بارزانی چی گووت ؟ (وەڵامێک بۆ کاک مەشخەڵ کەوڵۆسی) – بەشی یەکەم .. جەلال چوارتایی

لە ساڵی هەشتاکاندا پارتی هێجگار لاواز بوو، هۆی لاوازبوونەکەشی بۆ زۆر هۆکار دەگەڕایەوە، گرنگترینی ئەو هۆکارانەش بریتی بوون لە جاڕدانی ئاشبەتاڵ و دژایەتیکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات . تەنانەت لە شارێکی وەک سلێمانی‌دا ژمارەی لایەنگرانی پارتی زۆر زۆر بە زیادەوە لە ژمارەی پەنجەکانی هەردوو دەستی تەنها کەسێک دەربازی نەدەکرد و ئەگەر مرۆڤ بە ویژدانەوە قسە بکات ئەو چەند کەسەش کەسانێکی زۆر بەڕێز بوون . ئەم لایەنگرانە بە بەردەوامی یەک گوتەیان دووبارە دەکردەوە و دەیانگووت ( مەلا مستەفا فەرموویەتی :- کوردستان یەک پارچەیە و ئەو سنوورانەش کە هەن دوژمن دروستی کردووە و ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هیچ کاتێک ئامادە نین ددان بەو سنوورە دەسکردانەدا بنێین ) . بێگومان گوتەیەکی لەم جۆرە زۆر جوانە و جێگەی ڕێزە .

بەڵام من تاکو ئێستا تەنها یەک نامەی مەلا مستەفام بە چاوی خۆم بینیووە کە بۆ کیسنجەری نووسیوە و لەو نامەیەش بترازێت تەنها یەک دێڕ نووسراوی دیکەی ئەو بەڕێزەم نەبینیووە و لەو نامەیەشدا بە هیچ جۆرێک باسی گوتەیەکی لەم جۆرەی نەکردووە، لە گوتە تۆمارکراوەکانیشیدا بە هیچ جۆرێک گوتەیەکی لەم جۆرەم نەبیستووە، ئیتر نازانم ئایا خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا گوتەیەکی لەم جۆرەی گوتووە یاخود لایەنگرەکانی پارتی لە هەستی سۆزداریەوە گوتەی کەسانی دیکەیان بە ناوی ئەوە بەڕێزەوە باس دەکرد . چونکە ئەوەی کە من بیستبێتم لە تەواوی سەرکردە کوردەکاندا تەنها کەسێک کە باسی لەو گوتەیە کردبێت و بە کردەوەش جێبەجێی کردبێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بووە .

مەبەستی من لەم نوسینەدا ئەوە نییە کە بڵێم خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا شتێکی وەهای نەگوتووە و هیچ کاتێکیش نامەوێت کەسانێک بێنمە بەر باس کە لە ژیاندا نەمابێتن بەڵکو مەبەستی من ئەوەیە کە بە بیری ئەو پارتیانە بێنمەوە کە ڕۆژگارێک سنورە دەستکردەکانیان بە خیانەت و ناڕەوا پێناسە دەکرد و ئیمڕۆش بە پێچەوانەوە هەم ڕەوایەتی دەدەن بەو سنوورە دەستکردانە و هەم خەندەقی خیانەتیش لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا بە کارێکی شۆڕشگێڕانە پێناسە دەکەن .

گریمان ئەو گوتەیە ڕاستە و خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا کردوویەتی، بەڵام دەبێت پارتیەکانی ئیمڕۆ چ هەڵوێستێکیان هەبێت بەرامبەر بە مەسعود بارزانی کە 100% پێچەوانەی ئەو گوتەیە جێبەجێ دەکات و ئەوەی دوژمنانی کوردیش بۆیان نەچووتە سەر ئەو بە کردەوە جێبەجێی دەکات و خەندەقی ناپاکی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا هەڵدەکەندێت ؟

لە کاتێکدا بۆ هەموو لایەنگرانی پارتیش ئاشکرایە کە مەسعود بارزانی تاکو ئێستاش نان بە ناوی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفاوە دەخوات و پارتیش وەک کارگەیەک دەبینێت کە بە میراتی بۆی مابێتەوە ؟ هەر بۆیەش هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە کە زیاتر ڕوو لە کەسە نزیکەکانی خۆی بکات و بە "کلف یکن"ێک تەواوی کەسە نزیکەکانی بکاتە دەسەڵاتداری ڕەها، دەنا هیچ هۆکارێکی دیکە نییە کە مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی پارتی بکات، چونکە ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی کە هەیبووە لە ئاستی ئەوەدا نەبووە کە چارەنووسی تەواوی پارتیەکانی پێ بسپێردرێت .

