چیرۆک بۆ منداڵان .. خونچە و دایکی. . پێکەوە شەهیدبوون .. رەزا شوان

خونچە کچێکی بچکۆلەی جوان و ناسک بوو، خوێنشیرین و رووخۆش و قسەخۆش بوو. . ماڵیان لە شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستاندا بوو، هەر لەم شارەشدا لە دایک بوو.

مامۆستا شێرکۆی باوکی خونچە، پێش ئەوەی ببێت بە پێشمەرگە، مامۆستا بوو لە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە شاری هەڵەبجەدا. . لای رژێمی ئەوسای عێراق ئاشکرابوو، کە پەیوەندیی بە شۆڕشی کوردستانەوە هەیە. . بۆ ئەوەی نەگیرێت و، بەردەستی ئەو رژیمە دڕندە و ستەمکارە نەکەوێت. . پەیوەندیی بە شۆڕشەوە کرد و، بوو بە پیشمەرگەیەکی قارەمان لە ناوچەی هەوراماندا.

دایکی خونچە، نێرگز خان، ئەویش هەر خەڵکی هەڵەبجە بوو. . کە شێرکۆی هاوسەری بوو بەپێشمەرگە، تەمەنی خونچەی کچیان دوو ساڵ و نیو بوو. . نێرگز خان مەکینەیەکی دروومانی کڕی، رۆژ تا ئێوارە جلوبەرگی کوردیی بۆ ژنان و کچانی هەڵەبجە دەدووری. . بژێوی خۆی و خونچە و، پێویستییەکان و جلوبەرگی مامۆستا شێرکۆشی دابین دەکرد.

هەر دوو مانگ جارێکیش، نێرگز خان و خونچەی کچی، بە نهێنی دەچوون بۆ دێیەک لە نزیکی شارووچکەی بیارە لە هەورامان، کە ماڵی مامێکی مامۆستا شێرکۆ لەو دێیەدا بوو. . لەوێدا یەکتریان دەبینی، سێ و چوار رۆژ پێکەوە دەمانەوە. . خونچە بە بینینی باوکی زۆر دەگەشایەوە و دڵخۆش دەبوو. . دواییش مامۆستا شێرکۆ، نێرگز خانی خێزانی و خونچەی کچیان ماچ دەکردن و ماڵئاوایی لێدەکردن و. . دەگەڕایەوە بۆ شوێنی پێشمەرگەکانی ناوچەی هەورامان. . نێرگز خان و خونچەش دەهاتنەوە بۆ هەڵەبجە.

مانگی ئاداری ساڵی (١٩٨٨) بوو. . سێ مانگی مابوو کە تەمەنی خونچە ببێت بە شەش ساڵ. . هەشت رۆژیشی مابوو بۆ جەژنی نەورۆز.

خونچە: دایکە زۆر بیری باوکم دەکەم. . کەی دەچین بۆ لای؟

دایکی: خونچە گیان، هەفتەکەی تر، رۆژی پێش جەژنی نەورۆز، دەچین بۆ لای باوکت.

خونچە بەم بەڵێنەی دایکی زۆر گەشایەوە و دڵخۆشبوو.

خونچە: دایکە، ئەی بۆ جەژنی نەورۆز، جلی کوردیی تازەم بۆ نادووری؟

دایکی: کچی شیرینم، هەر ئەمڕۆ جل بۆ تۆ و بۆ خۆم و بۆ باوکیشت دەکڕم.

دوای نیوەڕۆی ئەو رۆژە، نێرگز خان و خونچە چوون بۆ بازاڕ. . لە پێشا دەستێ جلی رەنگاوڕەنگی بەهاری زۆر جوانی بۆ خونچە کڕی. . ئێنجا دەستێکیش بۆ خۆی. . رانک و چۆغەیەکی دووراو و، جووتێ کڵاشی تازە و، کراسێکیشی بۆ مامۆستا شێرکۆی هاوسەری کڕی.

بۆ رۆژی دواییش، لە پێشا جلەکانی خونچەی دووری، ئێنجا جلەکانی خۆی.

خونچە جلە کوردییە تازەکانی لەبەرکرد و، چووە بەردەمی ئاوێنەکەیان. . زۆر جوان و پڕ بە بەری بوون. . زۆر دڵخۆشبوو. . بە زەردەخەنەیەکیشیرینەوە، چوو سێ و چوار ماچی دایکی کرد.

خونچە: زۆر سوپاس دایکە گیان. . دەستەکانت خۆشبن.
دایکی (ماچی خونچەی کرد و) : کچە جوانەکەم، پیرۆزتبن. . رەنگەکانی لێتدێن. . خۆت و جلەکانت زۆر جوانن. . کە باوکتبەم جلە جوانانەوە بتبینێت. . لە خۆشیدا هەڵدەپەڕێت.

خونچە جلە کوردییەکانی لەبەر داکەنی و کردیانییە ناو عەلاگەیەکی نایلۆنەوە.

خونچە: دایکە، جلەکانم هەڵدەگرم. . کە چوین بۆ لای باوکم لەبەریان دەکەم.

دایکی: باشە کچی شیرینم.

