جوانترین شاژنی فیرعەونییەکان ـ نەفەرتیتی ـ کورد بوو ... رەزا شوان

 

 

 

لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ ، میسر گرنگترین وڵاتانی عەرەب بووە ، کە پەیوەندییەکی دێرین و بەهێز و باشی لەگەڵ گەلی کورد دا هەبووە. . ئەم پەیوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ( ٣٥٠٠ ) سال پێش ئێستا. . کە لە نێوان کورد و فیرعەونییەکاندا ، پەیوەندییەکی دۆستایەتی و ئابووری و سیاسی و ئایینی و هاوسێتی و ژنخوازی هەبووە.
تا ئەمڕۆش لە باکوورەوە ، تا باشووری وڵاتی میسر ، چەندین گوند و شاروچکە و گەڕەک و ناوچە هەن ، کە بە ناوە رەسەنە کوردییەکانیانەوە ناودەبرێن ، خەڵکی ئەم گوند و ناوچانە ، خۆیان بە کورد دەزانن و شانازی بە کوردبوونیانەوە دەکەن. . لە شێوە و رووخسار و رەنگ و بۆدا ، لە هەڵسوکەوت و رەفتار و رەوشت بەرزیدا ، لە سەدا سەد سیمای رەسەنی کوردییان پێوە دیارە و کاڵنەبوونەتەوە. . چەندین بنەماڵە و خێزانی ناسراو و بەناوبانگیان هەیە. . بە دەیان کەڵەنووسەر و شاعیری گەورە و بیرمەندی بلیمەت و هونەرمەندی ناسراو و پیاوان و ژنانی ناوداریان لێ هەڵکەوتووە ، کە لە هەموو بوارەکاندا شوێن پەنجەیان دیارە ، لە کۆن و لە ئەمڕۆشدا خزمەتێکی مەزنیان بە کولتوور و شارستانییەتی میسر بەخشیوە. . بێگومان بەبێ ئاماژەکردن بۆ رۆڵی کورد ، مێژووی میسر بە نەتەواو دەزانرێت. . چونکە لە ( نەفەرتیتی ) یەوە بۆ سەلاحەدینی ئەیوبی و محەمەد عەلی پاشا و ، تا دەگاتە کەسایەتییە ناودارە کوردەکانی ئەمڕۆی میسر ، لە هەموو بوارەکاندا ، چەندین لاپەڕەی زێڕینیان لە مێژووی میسردا تۆمار کردووە. . ئەوە مەحاڵە کە نکووڵی لەم راستییە بکرێت و کورد لەیاد بکرێت.
لە ساڵی رابردوودا ( ٢٠١٣) ، لە هەولێری پایتەختی کوردستاندا ، کە پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی میسر لە هەولێر ( سلێمان عوسمان ) کرا. . بەڕێزیان ئاماژەی بە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی میسری کرد و. . گوتیشی : " چوار ملیۆن لە هاوڵاتییەکانمان لە میسردا ، بە رەچەڵەک کوردن. . لە هەموو بوارەکاندا شارەزاییەکی باشیان هەیە. . "
سەرەتای دۆستایەتی نێوان گەلی کورد و گەلی میسری ، دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان میتانییەکان ( حۆرییەکان ) کە باپیرانی کوردن ، لەگەڵ فیرعەونییەکاندا. . ئەم پەیوەندییانەش لەسەر بنەماکانی ئاشتی و رێزگرتن لە شکۆداری یەکتری و ، لەڕێی تێکەڵاوی و ژنخوازییەوە بووە. . پەیوەندییەکان تا دەهات بە هێزتر دەبوون.
میتانییەکان لە سەدەی شانزەمینی پێش زایینیدا ، لە دەوروبەری ( ١٥٠٠ پ. ز) دا ، دەوڵەتی ( میتانی ) یان دروست کرد ، کە پایتەختەکەی شاری ( واشوکانی ) بوو ، کە دەکەوتە سەر ( رووباری فیشخابوور ). . زۆربەی خاکی کوردستان لەژیر سایەی ئەم دەوڵەتەدا بوو. . بە ناوبانگترین و بەهێزترین شای دەوڵەتی میتانیش ، شا ( توشرتا ـ تا ١٣٩٠ پ. ز ) بوو. . میسرییە کۆنەکان ، میتانییەکانیان بە ( نەهاریین ) ناودەبرد.
