پیلانە شاراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق . . . جەلال چوارتایی

پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق گرێدراوترین لایەنی کوردیە بە داگیرکەرانی کوردستانەوە، ئەم لایەنە تا ئەو کاتەی لە توانایدا بێت ڕاستەوخۆ کەوتۆتە خزمەتی داگیرکەران بۆ تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕان و لەم بوارەدا نموونە هێجگار زۆرە و پێویست بە وردەکاری ناکات .

هەر کاتێکیش لە توانایدا نەبووبێت فەرمانی داگیرکەران بەجێ بگەیەنێت ئەو کات هانای بردۆتە بەر دەزگا بەد کردەوەکەی پاراستن بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و لە خشتەبردنی کۆمەڵگا . پێش ئەوەی بێمە سەر ناوەڕۆکی ئەم بابەتە، خراپ نیە ئەگەر دوو نموونە بهێنینەوە :-

1- پاش هەڵهاتنی شای ئێران، ڕەوشێکی هاوشێوەی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان هاتە ئاراوە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات، ئەوکات کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی شەڕی داسەپاوی عێراق و دابڕانی لە جیهان لە توانایدا نەبوو ڕۆژهەڵات خەڵتانی خوێن بکات، هەر بۆیەش ئەو ئەرکەیان سپاردە قیادە مۆقەتە (پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی ئێستا)، پارتیش بەهۆی ڕوودانی ئاشبەتاڵ و دابڕانیان لە کۆمەڵگا لە توانایدا نەبوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوشێوەی ساڵەکانی 1967 و 1968 بکەوێتە دژایەتیکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات و سەرکوتیان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو بیانوویەک بدۆزێتەوە بۆ سەرکوتکردنیان، باشترین بیانووش دەرهێنانی تەرمی مەلا مستەفا بوو لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە .

دوا بە دوای دەرهێنانی تەرمەکە ڕاستەوخۆ کەوتە خۆ بۆ سەرکوتکردنی کوردان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دایەوە دەست کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاشبەتاڵێکی هاوشێوەی ئاشبەتاڵەکەی 1975یان بە دیموکرات و کۆمەڵە کرد، ئەمەش جێبەجێ کردنی گوتە با نەوبانگەکەی ئیدریس بارزانی بوو کە دەیگوت "ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت، شۆڕشمان پێ تێک دەدرێت "، واتە ئەوەی تەرمی مەلا مستەفای دەرهێنا خودی سەرانی پارتی و دەزگای پاراستن بۆ خۆیان بوون، بەڵام ئەوەی تاوانبار کرا بەو ڕووداوە کوردانی ڕۆژهەڵات بوون، ئەمەش بوویە هۆی ئەوەی کە لە پێناوی مردوویەکدا گەلێکی زیندوو بکوژرێت .

2- پاش بەرپابوونی شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی(دوای ڕاپەڕین)، ناوچەی "دەرکار عەجەم"ی سەر بە شاری زاخۆ کەوتە دەست هێزەکانی یەکێتی، ئەم ناوچەیەش زۆر نزیک بوو لە خاڵی گومرگی برایم خەلیل و لە هەر کاتێکدا یەکێتی دەیتوانی ئاستەنگی بۆ پارتی ساز بکات، پارتی چەندین جار هەموو هێزی خۆی تاقیکردەوە بەڵام نەیتوانی ئەو ناوچەیە لە دەست هێزەکانی یەکێتی دەربێنێت، لەبەرئەوەی سەرپەرشتیاری هێزەکانی یەکێتی پێشمەرگەیەکی زۆر تێکۆشەر بوو بە ناوی "سەعید عەبدوڵا " و سەر بە عەشیرەتی سندی بوو، ئەو عەشیرەتەش وەک دژبەرێکی سەرسەختی پارتی دەهاتنە ئەژمار لە ناوچەی زاخۆ .

پارتی بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو مەترسیە لەسەر خۆی لاببات دەبوو پیلانێکی شاراوە ئەنجام بدات و چەندین نیشانە بە گولەیەک بپێکێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە تەقینەوە جەرگبڕەکەی زاخۆیان ئەنجامدا کە زیاتر لە 100 سڤیلی تێدا کوژرا، تەقینەوەکە لە بازاڕێکی شاری زاخۆ ئەنجام درا کە تەواوی خەڵکی ئەو بازاڕە سەر بە عەشیرەتی سندی بوون، ڕاستەوخۆ پارتی ئەو تاوانەی خستە ئەستۆی یەکێتی و لە ڕاگەیاندنەکانەوە ڕایگەیاند کە کۆسرەت ڕەسوڵ لە ڕێگەی سەعید عەبدوڵاوە ئەم تەقینەوەیەی ئەنجام داوە، واتە (ئەوەی لەو تەقینەوەیەدا کوژرا سندی بوون کە دژ بە پارتی بوون، ئەوەی کە تاوانباریش کرا بەو کردەوەیە سەعید عەبدوڵا بوو کە لە کەسە ناودارەکانی عەشیرەتی سندی بوو) . پاش ڕووداوەکە بیانوویەکی باش کەوتە دەست پارتی کە هێرش بکاتە سەر ناوچەی "دەرکار عەجەم" بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و سەدان بێتاوانی دیکەی سندی لە ناوچەکە بکوژێت و ناوچەکەش بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی .

