خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ( ٢٠١٤) درایە دوو چالاکوانی بواری منداڵان ... رەزا شوان

رۆژی هەینی (١٠ /١٠ / ٢٠١٤)، لە شاری ( ئۆسڵۆ) ی پایتەختی ( نەرویج )، سەرۆکی لیژنەی بەخشینی خەڵاتی ئاشتی ( سۆربیون یاگلاند) ناوی خەڵاتگرانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ( ٢٠١٤) راگەیاند، خەڵاتەشەش بە نیوەیی درایە، دوو چالاکوانی بواری داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان و و مێردمنداڵان، هەردووکیان لەدژی چەوسانەوەی منداڵان و، رێ نەدان بە کچان کە بچنە قوتابخانە . . تێکۆشاون .

یەکەمین براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ( مالالا یوسفزای ) یە، کە کچە لاوێکی خوێندکاری ( پاکستانی ) یە و، تەمەنی ( ١٧) ساڵە، ئیستا لە شاری ( بەرمەنگەهام ) ە لە( بەریتانیا ) . . لە مانگی سێبتەمبەری ساڵی ( ٢٠١٢) دا، چەکدارانی بزووتنەوەی تالیبان لە پاکستان لە سەر ئەوەی کە ( مالالا ) داوای کرد مافەکا ی کچان نەخۆن و، پێویستە رێیان پێ بدەن بچنە قوتابخانە و بخوێنن و فێربن، گوزارشت لە رای خۆیان بکەن، بە نیازی کوشتن تەقەیان لێکرد و فیشەکێک بەر سەری کەوت بەڵام نەمرد . .

سەرۆکی لیژنەی نۆبڵ ( یاگلاند ) لە بارەی ( مالالا ) وە گوتی : " پێویستە منداڵان بچن بۆ قوتابخانە، ناشبێت بۆ پارە هەڵیان بخەڵەتێنن "

مالالا یوسف زای، کچە چالاکوانێکی تێکۆشەر و چاونەترسی پاکستانییە، بێ جیاوازی داکۆکی لە کچانی جیهان دەکات، کە مافی خوێندنیان هەیە، بە تایبەتیش لو کۆمەڵگا داخرا و دواکەوتووانەی کە رێگرنلەوەی کە کچانیان بچن بۆ قوتابخانە و بخوێنن .
باوکی مالالا، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی ئامادەییە و، کاریگەری لەسەر مالالا هەبووە.

لە مێژووی ( ١١٤) ساڵەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ دا، مالالا یوسفزای تەمەن حەڤدە ساڵان، بچووکترین چالاکوانی براوەی ئەم خەڵاتەیە . . مالالا گوتی : " زۆر شانازییە بۆ من، کە یەکەمین لاوم کە ئەم خەڵاتە وەردەگرم " مالالا خان، خەڵاتەکەشی پێشکەش : ( بە هەموو ئەو منداڵانی بێدەنگن)، مالالا ئەوەشی گوت : " من شانازیش بە ئەوەوە دەکەم، کە یەکەمین کچە پاکستانیم و، یەکەمین ئافرەتی لاوم و، یەکەمین کەسیشم کە لەم تەمەنەدا، ئەم خەڵاتە وەردەگرم " شایانی باسیشە، لە ساڵی ( ١٩٧٩) دا، عەبدولسەلام، کە پاکستانییە، لە بواری فیزیادا، ( خەڵاتی نۆبڵ ) یان پێ بەخشی . . مالالا بوو بە دووەمین پاکستانی، لەوەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ دا . . لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، مالالا داوای لە سەرۆک وەزیرانی هیندستان ( نارندرا مودی) و، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ( نەواز شەریف ) کرد، کە هەردووکیان لە ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتەکە، لە رۆژی (١٠ / ١٢/ ٢٠١٤)دا، لە شاری ( ئۆسڵۆ) ئامادەی ئاهەنگی پێشکەشکردنی خەڵاتەکەیان ببن .
کاتی راگەیاندنی خەڵاتەکە، مالالا وەکو رۆژانی ئاسایی تر، لە قوتابخانە بوو، یەکسەر سەرۆک وەزیرانی پاکستان ( نەواز شەریف ) لە بەیانامەیەکی گشتیدا، کە نووسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاوی کردەوە، نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ مالالا نارد، ئەوەشی تێدا نووسیبووە، کە : " ئەم سەرکەوتنەی مالالا، مایەی شانازییە بۆ پاکستان و بۆ باکستانییەکان . . "
 ( ئەحمەد شای) مامۆستاشی پیرۆزبایی لێکرد و گوتی : " مالالا مایەی شانازییە بۆ هەرێمی خیبەر باختونخوا و بۆ پاکستان " گوتیشی : " مالالا لە دژی ستەمی کۆمەڵ دەنگی هەڵبڕی، کە ئافرەت ناتوانێت گوزارشت لە رای خۆی بکات "