لە سەردەمی فەرمانڕەوای میسر ( تەحتمس ی یەکەمدا ) لەشکرێکی میسری هێڕشی کردە سەر وڵاتی میتانی. . بەڵام کوردان بەرگرییان لە وڵاتەکەیان کرد و. . بە زوویی لەشکرەکەی میسریان شکاند و، لە وڵاتەکەیاندا دەریان کردن و. . سەربەخۆیی و دەسەڵات و خۆبەڕێوەبردنی خۆیان راگەیاند. . لە کۆتایی سەدەی سیانزەمینی پێش زاینییشدا. . رێکەوتنامەیەکی ئاشتی و دۆستایەتی لە نێوان دەوڵەتی میتانی و دەوڵەتی میسردا مۆرکرا. . لەو کاتەوە هەردولا ، رێزیان لە دەسەڵات و لە شکۆداری و لە سەروەریی یەکتری گرت و ، بوون بە دوو دەوڵەتی دۆست و دراوسێ.

شای میتانی ( تۆشرتا ) پەیوەندی و دۆستایەتییەکی زۆر باشی لەگەڵ شاکانی میسردا هەبوو. . لە نێوان تۆشرتا و شاکانی میسر ( ئەمنحۆتیپ ی سێیەم ـ ١٣٧٥ پ. ز ) و ( ئەمنحۆتیپ ی چوارەم ـ ١٣٥٨ پ. ز ) دا. . چەندین نامە و وەڵامیان بۆ یەکتری ناردووە. . کە بە رێز و بە دڵسۆزی و ، بە تاج و بە شکۆداریی یەکتریدا هەڵییان داوە. . پەیوەندییەکانیان لەم سنوورەش زیاتر پەڕییەوە. . ژنخوازیش کەوتە نێوانیانەوە و ، بوون بە زاوا و خەزوورانی یەکتری. . ژنخوازیی سیاسیش ، لەو سەردەمەدا ئاسایی بووە و ، بۆتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ و ناکۆکی و ، بۆتە مایەی بەرقەرابوونی ئاشتی و ، بەهێزکردنی دۆستایەتی و هاوسێتی لە نێوان گەلان و وڵاتاندا.
ژنخوازیی سیاسی ، لە نێوان دەوڵەتی ( میدیا ) ی کوردی و ، دەوڵەتی ( بابلی ) یشدا هەبوو. . ئەوەبوو کچە شازادەی دەوڵەتی میدیا ( نۆمیت) ، درا بە کوڕەشای بابلی. . شای بابلی لە پێناوی دڵخۆشی و خۆشنوود ی و دڵنەگوشینی شاژنەکەی ( نۆمیت ) دا بوو. . کە ( باخچە هەڵواسراوەکان ) ی لە شاری ( بابل ) دا دروست کرد. . کە بە یەکێک لە حەوت شتە سەیروسەمەرەکانی دنیای کۆن ناسراوە.
شا ( تۆشرتا )ی میتانی ، خوشکێکی دا بە شای میسر ( ئەمنحۆتیپ ی سێیەم ) ، کچەکەشی کە ( نەفەرتیتی ) بوو ، دای بە شای میسر ( ئەمنحۆتیپ ی چوارەم ) کە دواتر بە ( ئەخناتوون )ی بەناوبانگ نادودەبرا.
بەر لە هاتنی ئایینی زەردەشتی ، میتانییەکان تەنها خوایەکیان دەناسی و دەپەرست ، ئەویش ئەستێرەی خۆر بوو. . لە رووی لۆژیکییەوە ، میتانییەکان لە بڕوا و باوەڕ و ئاییندا ، لە گەلانی دەوروبەریان پێشکەوتووتر بوون. . چونکە خۆر سەرچاوەی ژیان و ژیانەوەیە ، هۆی شینبوونی رووەک و گەشەکردنە ، وزە و گەرمی و رووناکی و باران بە مرۆڤ دەبەخشێت ، هەرچوار وەرزەکانی ساڵ دێنێتە کایەوە ، شەو و رۆژی بە دوادا دێت. . بەڵام زۆربەی گەلان بتیان دەپەرست و قوربانیان پێشکەش دەکردن.