دووبارە بوونەوەی تاوانەکان :-

ئێستا شۆڕشێکی هاوچەرخ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرپا بووە، شۆڕشێک کە سەرنجی هەموو جیهانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە و کوردی هەموو جیهان بە چاوێکی پڕ لە ئومێدەوە لێی دەڕوانن، ئەم شۆڕشە جگە لەوەی کە هەموو ڕۆژئاوای کوردستانی بە کەمترین زیانەوە لە دەست بەعسیەکان ئازاد کرد، لە هەمان کاتدا ڕێگری کرد لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی و توانیان چۆک بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک و تەواوی ئەو هێزە کۆنەپەرستانەش بێنن کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانیان لێ دەکرا وەک " داعش و جەبهە النوسرە و ئارتەشی ئازاد " .

هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کەوتە ئاژاوەگێڕی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش لەو پارچەیەدا، ساتێک لە ڕێگەی دووبەرەکی سازکردن و ساتێک لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەی سیاسەتی خیانەتکارانەی "فیفتی – فیفتی"، ساتێک لە ڕێگەی هاندانی ئەو پارتە بەکرێگیراوانەی کە لە ئوتێلە پێنج ئەستێرەیەکانی شاری هەولێر دانیشتوون و ساتێک لە ڕێگەی سازکردنی کەتیبەی چەکداری بەکرێگیراو، ساتێک لە ڕێگەی درۆ سازکردن بۆ ناشیرین کردنی شۆڕشگێڕان و ساتێک لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ شکاندنی بەڕێز ساڵح موسلمی هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە"، ساتێک لە ڕێگەی هاوکاریکردنی جەبهە النوسرە و ئارتەشی ئازاد بۆ هێرش کردنە سەر دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ساتێک لە ڕێگەی داخستنی سنوور و داڕشتنی پیلانی ژەهراوی لەگەڵ دەوڵەتی تورک دژ بەو شۆڕشە .

پاش ئەوەی هەموو هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق نەزۆک دەرچوون، ئەو کات خودی مەسعود بارزانی ئەوەی لە دڵیدا حەشاری دابوو بەسەر ڕۆژئاوادا هەڵی ڕشت و گوتی (لە ڕۆژئاوای کوردستان شتێک نییە بە ناوی شۆڕش) . هەڵبەت ئەم گوتەیە جگە لە شەرمەزاری بۆ مەسعود بارزانی هیچ شتێکی دیکەی لێ شین نەبوو، چونکە ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدات لە ڕاستیدا " شۆڕشێکە لە نێو شۆڕش "دا و نەک تەنها کوردان بەڵکو تەواوی چاودێر و سیاسەتمەدارانی جیهانیش ددان بەو ڕاستیەدا دەنێن و دەڵێن (لە سوریادا تەنها کوردەکان توانیویانە شۆڕش وەک خۆی بهێڵنەوە و برایەتی گەلان بپارێزن) .

کاتێک تەواوی پیلانەکانی پارتی و بارزانی دژ بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوونە بڵقی سەر ئاو ئەو کات دەخوازن لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە کەسایەتی کوردی ڕۆژئاوا بشکێنن لە ئۆروگاکانی باشووری کوردستاندا، دانیشتوانی ئەو ئۆردوگایانەش دەکرێن بە دوو بەشەوە :-

بەشێکیان بریتین لەو کوردانەی کە دانیشتووی شارەکانی دێمەشق و حەلەب بوون و بەهۆی شەڕەوە هەموو شتێکیان لە دەست داوە و هانایان بردۆتە بەر باشووری کوردستان، بەشێکیشیان بریتین لەو کوردانەی کە فریوی گوتە بریقەدارەکانی بارزانیان خوارد، چونکە ماوەی دوو ساڵە پیلانێکی نهێنی لە نێوان بارزانی و دەوڵەتی تورکدا واژۆ کراوە بۆ کۆچبەرکردنی کوردانی ڕۆژئاوا .

دەزگای پاراستنیش کەوتۆتە ناو زڕاندنی ئەو کوردە ئاوارانە و ڕۆژانە گوتەی سوک و ناشیرین ئاڕاستەی کچ و ژنەکانیان دەکەن، نوێترین کردەوەی دەزگای پاراستنیش بریتییە لە بڕینی خۆراک لەسەر ئۆردوگاکان و مەرجی دەزگای پاراستن ئەوەیە کە دەبێت تەنها کچەکان بچن بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراک دەنا خواردن بە هیچ خانەوادەیەک نادرێت (هەڵبەت ئاشکرایە مەبەست لەم مەرجە چییە!!!).