مالالا، لە تەمەنی ( ١١) ساڵاندا، ناسرا و ناوبانگی دەرکرد، ئەو کاتەی کە کەناڵی ( بی بی سی ئۆردو ) سەرکۆن و رەخنەی لە بزووتنەوەی تالیبان کرد، کە رێگرن لەوەی کە کچان بچن بۆ قوتابخانە و بخوێنن و فێربن .
سەرەرای ئەوەی بە سەدان، لەسەر تۆڕی ئەلیکترۆنی ( تویتەر ) و ( فەیسبووک ) دا، بە سەدان هاوڕێ و دۆستی، دەستخۆشی و پیرۆزباییان لێکرد و بە شایانی وەرگرتنی ئەم خەڵات و رێزلێنانەیان زانی . . بەڵام کەسانێکیش هەن کە پێیان وایە چالاکییەکانی مالالا، لە ئاستی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەدا نییە . . کچان و ژنانی لەو چالاکتر هەن .

سەرۆکی پارتی گەلی پاکستانی ئۆپۆزیۆنش، بیلاوال بۆتۆ زاردای گوتی : " مالالا کچی پاکستانە . . باڵیۆزی ئاشتییە . . ئێمە شانازی پێوە دەکەین . . مالالا پاڵەوانێکی نەتەوەییە . . بژی باکستان . . "، سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستانیش، ئاسیف زارداری گوتی :
" مالالا بووکی پاکستانە . . ئەی مالالا تۆ شایانی ئەم نازناوەی "

براوەی دووەمی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پیاوێکی هیندییە ناوی ( کابلاش ساتیارسی ) یە تەمەنی ( ٦٠) ساڵە، ئەندازیاری کارەبایە، وەکو لیژنەکە بەخشینی خەڵاتەکە باسیان کرد، کابلاش ساتیارسی تا ئێستا سەرپەرشتی و پێشڕەوی چەندین خۆپێشاندانی لە دژی چەوسانەوە و کۆیلەکردنی منداڵان کردووە، بەڵام هەموو خۆپێشاندانەکانی بە شێوەیەکی ئاشتییانە بوونە، بەپێی ( باوەڕەکانی گاندی )بوون .
کابلاش، سوپاسی لیژنەی نۆبڵی کرد، بە دانانی بە بارودۆخی ناهەمواری ملیونان منداڵ، کە بەدەم ئازارەوە دەناڵێنن . . کابلاش گوتیشی : " ئەمە سەربەرزییە بۆ هەموو هاوڵاتییانی هیند، درێژە بە خزمەتکردنم دەدەم لە پێناوی خۆشی منداڵاندا "
کابلاش، خەڵاتەکەشی پێشکەش بە منداڵانی قوربانیانی کۆیلە و ژێدەستە کرد . . "
کابلاش ئەوەشی گوت : " ئەمە رێزلێنانە لە هەموو ئەو منداڵانەی کە هێشتا بە دەم کۆیلایەتییەوە . . دەناڵێن "
کابلاش شاتیارسی، دامەزرێنەری ( بزووتنەوەی رزگارکردنی منداڵی ) یە، کە نزیکەی دوو هەزار کۆمەڵە و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، لە (١٤٠) شاردا، تێدا ئەندامن .

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles