لە بێ خەبەران کەشکەک سەڵاوات ... جەلال چوارتایی

لە بەرواری 24/03/2014دا بانگەوازیەک لە لایەن یەکینەکانی پاراستین گەل"یەپەگە"وە بۆ سەرجەم هێز و لایەنە کوردیەکان بڵاوکرایەوە تاکو لە بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەرکی مێژوویی خۆیان بەجێ بێنن ، چونکە ئەگەر بەو ئەرکە هەڵ نەستن ئەوا لە بەرامبەر مێژوودا بەرپرسیار دەبن . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://malmokurd.com/News-2611-1

هەندێک هێز هەڵوێستی ئەرێنیان نواند وەک (پ‌ک‌ک و بزوتنەوەی گۆڕان و ی‌ن‌ک و پژاک و حیزبی شیوعی و زەحمەتکێشان) ، هەندێک هێزیش بێ دەنگیان هەڵبژارد وەک (لایەنە ئیسلامیەکان و ئۆردوگانشینەکانی هەردوو حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەکان) ، من هیچ گوتەیەکم لەسەر ئەم دوو جۆرە هێزە نییە با خوێنەر خۆی بڕیاریان لە سەر بدات .

بەڵام ئەوەی جێگەی ئەم باسەیە پەیوەستە بەو لایەنانەی کە بە گوتە هێزی نەتەوەین بەڵام بە کردەوە نەک هەر وەڵامی ئەرێنیان بەو بانگەوازیە نەدایەوە بەڵکو مەرجیان هەبوو بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و تەنانەت هەندێکیان بە کردەوەش کەوتنە سەنگەری دژەیەتیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان .

هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش لەم بارەیەوە ئاشکرایە کە چاوی بەو ئەزموونە مێژووییەی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵ نایەت ، لەبەرئەوە نەک هەر خاوەن هەڵوێستی ئەرێنی نەبوو بەڵکو بە هەڵکەندنی خەندەک دیواری چین و هێڵی ماجینۆشی لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوی کوردستاندا دروستکرد تاکو فشاری زیاتر بخرێتە سەر کوردستانیان و هیچ کەسێک نەتوانێت هاوکاریان بکات . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://chatrpress.com/Drejey-hawal.aspx?id=4694&LinkID=1

لایەنە هوتێل نشینەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریاش کە سەری مانگان لە تورکیا بەسەر دەبەن و گێرەشیان لە هەولێر دەگەڕێت ، خاوەن کۆمەڵێک مەرج بوون تاکو بەشداری لە پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستاندا بکەن !!! ، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم هوتێل نشینانە خۆیشیان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی ڕۆژئاوای کوردستان پێناسە دەکەن !

هەندێک لەو مەرجانە ئەوە بوو کە دەبێت میراتی خەڵکی ڕۆژئاوایان بەسەردا دابەش بکرێت ئەو کات بەشداری دەکەن لە پاراستنی گەلدا وەک لە گوتەکانی "مستەفا جومعە و ئیبراهیم برۆ"دا دەردەکەوت کە بەردەوام دووپاتیان دەکردەوە و دەیانگوت (یەپەگە بە تەنها ناتوانێت ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزێت ، بۆ ئەوەی ئێمە بەشداری بکەین دەبێت هەموو شتێکی ڕۆژئاوامان لەگەڵدا دابەش بکرێت) . پێویستە لێرەدا لەو دوو ئاغایە بپرسین و بڵێیین :- ئەی دەبێت لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کێ ڕۆژئاوای کوردستانی پاراستبێت و تەواوی ڕۆژئاوای کوردستانیشی لە دەست داگیرکەر ئازاد کردبێت ؟

هەندێک هوتێل نشینی دیکەش وەک عبد الحکیم بەشار هیچ ئامادەبوونێکیان نەبوو بۆ داکۆکیکردن لە نەتەوەی کورد و زۆر بێ شەرمانەش دەیگوت (ئێمە ئامادە نین لە ژێر ئاڵای یەپەگەدا میلەت بپارێزین) . بەڵام سەرسوڕمان ئەوەیە کە لە هەولێریش لە ژێر ئاڵای ئەو چەتانەدا دانیشتووە کە ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر کوردان و بە ئاڵای شۆڕشی سوریاشی پێناسە دەکات . لە عەبد الحکیم بەشار وابوو کە یەپەگە لە لاوازیدایە بۆیە ئەو بانگەوازیەی لە لایەنەکان کردووە ، هەر بۆیەش لە کەمترین ماوەدا نیازە پیسەکانی ئەم دەرەبەگە دەرکەوتنە مەیدان و ئەو هێزە چەکدارییەی کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە هاوکاری بارزانی بنیادی نابوو بە ناوی "کۆمەڵە" هەر دوای بانگەوازیەکەی یەپەگە ئەو هێزەشی تەسلیم بە چەتە ئیسلامیە دژە کوردەکان کرد لە سوریادا تاکو زیاتر دەستیان ئاوەڵا بێت بۆ کوشتنی کوردان . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=13933&niviskar=1&cure=3&kijan

ئایا لە چ شوێنێکی جیهاندا ڕووی داوە کە بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە پێویستی بە مەرج هەبێت ؟ یان ئەم مەرجانە تەنها بۆ ئەوەیە کە خۆیان لە بەرپرسیاری بدزنەوە و بشڵێن ئێمەش هەین ؟

ئایا دەبێت ئاڵای چەتە دژە کوردەکانی سوریا کە ڕۆژانە کوردی لە ژێردا ئەتک دەکەن پیرۆزتر بێت لە ئاڵای یەپەگە کە بۆتە سێبەری پاراستنی ئابڕووی کوردان ؟ وا ئەم دەرەبەگە هێندە لە ئاڵای یەپەگە بێزارە !!