کاتژمێر یانزە و نیوی پێش نیوەڕۆی رۆژی (١٦/ ٣/ ١٩٨٨) بوو. . خونچە چوو عەلاگەی جلە کوردییە تازەکانی هێنا و، گرتی بە باوەشییەوە.

خونچە: دایکە گیان، دەچم بۆ ماڵی نەنکم. . حەزدەکەم جلە کوردییەکانم پێشانی پوورە گوڵاڵە و نەنکمی بدەم.

دایکی: باشە کچی خۆم، بەڵام زوو بێیتەوە.

خونچە بەرەو ماڵی نەنکی کەوتەڕێ. . دوای پێنج خولەک، نەڕەی فڕۆکەی جەنگی دەهات. . چەند گرمەیەکی بەهێز، هەڵەبجەیان لەراندەوە. . لە چەند لایەکەوە دووکەڵی سپی بەری ئاسمانی هەڵەبجەی گرت. . بۆنێکی سەیر دەهات. . وەک بۆنی سیر و سێو وابوو. . بۆنەکە تا دەهات ناخۆشتر دەبوو. . وەک بۆنی ئاوی بۆگەن بوو. . نێرگز خان هەستی بەوە کرد کە گێژ بووە. . هەناسەی تەنگ بوو. . چاوەکانی زۆر دەبرژانەوە و، زەنگوڵ زەنگوڵ فرمێسک بەڕوومەتەکانیدا دەهاتنە خوارەوە. . گوێی لە هاوار و لە قیژەی خەڵکی بوو: ئەی هاوار. . خنکاین. . ئەی هاوار سوتاین. . مردین. . کیمیایە. . کیمیایە. . کیمیابارانیان کردین. . فریامان کەون. . خنکاین. . مردین.

نێرگز خان لەماڵ دەرپەڕی و، بە خێرایی بەرەو ماڵی دایکی رۆیی. . لە تاوی خونچەی کچی ئاگای لە خۆی نەما، لە رێگادا دوو سێ جار کەوت. . زۆر بە زەحمەت هەڵدەستایەوە. . لە نزیکی ماڵی دایکیدا، خونچەی کچی بینی کە شەهید ببوو، جلە کوردییەکانیشی هەر باوەشەوە بوو. . نێرگز خان قیژاندی. . پەلاماری خونچەی داو لە باوەشی کرد. . بەڵام کەوتنە سەر زەوی. . خونچە لە باوەشیدا بوو. . دوای پێنج خولەک نێرگز خانیش شەهید بوو.

خونچە نەگەیشتە ماڵی نەنکی. . پووری و نەنکیشی جلە کوردییە تازەکەیان نەبینی. . جارێکی تر جلە کوردییەکانی لەبەر نەکرد. . خۆشی و دایکیشی لەگەڵ باوکیدا جەژنی نەورۆزیان نەکرد و. . بە یەکتری شاد نەبوونەوە.

هەر لەو رۆژە رەشەدا، بە سەدان کۆرپە و ساوا و منداڵی جوانکیلە وبێ تاوانی کورد، لە شاری هەڵەبجەی شەهیدا، لە باوەشی دایک و باوکیاندا ژەهری کیمیاوی خنکاندنی و، پێکەوە شەهید بوون. . هەر لەو رۆژەدا، مامە (عومـەری خـاوەر) باوەشی لە کۆرپەلە جوانەکەی دا و پێکەوە شەهید بوون. . . هەر لەو رۆژەدا، بە هەزاران چۆلەکە و پەپوولە و کۆتر و ئاژەڵ و مەڕو ماڵاتو هەنگ و مێروولەی بێ زمانیش شەهیدبوون. . خونچە گۆڵەکانی بەهاری ئەو ساڵەیهەڵەبجە نەپشکان و هەڵوەرین. . بەهارزەردهەڵەگەڕا و، خۆی نەڕازاندەوە و. . ماتەمینی خۆی بۆ هەڵەبجەی شەهید راگەیاند.

خونچە. . خونچەی جوان و بێ تاوان. . لەگەڵ نێرگز خانی دایکیدا. . پێكەوە. . شەهیدبوون.

 (*) کوردیلە چاوگەشەکانی کوردستان، دەزانم هەمووتان، کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجە و ئەنفال ی بەدناوتان دەزانن، لە تەلەفزیۆنە کوردییەکاندا، دەیان بیستن و هەندێ لە کارەساتەکانی ئەم دوو تاوانە بە فیلم دەبینن. . بۆ ئەوەی زانیاری زیاترتان دەربارەی هەڵەبجە و ئەنفال هەبێت. . داوا لە دایک و باوک و لە مامۆستا دڵسۆزەکانتان بکەن، کە شتی زیاترتان دەربارەی ئەم تاوانانە و، بە دەیان تاوانی تری دڕندەیی و بێویژدانی داگیرکەرانی کوردستانتان بۆ بگێڕنەوە. . کە گەورەش بوون هەرگیز یادی هەڵەبجە و ئەنفال لە یاد مەکەن. . هەموو ساڵێک، لە هەر شوێنێکدابن. . ئەم یادانە بکەنەوە و. . بە ئەوپەڕی رێزیشەوە سەر بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و بۆ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان بنەوێنن.

نەرویـج: ٣/ ٣/ ٢٠١٤

 

Related Articles