باوەڕ و ئاینی میتانییەکان پەڕییەوە بۆ وڵاتی ميسریش ، بە تایبەتیش لە رێی کۆششی شاژن نەفەرتیتیدا. . میتانییەکان ، لە سەرەتای سەدەی شانزەمیندا بوو کە ، باوەڕیان بە ئایینی زەردەشتی هێنا.
دەوڵەتی میتانی کوردی ، لە سەردەمی شای ئاشوورییەکاندا ( ئاشوور ناسرباڵ ) ، لە ساڵی ( ١٣٣٥ ) پێش زایینیدا کۆتایی پێهات.
نەفەرتیتی کێیە. . ؟
شازادەی مەزن نەفەرتیتی کچی شای بە ناوبانگی میتانی ( تۆشرتا ) یە. . زۆربەی ئەو مێژوونووس و ڕەچەڵەکناسانەی ، کە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیان دەربارەی ژیاننامەی نەفەرتیتی ئەنجامداوە. . گەیشتوونەتە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی ، کە شاژنی میسر نەفەرتیتی ، بە رەسەن کوردە و لە کوردستاندا لەدایک بووە و گەورەبووە. . یەکێک بوو لە جوانترین کچە شازادەکانی میتانییەکان. . مێژوونووسان بە زۆریش لەگەڵ رایەدان ، کە ناوە کوردییەکەی شاژن نەفەرتیتی ( تـادوخیبا ) یا ( نـافـتیتا ) یە. . ناوی ( نەفەرتیتی ) ش ، هەر لە ناوە کوردییەکەیەوە وەرگیراوە.
مانای وشەی ( نەفەرتیتی ) لە زمانی ( هێرۆگلێفی ) دا ، بە واتە ( جـوانەکە هـات ) یا ( شۆخەکە دەرکەوت ). . نەفەر تیتی لە تەمەنی پانگزە ساڵیدا بوو ، کە درایە شای میسر ئەمنحۆتیپ ی چوارەم ( ئەخناتوون ی هەژدەم ) ، تەمەنی ئەخناتوونیش چواردە ساڵان بوو. . ( ئەخناتوون ی هەژدەمین : ١٣٦٩ ـ تا ـ ١٣٥٣ پ. ز ) فیرعەونی میسر بووە. . سەردەمەکەی بە سەردەمێکی زێڕینی فیرعەونییەکان هەژماردەکرێت. . نهێنیی ئەم دەسەڵات بەهێزی و پێشکەوتن و ناوبانگ دەرکردنەشی ، دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزیی و هاوکاری کردنی شاژنی مەزن و بلیمەت نەفەرتیتی ی هاوسەری. . ئەوە راستە کە دەڵێن : ( لەپشت هەر پیاوێکی مەزنەوە. . ئافرەتێکی مەزن هەیە. . )
نەفەرتیتی خەسووی شای بەناوبانگ ( توت ئانخ ئاموون ) یش بوو.
نەفەرتیتی و ئەخناتوون ، لەو کاتەوە کە بوون بە هاوسەری یەکتری ، زۆر بەسۆز و دڵسۆز بوون بۆ یەکتری و ، زۆریش یەکترییان خۆش دەویست. . بە هاوبەشیش هەموو کارووبارێکی وڵاتەکەیان بەڕێوە دەبرد ، تەنانەت نەفەرتیتی لە بواری سوپا و لەشکرسازیشدا سەرکردەیەکی سەربازیی زۆر دلێر و بوێر و کەڵەمێرد و دوور ئەندێش بوو. . ئەخناتوون بەبێ راوێژکردن بە نەفەرتیتی ، هیچ بڕیارێکی نەدەدا. . دەشڵێن کە نەفەرتیتی پایەی فیرعەونی هەبووە و ، بە یەکێک لە فیرعەونەکانی میسر دەزانرێت.
