کورد و غەدر ... ماهیر علی - سوید

کورد زۆر ستەم دیدەیە و غەدری زۆر لێکراوە. ئەم چەند وشەیەم چەندان جار گوێ لێبووە و خوێندومەتەوە.

لەو بروایەدام کورد نە ستەمی لێکراوە و نە غەدر، چونکە کورد بۆخۆی ستەمی لە خۆی کردووە و بۆخۆی بۆتە مایەی غەدرکردن لە خۆی.

لە درووستبوونی بوونیاتنان و پەیدابوونی بوونەوەر لەم گۆی زەویە، هەر کۆمەڵێک و هەر تیرەگەلێک توانیویانە سوچێک بۆخۆیان بکەنە موڵگایەک و تیا ئاسودە و پارێزراوبن، سەرەڕای هەموو تەنگوچەڵەمە و ئاستەنگەکانی ژیانی رۆژانە و بەڕێوەبردن و هێرشی دژبەیەک بۆ زیادبوونی دەسەڵات و بەکارهێنان و بەکاربردنی یەکتری بۆ خۆ گەورەکردن و بەردەوامی ژیان.

لەگەڵ بەرفراوان بوونی دەسەڵات و درووست بوونی کۆمەڵگاکاندا، ستەم و غەدریش پەرەی سەندووە و بۆتە مۆرکێک بە ناوچەوانی ئەوانەی کە تاکو هەنوکە بە دیلی ماونەتەوە.

کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی تاکو ئێستا بە ژێردەستی و دیلی ماوەتەوە و هەرواش دەمێنێتەوە!!!!!!!

کورد خۆی زۆر بەکەم دەزانێت و زانیوە و حەزی لە ژێردەستی و دیلیە و ئارەزوومەندانە هەڵیبژاردووە و هیچ هێزێک ناتوانێ وای لێبکات واز لەو دیلییە بهێنێت. لەبەر ئەوە کورد ئەوەتەی هەیە یەک نەبوون و نەیان توانیوە پشت بەیەکدی ببەستن، هەمیشە دژی یەکدی وەستاونەتەوە و پشتی دوژمنیان گرتووە. بۆ لەناوبردنی یەکدیش راوێژیان بە دوژمنانی خۆیان کردووە ئەوانیش پلانی چاک و پتەویان بۆ داناوون .

بۆ سەلماندنی قسەکانیشم ئەو هەوڵانە زۆر دوورنین و ئەگەر سەردەمی میرەکانی کۆنمان لە بیر نەیەت مێژوو بۆی تۆمارکردووین باشترین سەرچاوە شەرەفنامەی میرشەرفخانی بتلیسییە. وە ئەوانەشی ئێستا لە ژیاندا مابن ئەوراستیانە دەبینن و دەیسەلمێنن کە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە . تا نووسینی ئەم بابەتەش دوژمنانی کوردستان لە ناو شاروشارۆچکەکانی کوردستاندا تەراتێن دەکەن بە ئارەزووی دڵی خۆیان.

دوو بەشی کوردستان نیمچە ئازادیەکی هەیە بەڵام هەر وابەستەی حکومەتی ناوەندین!!! وەلێ لەم دوو بەشەدا نەمان توانیوە تواناکانمان یەک بخەین و جێ پێی خۆمان بەهێزبکەین و بەرە و رووی دوژمنەکانمان بوەستینەوە، ، بەڵام ئازاین دژ بەیەک بوەستینەوە و کراس و کەوای یەکدی هەڵبەینەوە و پیشانی دوژمنانی بدەین.

کورد هەموومان یەک دوژمنمان هەیە لە باشوور یان باکوور، رۆژهەڵات یان رۆژئاوا،

قەرەجبین یا دۆم بادینی یان سۆرانی، کەڵهوڕی یا هەورامی یەزیدی یا کاکەیی یارسانی یا موسوڵمان، کورد هەر کوردە لە چاوی مەلا و ئاخوندەکان ئەسەد یا ئەردوگان مالکی یەن هەموو عەرەب.

کە گوێ لەو کاناڵانە دەگریت یان ئەو نووسینانە دەخوێنیتەوە کە لەسەر یەکتری دەیڵێن و دەینووسن بە ناوی دیموکراتییەوە، ، ئاژەڵیش بۆنی پێوە ناکات . هەموو یەکێک لەو کۆمەڵ و حزبانەی لای خۆمان خۆی بەڕاست دەزانێت و ئەوی دی بە خائین و خۆفرۆش، ئەگەر سەرجەمیان کۆبکەیتەوە و بیکەیتە کتێبێک هیچ کام لەو حزبانە ساغ دەرناچن و کتێبێکی شاکاری وەکو شەرەفنامەی لێ دەرئەچێ .

هەرهەموویان کەم تا زۆر دەسکەلای دەستی رژێمە داگیرکارەکانی کوردستانن و هەموویان ناویان چۆتە مێژووەوە کە هۆکاری سەربەخۆ نەبوونی کوردستانن و هەموویان دیلی ژێردەستیان پێ خۆشترە وەک لەوەی ئەو یا ئەمی کورد سەرۆکایەتی بکات.

ئەوەتا ئێستا لە باشوور و رۆژئاوا بەڕوونی دیارە و دەبینرێ، ناتوانن لە ژێر یەک چەتردا کۆ ببنەوە و وڵات بەڕێوە ببەن.

 

Related Articles