خەڵاتی نۆبڵی 2014 شایستەی کێ‌یە ؟ (نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز مەهاباد قەرەداغی) ... جەلال چوارتایی

دواین هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 7-3-2010دا ئەنجام درا، ئەگەرچی لایەنە شیعەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بە دەست هێنابوو، بەڵام بەهۆ فشاری زۆری سونە توندڕەوەکانی عێراقەوە نە دەگەیشتنە ئەنجام بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئەنجامی ئەو فشارهێنانەش چەندین مانگ کابینەکەی نوری مالکی دواکەوت، فشارهێنانی سونەکانیش هەمووی لەسەر مادەی 140 بوو، چونکە سونەکان نەک هەر نەیاندەویست مادەی 140 جێبەجێ بکرێت بەڵکو دەیانخواست پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکیش بخەنەوە ژێر ڕکێفی عێراقی عەرەبی . هەرچەندە لایەنە شیعەلانیش جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو لەگەڵ سونەکاندا دەربارەی دۆزی کورد، بەڵام بۆ پێکهێنانی حکومەت دەبوو لەگەڵ سونە و کورددا بگەیشتنایەتە ڕێکەوتنێک .

دواکەوتنی حکومەتیش هەمووی لە بەرژەوەندی کورداندا بوو، چونکە ماڵی دوژمن هێندەی نەمابوو بە یەکجاری هەڵوەشێت و کوردانیش بتوانن هەناسەیەکی شادی هەڵمژن ؛ لێ بەڵێ لە بەدبەختی کورداندا مەسعود بارزانی (وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی) کەوتەخۆ بۆ سەریەک خستنەوەی ماڵی دوژمن و تەواوی لایەنە دژە کوردەکانی بانگێشتی هەولێر کرد و لە کورتترین ماوەدا پێکیهێنان بۆ دامەزراندنی حکومەت بە سەرۆکایەتی نوری مالکی .

سەریەک خستنەوەی ماڵی شێواوی دوژمن لە مەسعود بارزانی چاوەڕێ دەکرا، چونکە یەکەم جاری نەبوو کە کردەوەی وەها چەپەڵی ئەنجام دەدا و دەبوویە ڕێنیشاندەری دوژمنان بۆ شێواندنی ماڵی کوردان . کەچی سەرسوڕمان ئەوە بوو کە لە پای ئەو کردەوە قێزەونەدا ڕۆشنبیرێکی وەک "مەهاباد قەرەداغی" لە جیاتی ئەوەی خاوەن هەڵوێست بوویایە و ڕەخنەی لەو کردەوە نانیشتمانییەی مەسعود بارزانی بگرتایە، کەچی ڕێک بە پێچەوانەوە نووکی پێنووسی خستە خزمەتی "کاکە!!"ی سەری ڕەش و دەیگوت (ئەگەر خەڵاتی نۆبڵی 2010 نەدرێت بە کاک مەسعود بارزانی ئەوا ئەو خەڵاتە هیچ بەهایەکی نامێنێت و بەخشێنەرانی خەڵاتەکەش غەدرێکی گەورە دەکەن) .

بەڵام ئێستا کە نزیکەی 6 مانگ دەرباز دەبێت بەسەر هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستاندا و حکومەتیش دانەمەزراوە و هێشتاش نازانرێت چەندی دیکەش ئەم بێ حکومەتییە درێژە دەکێشێت کەچی "کاکە" نەک هەر هەوڵی پێکهێنانی لایەنەکان نادات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵکو لەم پاشاگەردانییەدا مێشیش میوانی نییە .

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە بەڕێز "مەهاباد قەرەداغی" هەڵوێست وەرگرێت لە بەرامبەر مەسعود بارزانیدا و بڵێت :- ئەرێ سەرۆکی هەرێم، وەک بۆ سەریەک خستنەوەی ماڵی شێواوی دوژمن هێندە کارا بوویت، ئەی چی ڕویداوە کە بۆ ئەم پاشاگەردانییەی باشووری کوردستان خاوەنی هیچ کردەوەیەکی جوامێرانە نیت ؟

 

Related Articles