شاژن نەفەرتیتی کە ( ٣٣٠٠ ) بەر لە ئێستا ژیاوە. . بە جوانترین و ناسکترین شاژنی فیرعەونییەکان و ، جوانترین و بەهێزترین و بەناوبانگترین شاژنی جیهانیش ناسراوە. . جوانی و شۆخ و شەنگی نەفەرتیتی ئەفسانەیی و بێ وێنە و ، لە رادەبەدەر بووە. . تا ئەو رادەیەی کە میسرییەکان بە ( خـوای جـوانی ) یان دەزانی. . زۆر خۆشەویست و رێزدار و پيرۆز بوو بەلایانەوە. . بە سومبلی جوانی و بە هێمای خواپەرستی و بەهێزی و بلیمەتییان دەزانی. . نەفەرتیتی هەمیشە کراسێکی تەنک و ناسک و درێژی لەبەر دەکرد و تاجی شاهانەی لەسەر دەکرد و لە بۆنەکاندا داری شاهانەی ( سەولەجان ) ی بەدەستەوە دەگرت و هەمیشە خۆی دەڕازاندەوە. . ئەو بەبێ ئارایشکردن زۆر جوان بوو. . بەڵام ئارایشی دەکرد و چاوەکانی دەڕشتن. . دوو هێندەی تر جوانتر دەبوو.
نەفەرتیتی زوریش حەزی لە هەڵپەڕکی و سەماکردن بوو. . رۆژانە مەشقی هەڵپەڕکێ و سەماکردنی بە کچەکانی ناو کۆشک دەکرد. . رەنگە ئەمە نهێنیی لەشسووکی و رێک و پێکیی بەژن و باڵای بووبێت. . دەشێ لە کاتی کچێنیدا ، لە کوردستاندا ئەم ئارەزوو و خولیایەی هەبووبێت. . دواتریش بووە بە بەشێک لە ژیانی.
لە باسی جوانیی رووخسار و لەشولاری نەفەرتیتی دا وتراوە : جوانترین ئافرەت بوو ، بەژن و باڵای زۆر رێک و جوان بوو. . زۆر خوێن گەرم و رووخسار شیرین بوو. . دەموچاوی وەک مانگ دەدرەوشایەوە. . ئەبرۆکانی کەوانی و ڕەش بوون. . گۆناکانی خڕ و سوور و سپی بوون. . لێوەکانی قەیتانی و بەخەندە بوون. . ملی درێژ و گەردن قاز بوو. . لووتی ناسک و باریک و رێک بوو. . چەناگەی خڕ بوو. . چاوەکانی رەش و گەش بوون. . . هتد. . بە کورتی نەفەرتیتی ، توحفەیەکی بێ وێنەی جوانی بوو.
جوانی نەفەرتیتی بوو بە ئیلهامی دروست کردنی بە دەیان پەیکەر و تابلۆ و نەقش و نیگاری هەڵکۆڵراوی سەر بەردەکانی دیوارەکان و دەروازەکانی پەرستگاکان. . جوانییەکەی بوو بە هەوێنی شاکارترین پەیکەر و وێنەی کێشراو. . کە بەشێکیان تا ئەمڕۆش ماونەتەوە و. . بوونەتە مایەی شانازی و رێز و. . بە سەرچاوەیەکی بێ مایەی ئابووری بۆ میسر.
مێژوونووسان و زانا بە ناوبانگەکانی شوێنەوارناسی ، ئەوە دەسەلمێنن ، کە شاژن نەفەرتیتی شۆڕشێکی رۆشنبیری و ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاوەدانیی لە میسردا بەرپاکرد. . خزمەتێکی زۆری بە وڵاتی میسر بەخشی. . سەردەمەکەکەی بە وەرچەرخانێکی شارستانی و مێژوویی گرنگی میسر دادەنرێت.
