هەر باڵندەیەک لە دوای پۆلی خۆی دەفڕێت ... جەلال چوارتایی

 

 

 

نیوەشەوی 23/2/1988 یەکەم قۆناغی ئەنفال بەرپابوو ، واتە هێزەکانی بەعس و هاوکارە کوردە خۆفرۆشەکانیان کە بریتی بوون لە مستەشار و سەرۆک جاشەکان "بەر لە 26 ساڵ" دڕندانەترین هێرشیان کردە سەر باشووری کوردستان و بە سەدان هەزار کوردیان زیندەبەچاڵ کرد و تەواوی گوندەکانیان لەگەڵ زەویدا تەخت کرد . هەر لەو پرۆسە بەدناوەدا گەورەترین تاوان بەرامبەر بە ژنانی کورد ئەنجام درا ، لە لایەک دەستدرێژی دەکرایە سەریان و لە لایەکی دیکەوە لە برا و باوک و پیاو و منداڵەکانیان دابڕان و سەدان و بگرە هەزاران کەسیان وەک کۆیلە و کەنیزەک بەسەر دەوڵەتە عەرەبیەکاندا دابەشکرا .

ڕاپەڕینی شکۆدار :-

4-3-1991 یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی خەباتەوە دەستی پێکرد و لە کەمترین ماوەدا تەواوی باشووری کوردستانی گرتەوە "واتە بەر لە 23 ساڵ " ، خێرایی ڕاپەڕین لە لایەکەوە دەگەڕایەوە بۆ هۆکاری دڕندایەتی بەعس و هەوڵدانبوو بۆ ڕزگاربوون لە کۆتی داگیرکاری ، لە لایەکی دیکەشەوە هێشتا خوێنی ئەنفالکراوان وشک نەببوویەوە و  جەماوەر لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون کە لە کورتترین ماوەدا تاوانباران دادگایی بکرێن و تۆڵەی ئەنفالکراوان بسەندرێتەوە .

لێ بەڵێ ؛ لە بەدبەختی و چارەڕەشی کورداندا ، ئەنفالکەر و تاوانباران خاوەنی پۆلی خۆیان بوون و نەک هەر دادگایی نەکران بەڵکو تروسکە ئاسا شوێن پۆلی خۆیان کەوتن و لە جاران زیاتر ڕۆڵیان پێ بەخشرا . ئەو پۆلەش نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

 http://www.malmokurd.com/News-2457-1#.UwsR-c7ujUM.facebook

تا ئەو ڕۆژەی شۆڕشی گەلانی سوریا دەستی پێ نەکردبوو ، بە غەیری پەیەدە هەموو پارت و لایەنەکانی دیکە بە سەربەستی کاری سیاسیان دەکرد لە سوریادا و تەواوی بەرپرسە حیزبیەکانیشیان لە سوریادا ژیانیان بەسەر دەبرد و لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ ئیستخباراتی بەعسدا ، تەنانەت دوای بەرپابوونی شۆڕشیش ئەم بەرپرسە حیزبیانە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ئیستخباراتی سوریادا کۆتایی پێ نەهێنا و هەمیشە لە کەین و بەینی ئاشکرا و نهێنیدا بوون ، بۆ نموونە دوای دروستکردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا ، ڕۆژێک حەمیدی حاجی دەروێش کە بەرپرسی "پارتی پێشڤەڕۆی دیموکراتی کوردی سوریا"یە بە نهێنی سەردانی ئیستخباراتی سوریا دەکات لە شاری حەسەکە ، کاتێک لە ئیستخبارات دەردەکەوێت ئاشکرا دەبێت و لێی دەپرسن ( خەرمان بەرەکەت ، ئەوە چی دەکەیت لە ئیستخبارات ؟ خۆ تۆ بە حساب سەرۆک حیزبیت و باس لە شۆڕشگێڕێتی دەکەیت و کۆڵەکەیەکی سەرەکیشیت لە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریادا ؟ ئایا بەرپرسی حیزبەکانی دیکەی ئەنجومەن لێت قبوڵ دەکەن ؟) .

حەمیدیش هێندە دەشێوێت ، لە وەڵامدا ددان بە ڕاستیەکاندا دەنێت و دەڵێت (بریا منیش لەگەڵ بەرپرسی حیزبەکانی دیکەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریادا هەر بە شەو سەردانی ئیستخباراتم بکردایە تاوەکو ئاشکرا نەبوومایە و لە قوتان نەدامایە) . کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە ئێستا حەمیدی حاجی دەروێش و پارتە کارتۆنیەکانی دیکەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا خۆیان وەک دژبەری ئەسەد ناو دەبەن و بە پەیەدەش دەڵێن هاوکاری بەعسە .

ئێستاش تەواوی ئەو بەرپرسە حیزبیانە لە هەولێر مۆڵ دراون و کاریان بۆتە دژایەتیکردنی پەیەدە ، هەڵبەت هانابردنیان بۆ هەولێر لە ترسی ئارتەشی ئازادی سوریا بوو ، چونکە لە خەیاڵی خۆیاندا وایان دەزانی کە لە ماوەی چەند حەفتەیەکدا ئەسەد هەڵدێت و ئەو کات ئارتەشی ئازاد تۆڵەی دەستێکەڵاویەکانیان بە بەعسەوە لێ دەستێنێتەوە ، لەبەرئەوە لای بارزانیان بە گونجاوترین جێگە دەزانی تاکو هانای بۆ ببەن و هاوشێوەی مستەشار و ئەنفالکەرەکان بپارێزرێن .

لە ماوەی ئەم 3 ساڵە ڕاپەڕینەدا تەنها 3 ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە کوژراون و بکوژی هەر سێ ژنەکەش لە هەولێر پارێزراون ، واتە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆتە ئارامترین جێگە بۆ پاراستنی مرۆڤ کوژ و خۆفرۆشەکان . ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هەر باڵدارە و لە دوای پۆلی خۆی دەفڕێت . بۆ زانیاری زیاتر کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە :-

http://www.awene.com/opinion/2014/02/23/30007

 

 

 

 

Related Articles