دوا سرووتی ڕۆحکێشان بخوێنن !!!!! ماهیر علی- سوید

باشوری کوردستان دوای ئەوەی کەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال و کیمیاباران و بە جینۆسایدکردن، لەلایەن ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی عەرەبی ئیسلامیەوە کوشتارگەلێکی زۆریشی لێکراوە و بە شێوازێکی زۆر دڕندانە دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی، پاکتاوی ڕەگەزی و ئازارێکی زۆری ئەو خەڵکە بێتاوانە دراوە تەنها و تەنها لەبەر کوردبوونیان بووە. ئەو شاڵاوانەی کە کراوەتە سەر کورد لە لایەن کێوە بووە ؟ بێگومان لەلایەن دەسەڵات دارانی عەرەبی ئیسلامیەوە ئەو کوشتارگەلە ئەنجام دراوە (لە ئێراق و سوریا). هەر لە مێژەوە کورد و نەتەوەکانی دی ئەم ناوچەیە کە عەرەب نین کەوتوونەتە بەر ئەم شاڵاوە رەگەز پەرستانەیەی عەرەب و ئیسلام. دەڵێن کورد ئیسلامە ؟ بەڵێ ئیسلامە وەلێ کورد ئیسلامی دەرجە هیچە !!! کاتی خۆی بەناوی ئیسلامەوە دەیان کوشتین بۆ ئەوەی ببینە موسوڵمان، ئەی ئێستا بۆ؟ خۆ ئەوەندەی ئیسلامی عەیارە ٢٤ لە ناو کوردا هەن کە پشتی عەرەبی ئیسلامی و ئەهل والبەیتیان شکاندووە و رووی هەرچی شمشێر بەدەستەکانی ئیسلامی عەرەبیان سپی کردۆتەوە. کەچی ئەوەتا دەیبینین چۆن مالکی ٩ مانگە مووچەی فەرمانبەرانی موسوڵمانی ڕاگرتووە و داعشیان بۆ ناردووین بۆ جارێکی دی بە موسوڵمان کردنمان . . ئەوەتا بە بەر چاوی هەموو ئومەی ئیسلامیەوە کوردیان ئەنفال کردەوە و هەموو ژن و کچ و کوڕەکانیان بردین، تەنها یەک وڵاتی عەرەبیش نەهاتە دەنگ، ، بە بڕوای من عەرەب و ئیسلام هەموویان کۆکن لەسەر لەناوبردنمان و سڕینەوەمان لەسەر ئەم خاکە . مەخابن!! بۆ خۆشمان کە نەمان توانیوە ئەم هەلە بقۆزینەوە و دەنگ و رەنگمان یەکخەین . هەریەکەو لە ئاوازێ دەخوێنێ و فوو بە شمشاڵەکەیدا دەکات. هەر حزبە و بە شکستی ئەوی تر پێدەکەنێ، هەر یەکە و ٣ بۆ ٤ دەزگای میدیای سێبەری وەک ئاشەمەکینە خستۆتەگەڕ بۆ شکاندنی یەکدی . ئەگەر سەرکردایەتی کورد ئاوا بڕوات و ئەم هەلە لە کیس کورد بدات و نەتوانی مامەڵەی درووستی لەگەڵدا بکات، ئەوا دەبێ دوا سرووتی ڕۆحکێشانی هەموو گەلی کورد لەسەر جەستەمان بخوێنین و خۆمان بدەینە دەست قەدەر.

 

٢٦/٨/٢٠١٤      

 

Related Articles