نەفەرتیتی بە فەرمی ئاینە تازەکەی راگەیاند بە ناوی( خوای ئاتوون )ەوە ، واتا خوای خۆر کە هێماکەی بریتی بوو لە خۆرێکی خڕی تیشکدار. . نەفەرتیتی باوەڕی بە ئایینی یەکتاپەرستی هەبوو. . میسرییەکان تا ئەو کاتە چەند بتێکێکی جیاوازیان دەپەرست لەسەرووی هەموویانەوە ( خوای ئاموون ). . زۆر بە زوویی ئەم تازەیە ئایینە بوو بە ئایینی زۆربەی میسرییەکان. . نەفەرتیتی و ئەخناتوونی هەژدەمینی هاوسەری ، بە دوو خواپەرستی مەزن و ، بە دوو رابەری پیرۆزی ئەم ئایینە ناسران. . لە چەندین نەقش و نیگاری سەر دەروازە و دیواری پەرستگاکاندا وێنەی نەفەرتیتی و ئەخناتوون و ئاتوون کێشراون. . ناوبانگێکی تازەشیان لە شاژن نەفەرتیتی نا : ( نەفـەر نەفـەر ئاتـوون نەفـەرتیتی ) واتە ( خۆر هەڵهات و جوانەکەش هات ). . ئەخناتوون لە زۆر شوێنی میسردا پەرستگای بۆ ئایینە تازەکەیان دروست کرد. . پەرستگایەکی مەزنیشی بەناوی ( پەرستگای نەفەرتیتی ) یەوە دروستکرد. . لە دوای راگەیاندن و بە فەرمی کردنی ئەم ئایینە. . لە ساڵی ( ١٣٤٠) پێش زایینیدا ، پایتەختێکی تازەیان بۆ فەرمانڕەواییەکەیان دروست کرد. . بە ناوی شاری ( ئەخیـاتوون ) واتە ( شـاری ئاسـۆی روونـةاکی ). . یا ( شاری ئاسۆی ئاتوون ) پایتەختەکەیان لە شاری ( تیبە) ەوە ، گواستەوە بۆ ( ئاسۆی ئەئاتوون ). . زیاتريش لە پەنجا هەزار خەڵکی دوای نەفەرتیتی کەوتن و. . ماڵەکانیان گواستەوە بۆ ئەم پایتەختە تازەیە. . شوێنی ئەم پایتەختەش ئێستا بە (تەل ئەلعەمارنە ) ناودەبرێت. . تا ئێستا لە شوێنەواری ئەم شارەدا بە دەیان گۆر و پەیکەر و کەرستە و پاشماوەی دێرین و خانوبەرە و لاشەی مۆمیاکراویان لێ دۆزیوەتەوە.
نەفەرتیتی دەسەڵاتێکی رەهای هەبوو ، بنکەیەکی ئایینی و جەماوەریی فراوانی هەبوو. . چەند نازناوێکیان لێ نابوو وەک : ( شاژنە جوانەکە ) ،( شاژنە مەزنەکە) ،( شاژنە خواپەرستەکە ) ، ( شاژنە بەهێزەکە). . ئەخناتوونی هاوسەری ، بە چەند رستەیەکی ناسک ، گوزارشت لە خۆشەویستی و رێز و دڵسۆزیی خۆی بۆ نەفەرتیتی دەکات و ، نزای بۆ دەکات و دەڵێت : " دڵـم پـڕ لە خۆشـەویستییە بۆ شاژن و بۆ منـداڵەکانی. . ئەی ( ئاتـوون ) تەمەندرێژی بە شاژن نەفـەرتیتی ببەخشە. . "
نەفەرتیتیش نزا بۆ هاوسەرەکەی دەکات و دەڵێت : " ئەی ئاتوون ، بە گەورەی زەوی ئەخناتوون ( خۆشەویستی ئاتوون ) کە خۆشتی دەوێت ، ژیان و راستیی پێ ببەخشە "
نەفەرتیتی ( شەش کچ ) ی لە ( ئەخناتـوون ) بوو.
نەفەرتیتی و ئەخناتوون ، زۆر بە خۆشی و شادی و تەبایی دەژیان و هيچ کێشەیەکیان نەبوو. . تا ئەو کاتەی کە شاژنی خەسووی نەفەرتییتی ( تــی ئـی ) دێت و سەردانی شاری (ئەخـیاتوون ـ تـەل ئەلعـەمارنە) دەکات. . ئەو کاتە دوانگزە ساڵ بەسەر فەرمانڕەوایی ( ئەخناتوون ) دا تئپەڕی بوو. . خەسووکەی ناکۆکی دەخاتە نێوان نەفەرتیتی و ئەخناتوونەوە و ژیانیان لێ تاڵ دەکات و ، دەست لە کاروباریان وەردەدات. . ئەو هێشتا بڕوای بە خوای ئاموون هەبوو. . بڕوای بە ئاتوون نەبوو.