یان ئەوەتا پارتیەکان خۆیان لە گێلی دەدەن و ڕاستیەکان دەشارنەوە، کە بێگومان کردەوەیەکی لەم جۆرەش تاوانە، چونکە خۆ گێل کردن لە ڕاستیەکان بە واتای تاوان و ناپاکی دێت، وەک لە نوسینی ( مەشخەڵ کەوڵۆسی )دا دەردەکەوێت کە نەعامە ئاسا (هوشترمرخ ئاسا) چاوی خۆی گرتووە بۆ نەبینینی تاوانەکان، بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://hawler.  in/article4810-727.  htm#.  U0-RKuz7Z2Q.  facebook

من لەو باوەڕەدام ئەگەر هەر لایەنێکی دیکە ئەو خەندەقەی لێ بدایە و تەواوی لایەنە کوردیەکانی دیکەش پشتگیریان بکردایە بە مەرجێک پارتی دژی بوویایە ئەوا کەسانی وەک کاک مەشخەڵ نەک هەر بە خەندەقی خیانەت پێناسەیان دەکرد بەڵکو هەزاران تۆمەتی هەڵبەستراوی دیکەشیان ئاڕاستەی ئەو لایەنە دەکرد . بەڵام ئێستا کە خەندەقێکی وەها لە لایەن پارتیەوە لێ دراوە و تەواوی کوردان و لایەنە کوردستانیەکانیش بە خەندەقی خیانەتی ناو دەبەن کەچی کاک مەشخەڵ ڕێک بە پێچەوانەوە ڕەوایەتی بەو خەندەقە دەدات و کۆمەڵێک گوتەی بێ بنەماش دەهۆنێتەوە بۆ ڕەوایەتیدان بەم تاوانە !!

کاک مەشخەڵ بە پەرداخێک ئاوی مەسعود بارزانی کەوتۆتە مەلە کردن و ڕەوایەتیدانی ئەو خەندەقەش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە پارتی لە هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتدایە، ئەم گوتەیەی کاک مەشخەڵ بۆ ئەوە دەبێت کە پێی بگوترێت ( لە بێ خەبەران کەشکەک سەڵاوات ) چونکە گرفتی مەسعود بارزانی دروستکردنی کەیانێکی سەربەخۆ و تەنانەت دەوڵەتۆکەیەکیش نییە بەڵکو گرفتەکە پارەیە . تا ئەو ڕۆژەی گرفتی پارە نەبێت ئەوا بە هیچ جۆرێک باس لەم گوتەیە ناکات بەڵام هەر کاتێک گرفتی پارە هاتە پێشەوە و مالکی ئامادە نەبوو موچە بدات ئەو کات مەسعود بارزانیش ئەم هۆنراوەیە دەهۆنێتەوە .

دەنا لە هەموو کەسێک ئاشکرایە کە ئەوەی ماڵی داڕماوی دوژمنانی سەر یەک خستەوە و عەجیل یاوەر و جەعفەری و بە دواشیاندا مالکی کردە خاوەن دەسەڵات و حکومەتی بۆ پێکەوەنان خودی مەسعود بارزانی بوو .

ئاشکرایە کە لێدانی خەندەق لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیا بووە و گرێدراوی مەسعود بارزانیش بە دەوڵەتی تورکەوە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە دەبێت بۆ ئاو خواردنەوەش پرس بە دەوڵەتی تورک بکرێت، ئەم گرێدراویەش بە واتای ئازاد نەبوونی ئەو کەسایەتیە دێت، ئیتر کەسێک کە خۆی ئازاد نەبێت چۆن دەتوانێت ئازادی بۆ خەڵکانی دیکە دەستەبەر بکات !!؟؟

بریا کەسانی وەک کاک مەشخەڵ کەمێک لە مێژوویان بڕوانیایە و پاشان لێدوانیان بدایە نەک بۆ گیرفان پڕکردن هەرچی بە دڵی دەسەڵاتداران بوو بیاندرکاندایە، چونکە نزیکەی 70 ساڵ خوێنی کوردان ڕژێنرا بەناوی (ئۆتۆنۆمی)یەوە و تاوەکو ڕۆژگاری ئیمڕۆش بەشێک لە کۆمەڵگای کوردەواری لە ناوەڕۆکی دێوەزمەی ئۆتۆنۆمی نەگەیشتوون، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە هیچ گۆشەیەکی جیهاندا باوی ئۆتۆنۆمی نەمابوو و تەواوی گەلان لە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیدا بوون . ئێستاش کە لە هیچ گۆشەیەکی جیهاندا باوی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەرکردەی خێڵەکایەتی نەماوە کەچی ئاغای سەری ڕەش دەخوازێت 70 ساڵی دیکە بەو ناوەوە کوردان لە خشتە بەرێت و کەسانی وەک کاک مەشخەڵیش ڕۆڵی هەژاری موکریانی دەرباری بارزانی بگێڕن بۆ ئەم مەبەستە .

درێژەی هەیە . . . 

Related Articles