، ئەم خانووەی ئامۆزاکەی بڕوخێنن ..! ماڵی ئامۆزاکەی سەگێکی بازەی گەورە و ئازایان هەبوو ..کە شۆفڵەکە لە خانووەکە نزیک بووەوە ..سەگەکە چووە پێش شۆفڵەکەوە و دەستی بە وەڕین کرد و ، خەريک بوو پەلاماری شۆفێری شۆفڵەکە بدات ..خۆ ئەگەر ئەم سەگە بیتوانیایە قسە بکات ، پێیانی دەوت : مەگەر بەسەر لاشەکەمدا بڕۆن و ئەم خانووە بڕوخێنن ..جاشە خۆفرۆشەکە ، بە هەموو هێزێکییەوە بە قۆناغی تفەنگەکەی کێشای بە پشتی سەگەکەدا و ، ئازارێکی زۆری پێ گەیاند ..سەگە بازەش نەیکردە نامەردی و ، پەلاماری جاشەکەی دا و ، خستییە سەر زەوی و ، بە قەپ دەموچاوی هەلاهەلا کرد و خوێن فیچقەی کرد ..کە جاشەکە راستەوەبوو ، لوولەی تفەنگەکەی لە سەگە بازە کرد و ، ویستی تەقەی لێ بکات و بیکوژێ ..لەولاوە ئەفسەرێکی دوو ئەستێرە ، کە چاوی لەم دیمەنە بوو ، هاواری لە جاشەکە کرد : " تەقەی لێ نەکەیت ، ئەو سەگە بکوژيت ، منیش لێرەدا دەتۆپێنم ..ئەو سەگە زۆر لە تۆ دڵسۆزتر و بە ئەمەکترە ..نانی ئەم ماڵەی خواردووە ، خۆی بە یەکێک لەم ماڵە دەزانێ ، ئامادەیە کە لە پێناوی ئەم خانووەدا ، گیانی خۆی بەخت بکات ..بەڵام تۆ سپڵەیت ، بەر لە هەموو خانووەکان ، ئێمەت هێنایە سەر خانووی ئامۆزاکەت تا بیڕووخێنین " ..جاشەکە لە ترسی هەڕەشەکەی ئەم ئەفسەرە ، نەیوێرا سەگەکە بکوژێت ، سەری شۆڕکرد و گەڕایە دواوە ..هەر ئەم ئەفسەرە ، فەرمانی بە شۆفێری شۆفڵەکە کرد ، کە بگەڕێتە دواوە و ، وتیشی : " لەبەر دڵسۆزی و ئازایەتی ئەم سەگە ، ئەم خانووە ناڕووخێنین " ..جاشەکەش تەنها سەرشۆڕی و رووڕەشی بۆ مایەوە .

"*"کوردیلە چاوگەشەکانی کوردستان : ئەم چیرۆکە رووداوێکی راستییە و ، بۆم داڕشتوون ..تا ئەمڕۆش ئەو جاشە خۆفرۆشە ، بە سەرشۆڕی و بە چاوشۆڕي دەژی و ..شوێنی قەپەکانی سەگە بازەش بە زەقی بە ناوچەوانییەوە دیارە ..خەڵکیش بە چاوێکی سووکەوە لێی دەڕوانن و ، بە نەفرەتی دەکەن ..چونکە گەورەترین تاوان ، ناپاکییە دەرهەق بە کوردستان .

نەرویـج : ٣/ ٢/ ٢٠١٤ 

Related Articles