نەفەرتیتی دڵسۆز بوو بۆ باوەڕ و ئایینە تازەکەی. . لۆمە و سەرزەنشتی خەسووی کرد کە دەست نەخاتە ژیانیانەوە. . بەڵام بێ سوود. . خەسووەکەی وازی لێ نەهێنان ، تا لەیەکتریی دوورخستنەوە. . ئەخناتوون لە کۆشکەکەیدا مایەوە و ، بەڵام نەفەرتیتی رووی لە شوێنێکی تر کرد و ، ئیتر یەکتریان نەبینییەوە. . هەر لەم کاتەشدا بوو ، کە شەپۆلێکی ( نەخۆشی تاعوون ) میسری گرتەوە و ، خەڵکییەکی زۆری کوشت.
لە هەندی سەرچاوەدا ، وای بۆ دەچن کە نەفەرتیتی لە ساڵی ( ١٣٣٠ پ. ز ) دا ، لە تەمەنی ( ٢٩) بۆ ( ٣٨) ساڵان کۆچی کردووبێت. . لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری ( ئەخیاتوون ـ تەل ئەلعەمارە ) دا نێژرابێت. . بەڵام لە راستیدا تا ئێستا نەزانراوە ، کە کەی نەفەرتیتی مردووە و ، بە چی کۆچی دوایی کردوە و. . لە کوێشدا نێژراوە.
پەیکەرێکی نەفەرتیتی لە بەرلین :
دەستەیەکی شوێنەوارناسی ئەڵمانی ، بە سەرۆکایەتی زانای پسپۆری شوێنەوارناس و شارەزا لە پاشماوە دێرینەکانی میسر ( لۆدڤیک بوردشاردت ) لە ( دۆڵی شاهان ) لە ناوچەی ( تەل ئەلعەعەمارە ) دا ، دوای هەڵکۆڵین ، لە شوێنکاری پەیکەرتاشی ناسراوی فیرعەونییەکان ( تەحتمس) دا ، لە بەرواری ( ٦ / دێسەمبەری / ١٩١٢ ) دا پەیکەرێکی تا نیوەقەدی شاژن نەفەرتیتی یان دۆزییەوە. . کە ساغە و نەڕووشاوە. ئەم پەیکەرە لە بەردی جیری دروستکراوە و بە گەچاو بۆیە کراوە و ، بە ( قسڵ ) یش جوانکاری بۆ کراوە. . ئەم پەیکەرە یەکێکە لە شاکارە هونەرییەکانی فیرعەونییەکان و ، یەکێکە لە جوانترین پارچە هۆنەرییە بەجێماوەکانی سەردەمی کۆن.
مێژووی ئەم پەیکەرە دەگەڕێتەوە بۆ (٣٣٠٠) ساڵ پێش ئێستا کە لە ساڵی ( ١٣٤٥) ی پێش زایینیدا ، پەیکەرتاشی فیرعەونییەکان ( تەحتمس ) درووستی کردووە.
درێژیی پەیکەرەکەی نەفەرتیتی ( ٤٧) سەنتیمەترە و کێشی ( ٢٠) کیلۆگرامە. . چاوی چەپی نەماوە. . دەشی کەوتبێت یا نەدۆزرابێتەوە. . پەیکەرەکە رەنگاورەنگە. . رەنگەکانیش تێکەڵەن و ، لە هاڕاوەی چەند ماددەیەک گیراونەتەوە و ، پەیکەرەکەیان پێ رەنگ کردووە. . تا ئەمڕۆش ئەو رەنگانە کاڵ نەبوونەتەوە. . جونکاریشیان بۆ چاوەکانی و هەندێ شوێنی تری کردووە.
( لۆدڤیک بورشاردت ) لە یادداشتەکانیدا نووسیوێتی و دەڵێ : " لە پڕێکدا شاکارترین هونەری لەناونەچووی میسری کەوتە بەردەستمان. . مەحاڵە کە باسی بکرێت ، پێویستە ببینرێت ". . لۆدڤیک دەیباتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە زەمالیک لە قاهیرەدا. . لە ساڵی ( ١٩١٣) دا پەیکەرەکەی نەفەرتیتی دەباتەوە بۆ بەرلین ی پایتەختی ئەڵمانیا.
ئەم پەیکەرە ، هێمایەک بۆ جوانترین و بە ناوبانگترین شاژن لە کۆندا. . نەفەرتیتی و جوانییەکەی بە بیر جیهان دەهێنێتەوە و ، بە نەوەی ئەمڕۆی دەناسێنێت.