ئەگەر ئەو لایەنانە وا تێگەیشتبێتن کە یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" تەنگەتاو بوون بە دەست دوژمنانەوە ئەوا زۆر لە هەڵەدان ، ئەگەر ئەو لایەنانە وا بزانن کە یەپەگە بەبێ هاوکاری ئەوان دووچاری تێکشکاندن دەبێت ئەوا زۆر لە هەڵەدان ، ئەگەر ئەو لایەنانە واتێگەیشتبێتن کە یەپەگە جەنگاوەری کەمی کردووە و توانای شەڕکردنی نەماوە ئەوا زۆر لە هەڵەدان .

دەبێت ئەو لایەنانە باش بزانن کە بانگەوازی یەپەگە ئەنجامی تێکشکاندن و کەمی جەنگاوەر نییە بەڵکو بۆ ئەوەیە کە هەر لایەنە و بە پێی توانای خۆی خاوەنداری لە نەتەوەکەی بکات ، لە هەمان کاتدا ئەو بانگەوازیە بۆ ئەوەیە کە جەماوەری کوردستان هەموو پارت و لایەنەکان لە بێژنگ بدەن و بگەنە ئەو ڕاستیەی کە " هەموو چەک بە شانێک شۆڕشگێڕ نییە و هەموو حیزبێکیش دڵسۆز بە دۆزی کورد نییە " .

پەکەکە و باکوور – پەیەدە و ڕۆژئاوا :-

لە ساڵانی حەفتاکاندا دەیان حیزب و ڕێکخراوی بە ناو کوردی هەبوون لە باکووری کوردستاندا ، ئەم حیزبانە خاوەن هیچ هەڵوێستێکی نەتەوەی نەبوون بەڵام بە گوتە هەر حیزبە و ڕۆستەمێک بوو . کودەتا شومەکەی 12ی ئەیلوولی 1980 باشترین تاقیکردنەوە بوو بۆ کوردانی باکوور تاکو هەموو حیزبەکان لە بێژنگ بدەن ، چونکە لەو کودەتایەدا بە هەزاران ئازادیخوازی نەتەوەکەمان شەهید کران و بە دەیان هەزاری دیکەش لە زیندانەکان توند کران ، لەو مەرگەساتەدا تەنها پ‌ک‌ک خاوەن هەڵوێست بوو و لە بەرامبەر ڕژێمی جۆنتای تورکدا وەستایەوە و شان بە شانی گەل بەرخۆدانی کرد ، هەرچی حیزبەکانی دیکەش بوو میلەتیان فەرامۆش کرد و ڕوویان لە بەهەشتەکەی ئەوروپا کرد ، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە زۆربەی ئەو حیزبانەی دیکە "لەو کاتەدا" لە هەموو ڕوویەکەوە لە پەکەکە بەهێزتر بوون . ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیەش پ‌ک‌ک بوویە گەل و حیزبەکانی دیکەش کەوتنە نێو زبڵدانی مێژوو .

ئەوەی لە ساڵی 2011دا لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا تەواو هاوشێوەی کودەتای 12ی ئەیلوولی 1980 بوو کە لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕوویدا ، چونکە کاتێک لە ساڵی 2011دا شەڕ و سەرهەڵدان سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە ، بە غەیری پەیەدە هەموو لایەنە بە ناو کوردیەکانی دیکە میلەتیان فەرامۆش کرد و ڕوویان لە هوتێلە پێنج ئەستێرەیەکانی هەولێر و ئەنقەرە کرد . سەرهەڵدانی سوریا و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان باشترین تاقیکردنەوە بوو بۆ نەتەوەکەمان کە هەموو حیزب و لایەنەکان لە بێژنگ بدات ، چونکە لەو سەرهەڵدانەدا ئەو ڕاستیە دەرکەوت کە پەیەدە شان بە شانی گەل بەرخۆدان دەکات و لە هەموو ناخۆشیەکانی نەتەوەکەماندا بەشدارە ، حیزبەکانی  دیکەش تەنها خاوەنی گوتەی بریقەدارن و ئامادەش نین لە بچوکترین ناخۆشیدا بەشداری بکەن . ئەنجامی ئەو لە بێژنگ دانەش پەیەدە بوویە گەل و حیزبەکانی دیکەش بەرەو زبڵدانی مێژوو ملیان ناوە .

بۆ زیاتر سەرنجدان لە بانگەوازی یەپەگە کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە :-

http://so.firatajans.com/news/roejnae/bngh-wzyyh-kh-lh-ypg-wh-boe-sh-rjh-m-hyz-w-lyh-nh-sysyyh-khn-khwrdstn.htm

Related Articles