ئەناهیتا ... ماهر علی- سوید

پێشەکی پێتان دەڵێم من رەخنەگر نیم، بەڵام ئەو شتەی کە ناوی لێنراوە دراما و بە ناوی ( ئەناهیتا ) ەوە لە کوردستان تی ڤی پەخش دەکرێت، بێ هێزی و لاوازی و نابابەتی وای لێکردم کە شتێکی لەسەر بنووسم.

ئەو شتەی کە پێی دەڵێن دراما و خەتی درامی و نواندن و لۆکەیشن و سینارێۆ و دەرهێنانی هیچی لە دراما نەدەچوو بگرە لە فلیمی دیکۆمێنتاریش نەدەچوو، بەراستی بەهیچ جۆرێک ناچێتە خانەی دراماوە.

١-سیناریۆ و دەرهێنان: سیناریۆ مانای گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان بە وێنە و وێنەکانیش دەبێت ریزبەندی خۆی هەبێت، وەلێ سیناریۆی ئەناهیتا زۆر لاواز وبێ مانا بوو پڕکرابوو لە شتی بێ سەروبەرە و هیچ چیرۆکێک سەرەکی و ناسەرەکی تیادا نەبوو، هەموو سیناریۆیەک دەبێ چەند گرێیەک و حەلەکەشی تیابێت بەس لەمەدا بەدی نەدەکرا، بۆ درێژ کردنەوەی بابەتەکەیان زۆر شتی لاوەکیان هێنابوو.

٢- دەرهێنانەکەشی لەولاوە بوەستێ کە بەس دەرهێنانی تیا نەبوو، کە هەندێ هونەرمەندی زۆر بە تواناشی تێدابوو، بەڵام ئەم دەرهێنەرە بەڕێزە هەموویانی لە قالب دابوو، دیارە ئەو پێی وتوون کە ئەبێ زۆر بەخاوی بدوین و قسان بکەن، جوڵەی لەهەموویان بڕیبوو لەیەک شوێندا دەیاننواند، هونەرمەندەکان ( رێزم هەیە بۆیان) ئەتگووت دەقەکانیان بەرامبەرە و دەیخوێندنەوە و بە قوڕمیش کاردەکەن خاو خاو مرۆڤ لە خاویدا بێزار دەبوو، هەرچەندە هونەرمەندی زۆر بە ئەزموون و باشی تیابوو وەلێ لەقاڵب درابوون و جوڵەیان لێبڕابوو.       ٣- لۆکەیشن : ئەو شوێنانەی کە هەڵیان بژاردبوو لە ستۆدیۆی تەلەفزیونی جارانی کەرکووک دەچوو، هەموویانی لە سوچێکدا کۆکردۆتەوە و یەڵا ئەکشن. هەموو جارێ وینەی ٣ دیوار بەدیار دەکەوت و ٣ ماڵ هەمووشیان لە سوچێکی ماڵەکەدا کۆ دەبوونەوە.

دەرهێنەر و سیناریستەکە واپێدەچێ یەکەم بەرهەمی بێت و لە دواییدا وەکو ئەوانی دی باشتر و باشتر بێت . . چونکە فێربوونی دراما و سیناریۆ کارێکی سانا نییە و دەبێ قاڵبیت تیایاندا، بەتایبەتی سیناریۆ وەلێ ئەم سیناریستە نوێیە زۆر بە سەقەتی دەستی داوەتێ و بۆ نەگبەتی دەرهێنانەکەشی بۆ کردووە.

من دەڵێم ئەم شتە نەک دراما بۆ هونەر نەکراوە بگرە هیچی نوێشی تیانەبوو . . ئاخر چەندان سەردەمی تێکەڵاو کردبوو، چەندان گرفتی هێناوەتە ناو شتەکەوە بەبێ ئەوەی چارەسەری بۆ هیچیان دۆزیبێتەوە. . . کاتێکم زانی لەپڕ بوە راپەڕین هەموویانی لە شاییەکدا کۆکردەوە. .

پێم سەیرە کە هەندێ دراما لە وەزارەتی ناڕۆشنبیری دەدرێتە دواوە کە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان و کەچی ئەمەی کە هیچی پێ نەووتین پارەشی بۆ خەرج دەکرێ، بە خەڵکیش دەڵێن بودجە نییە. وەکو بیستوومە وەزارەتی نارۆشنبیری لیژنەی دەق خوێندنەوەشی هەیە بەس پێم وایە ناوی ئەندامانی لیژنەکە لە تایتڵی وانێکەکە هاتبێ بۆ ئەوەی هەر یەکەو دیاریەکی بچوکی پێ بدرێت تا پارەکەی حەڵاڵ بێت.

بەڕاستی تایتڵەکەی گەلێک جوان و قەشەنگ بوو ناوی زۆری لەخۆ گرتبوو، دەستی وەستاکەی خۆشبێت.

Related Articles