ئەم کردەوە چەپەڵەی پارتی و پاراستن بۆ دوو مەبەستە :- مەبەستێکیان ئەوەیە کە کەسایەتی کوردانی ڕۆژئاوا بشکێنن و مەبەستەکەی دیکەشیان ئەوەیە کە سەرنجی کوردانی باشوور لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا لابدەن و کوردانی باشوور بە چاوێکی سوکەوە هەم لە کوردانی ڕۆژئاوا و هەم لە شۆڕشەکەیان بڕوانن .

بیرهێنانەوەیەکی دڵ تەزێن :-

ئۆردوگای قوشتەپە پەیوەست بوو بەو بارزانیانەوە کە ڕژێمی بەعسی فاشی گوندەکانی ڕوخاندبوون، پاش ئانفالکردنی پیاوەکانیان بە غەیری ژن و منداڵ هیچ کەسێکی دیکە لەو ئۆردوگایەدا نەمابوو و چواردەوری ئۆردوگاکەش بە سەربازگە تەنرابوو، بەعسیەکان ڕۆژانە سەربازی ئەو سەربازگانەیان دەنارد بۆ دەستدرێژی کردنە سەر ئەو ژن و کچە بەڕێزانەی کە پیاوەکانیان ئەنفال کرابوون و دەست درێژیەکی دوور لە هەموو بەهایەکی ئینسانیشیان دەکردە سەر هەموو ئەو خانمە بەڕێزانە، هەڵبەت ئەم کردەوەیەی بەعسیەکان بۆ شکاندنی کەسایەتی کورد بوو بەڵام لە ڕاستیدا جگە لە وەحشیگەری بەعسیەکان و ماهیەتی فاشیانەی دارودەستەی سەدام حسێن زیاتر هیچ شتێکی دیکەی نە دەسەلماند .

ئەوەی دوێنێ بەعسیەکان دژ بە تەواوی کوردانی باشوور و بە تایبەتیش دژ بە ژن و کچانی بارزانی ئەنجامیان دەدا کەچی ئیمڕۆ پارتی و بارزانی هەمان کردەوە دژ بە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئۆردوگاکاندا ئەنجام دەدەن، هەڵبەت ئەم کردەوە چەپەڵەی دەزگای پاراستن نابێتە هۆی ناشیرین کردنی کوردانی ڕۆژئاوا بەڵکو ڕاستینەی زهنیەتی بۆگەنی سەرانی پارتی و دەزگای پاراستن نیشان دەدات، چونکە بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان نیشانەی خۆڕاگری و بە شکۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردەواری بوون و تەنانەت بستێکی خاکی کوردستانی گەورە نەماوە کە بە خوێنی کچان و کوڕانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەنگین نەکرابێت .

لێرەدا چەندین پرسیار خۆی قوت دەکاتەوە :-

1- تەنها یەک کەس نەماوە لە باشووری کوردستاندا کە دووچاری ئاوارەیی نەبووبێت، هەمووشمان دەزانین کە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە چ شێوەیەک دەرگای ماڵەکانیان بۆ خستینە سەر پشت و پارووی دەمی منداڵەکانی خۆیان دەرخواردی ئێمە دەدا، ئایا لە کوێیە ویژدانی زیندوو کە ئاوها کوردانی باشوور بێ هەڵوێستن لە بەرامبەر ئەم کردەوە قێزەونانەی دەزگای پاراستن و سەرانی پارتی‌ بەرامبەر بە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەتیش بەرامبەر بە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ؟

2- لەبەر چاوماندایە کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان چ شۆڕشگێڕێکن و بە تایبەتیش کچانی شۆڕشگێڕ کە شان بە شانی پیاوان هەموو گۆڕەپانەکانی خەباتیان پڕ کردۆتەوە و دژ بە هەموو داگیرکەرانی کوردستان وەستاونەتەوە . ئایا بە چ شێوەیەک ڕێگە دەدرێت سەرانی پارتی ئاوها بێ حورمەتی بەو کەسانە بکەن لە کاتێکدا لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە سەرانی پارتی پەلکێشکەری هەموو داگیرکەرانی کوردستان بوون ؟

3- ئایا بە چ شێوەیەک ئەو ئاوارە بەڕێزانەی ڕۆژئاوای کوردستان قبووڵی دەکەن کە ئاوها بێ حورمەتیان پێ بکرێت لە لایەن سەرانی پارتیەوە ؟ کە بە باوەڕی من ئەگەر بە برسێتی بمرن لە ڕۆژئاوادا زۆر شکۆمەندترە وەک لەوەی لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و بارزانیدا بە تێری بژین .

 

Related Articles