لە ساڵی ( ١٩٢٣) دا ، بۆ یەکەمین جار پەیکەرەکەی نەفەرتیتی لە مۆزەخانەی شاری بەرلین دا پێشاندرا. . ئێستاش لە مۆزەخانە تازەکەی شاری بەرلین دانراوە. . ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار سەردانی بینینی ئەم پەیکەرە دەکەن. . پەیکەرەکەی نەفەرتیتی بۆتە ( هێمای رۆشنبیرریی بەرلین ). . لە ساڵی ( ١٩٨٩ز ) دا ، وێنەی دەمووچاوی ئەم پەیکەرە ، خرایە سەر کارت و سەر پوولی پۆستە لە ئەڵمانیادا. . لە ساڵی ( ١٩٩٩) دا پارتی سەوزی ئەڵمانی لەسەر پۆستەرەکانی هەڵبژاردن دایان نا.
تا ئەمڕۆش میسر داوای ئەم پەیکەرەی نەفەرتیتی لە ئەڵمانیا دەکاتەوە. . بەڵام ئەڵمانیا دەڵێت بەپێی پرۆتۆکۆڵێکی مۆرکراو لە ( ١٩١٣) دا بووە بە موڵکی ئێمە. . بەڵام میسر دەڵێت کاتی خۆی ( لۆدڤیک بورشاردت ) فێڵی لێکردوون. . لەو کاتەشەوە رێیان بە لۆدڤیک نەدا وە ، کە جارێکی تر پشکنین لە شوێنەوارەکانی میسردا بکات.
لە کاتی ( هیتلەر ) یشدا. . هەوڵی گەڕانەوەی ئەم پەیکەرە بۆ میسر درا. . بەڵام هیتلەر رازی نەبوو کە بۆ میسری بگەڕێنێتەوە. . هیتلەر لە بارەی گرنگی و بەهای مێژوویی ئەم پەیکەرەدا ، گوتی : " شتێکی هونەریی زۆر نایاب و بێ وێنەیە ، گەنجینەیەکی راستییە " بەڵینی ئەوەشی دا ، کە مۆزەخانەیەکی بۆ دروست بکات کە لێی دابنرێت.
لە ساڵی ( ١٩٣٢) دا ، لە لایەن توێژێنەری بەریتانی ( جۆن بەندلبیری ) یەوە ، پەیکەرێکی تری سەری نەفەرتیتی لە میسر دۆزرایەوە ، کە ئێستا لە مۆزەخانەی میسری لە ( قاهیرە ) دا دانراوە ، کە لە کانزای ( کوارتزی سوور ) دروست کرراوە. . بەڵام هیچ نەقشێکی ئەوتۆی لەسەر نییە. . لە روخساردا ، لە پەیکەرەکەی بەرلین کەمتر نییە ، بەڵام ناگاتە بەها و ناوبانگی ئەوەی بەرلین.
ئایا تەرمی مۆمیاکراوی نەفەرتیتی دۆزراوەتە. . ؟
لە سەدەی نۆزدەمیندا ، شوێنەوارناسی فەرەنسی ( ڤیکتۆر لۆریت ) لە ( دۆڵی شاهان ) لە ( تەل ئەلعەمارنە ) دا ، لە سەردابێکی نهێنیدا ، دیوارێکی کردەوە ، لە ژووریێکدا سێ تەرمی مۆمیاکراوی دۆزییەوە. . یەکێکیان پیاوە و ، دوانەکەی تریشیان ئافرەتن. . یەکێک لە ئافرەتەکان لەوی تریان گەنجترە ، مۆمیاکان رووتن. . لە ساڵی ( ١٩٠٧) دا ، وێنەی ئەم سێ مۆمیایە گیران. . لەو کاتەدا بایەخێکی ئەوتۆیان بەم تەرمانە نەدا. . بەڵام زاناکان ئەو گومانەیان لا دروست بوو ، کە یەکێک لەو دوو ژنە مۆمیاکراوانە ، دەشێ شاژن نەفەرتیتی بێت.
لە ساڵی ( ٢٠٠٢) دا ، توێژەری بەناوبانگی بەریتانی ، پسپۆر لە بواری مۆمیادا دکتۆرە ( جوان فلیتشەر ) لە زانکۆی نیۆیۆرک ، بە هۆی ئامێری پشکنین و ، چەند بەڵگەیەک ، زۆر بە دڵنیاییەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ، کە مۆمیای ژنە گەنجەکە ، نەفەرتیتی یە ، ئەوەشی گوت ، کە ئەمە راستییە و هیچ گومانێک هەڵناگرێت.
دکتۆرە جوان فلیتشەر بە خۆشیشەوە گوتی: " ئەمە گرنگترین دۆزینەوەیە لە ژیانمدا " ئەم قسەکردنەشی دوای پشکنین و چەند بەڵگە و نیشانەیەکەیەکی سەر مۆمیاکە کرد.
نیشانەکانیش : قژی تاشرابوو ، چونکە نەریت وابوو کە شاژنەکانی فیرعەونییەکان ، قژی خوازراویان ( باروکە ) یان لەسەر دەکرد. . دوو کونی شوێن گوارە لە گوێی چەپیدا یە. . ئەم گوێ کونکردنەش لە لای شاژنەکان دا باوبووە. . دەستیشی نوقاوە ، لەوانەیە سەولەجانی بە دەستەوە بووبێت. . لەو وێنانەش دەچێ کە لەسەر دیواری پەرستگاکاندا کێشراون. ئەگەرچی ئەم تەرمە مۆمیاکراوە ، ئێسکەکانی سەر سگی شکاون و ، کونێک لە کاسە سەرەکەیدایە. . دەستی چەپیشی لێ بۆتەوە و ، لە نزیک تەرمەکەدا کەوتبوو. . دەشێ دز و جەردە بۆ دۆزینەوەی زێری لەشی گەڕابێتن و ئەوان ئێسکەکانیان شکاندووبێت. . ئەمەش تا ئێستا ، تەنها بۆچوونە.
بەڵام زانای شوێنەوارناسی میسری ، دکتۆر ( زاهی حەواس ) کە وەزیری دەوڵەتی پێشووی میسر بوو ، ئێستاش ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای میسرییە ، بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان. . رەخنە لە دکتۆرە ( جوان فلیتشەر ) دەگرێت و دەڵێت :
" ئەو مۆمیایەی جوان فلیتشەر بە مۆمیای شاژن نەفەرتیتی دەزانێت ، هی ئەو نییە. . بەڵکو مۆمیای کچە شازادەیەکە ، کە تەمەنی لە نێوان ( ١٦ تا ٢٠) ساڵانە. . بەڵام نەفەرتیتی لەم تەمەنە گەورەتر بووە ". . زانایانی میسری ئێستا لە تەرمی ژنە مۆمیاوەکراوەکەی تر دەکۆڵنەوە. . لەوانەیە ئەمیان نەفەرتیتی بێت یا ئەو نەبێت.
مەگەر لە داهاتوودا ، بە هۆی ( پشکنینی ترشەڵۆکی ناوکی ) یەوە ، بدۆزرێتەوە. . دوای ئەوەی کە تەرمی یەکێکی تر لە خێزانی نەفەرتیتی بدۆزرێتەوە.
میسرییەکان بڕوایان بە پشکنینی زاناکانی بێگانە نەماوە و ، ئێستا خۆیان تاقیگەیەکیان بۆ پشکنین و توێژینەوە دروست کردووە. . بۆ ئەوەی پشت بە خۆیان ببەستن و ، هەر خۆیان توێژینەوە لەسەر هەرسێ مۆمیاکە ، یا هەر مۆمیایەکی دوزراوەی تر بکەن.
بێگومان ، لەوانەیە لە پەیکەرێک و دووان زیاتر بۆ نەفەرتیتی دروست کرابێت و ، تا ئێستا نەدۆزرابێتنەوە. . لەوانەیە لە داهاتوودا تەرمی مۆمیاکراوی نەفەرتیتی بدۆزنەوە و ، هەموو گومانەکان بڕەوێننەوە.
هیوادارم خوێنەرانی کوردمان ، سوود لەم بابەتە وەربگرن. . ئەوەی بە لای منەوە گرنگە ئەوەیە ، کە ئەوە بزانن کە نەفەرتیتی ، کچە شازادەیەکی کورد بووە.
رەزا شوان / نەرویج : ١٥/ ١/ ٢٠١٤

 

 

 

Related Articles