بارزانی چی گوت ؟ (وەڵامێک بۆ کاک مەشخەڵ کەوڵۆسی) ... جەلال چوارتایی – بەشی دووەم

کاک مەشخەڵ بۆ ئەوەی زیاتر ڕەوایەتی بدات بە خەندەقی تاوان باس لەوە دەکات کە ئۆردۆن سنوورەکانی خۆی قایم کردووە و ڕێگە نادات هاووڵاتیانی سوریایی بپەڕنەوە !!! لە کاتێکدا لە هەموو کەسێک ئاشکرایە کە ئەردەن دەسکردنی ئیمپریالیزمی بەریتانیایە و بۆ بەرژەوەندی بەریتانیاش دروست کراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام داکۆکی لە شۆڕشی عەرەبی سوریا کردووە و زۆریش کۆمەکی پێکردوون، بەڵام مەسعود بارزانی نەک هەر کۆمەکی بە شۆڕشی کوردانی ڕۆژئاوا نەکردووە بەڵکو خەندەقیشیان بۆ هەڵدەکەندێت و سنووریان بە ڕوودا دادەخات و تۆمەتیشیان دەخاتە پاڵ و دەڵێت ( شتێک نییە لە ڕۆژئاوا بە ناوی شۆڕش )، ئەمە جگە لە دەستێوەردانەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و کەینوبەینە نهێنیەکانیشی لەگەڵ داگیرکەرە سەرسەختەکەی تورک دژ بە کوردانی ڕۆژئاوا .

کەسانی وەک کاک مەشخەڵ لە کوێوە بای بێت لەوێوە شەن دەکەن، چونکە هەمیشە چاویان بڕیوەتە ئەمریکا و ئەوروپا تاکو لەسەر پێ ڕایانگرن، بەڵام ئەگەر زانیان بای ئەوروپا و ئەمریکا فێنکیان ناکاتەوە ئەو کات 180 پلە ڕووی خۆیان دەگۆڕن بەرەو ئەردەن و تەنانەت سۆمالیش . دەنا کاتێک بۆ نوێژکردنیش روو دەکەنە ئەمریکا و ئەوروپا ئەی چۆنە ئەوروپا و ئەمریکاش ناکەنە نموونە بۆ سنوورەکان ؟ خۆ تەواوی ئەوروپا و سەرتاسەری ئەمریکای باکووریش بگەڕێیت هیچ سنوورێک بەدی ناکەیت و کەسیش پێت ناڵێت چ کارەیت ؟ بەڵام بۆ ڕەوایەتیدان بە خەندەقی تاوان و خیانەت نموونەی ئەردەن دێنیتەوە ئەویش بە درۆ !!! چونکە خەندەق لێدان بوونی نییە لە ئەردەن بەڵکو لە تورکیا شتێکی وەها هەیە ئەویش لە دژی کورد نەک لە دژی نەتەوەی دیکە، هەڵبەت ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورک سەرسەختترین دوژمنی کوردانە، ئەی بۆچی هۆکاری خەندەقەکەی بارزانی بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناگێڕیتەوە ؟

 لە بەشێکی دیکەدا کاک مەشخەڵ دەڵێت ( پێویستە ئەزموونی هەرێمی کوردستان تۆکمە بکرێت و نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا کێشەی بۆ دروست بکرێت ) . ئەزموونەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر چاواندایە و پێویست بە باسکردنیان ناکات کە بەشێکیان بریتییە لە شەڕی کورد کوشتن و ئاشناکردنی تەواوی داگیرکەرانی کوردستان بە باشوور و خنکاندنی کوردانی بەشەکانی دیکە و بە میتکردنی تەواوی دامەزراوە نەتەوەییەکان و کوشتنی دەیان هەزار ژن و ئازادیخوازی نەتەوەکەمان و داسەپاندنی چەندین دیکتاتۆری کەم وێنە بەسەر باشووری کوردستانەوە ، تەنانەت خودی خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی کە وەزیری ڕۆشنبیری بوو لەسەر لیستی پارتەکەی کاک مەشخەڵ، زۆر ڕاشکاوانە لە دوو بەرنامەی تەلەفزیۆنی‌دا گوتی (هیوادارم هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان چاو لە ئەزموونی باشووری کوردستان نەکات، چونکە ئەزمونی باشووری کوردستان هیچ ئیجابیاتێکی ئەوتۆی تێدا بەدی ناکرێت تاکو پارچەکانی دیکە لاسایی بکەنەوە )، ئیتر نازانم کاک مەشخەڵ بۆچی خۆی نەبان دەکات لە بەرامبەر ڕاستیەکان !؟

 خۆ ئەگەر مەبەستی کاک مەشخەڵ ئەوە بێت کە تا ڕادەیەک بەشێک لە باشووری کوردستان ڕاستەوخۆ لە ژێر پۆستاڵی داگیرکەردا نەماوە و ئیدارەیەکی کوردی بەڕێوەی دەبات ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوەش ئەنجامی تێکۆشانی مەسعود بارزانی نەبووە و نییە بەڵکو ئەنجامی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 بووە کە بە هیچ جۆرێک پارتی تێیدا بەشدار نەبووە و پاراستنی ئەو بەشەش ئەنجامی خۆ ڕاگری و تێکۆشانی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە کە دەوڵەتی تورکیان ناچار کردووە بێ دەنگی هەڵبژێرێت لە بەرامبەر ئەو ئیدارەیەدا .

کاک مەشخەڵ زۆر لەوە زیاتر چەواشەکاری دەکات و تێکۆشانی دیموکراتیانە و سەردەمیانەی کوردانی ڕۆژئاوا بە فەوزا ناو دەبات (فەوزا بە واتای ئاژاوەگێڕی دێت)، ئەمە لە کاتێکدایە ئەوەی کە فەوزای ناوەتەوە ئەو کەسانەن کە خەندەقی تاوان دژ بە میلەت هەڵدەکەنن، ئەوەی کە ئاژاوەگێڕی دەکات ئەوانەن کە تەواوی داهاتی باشووری کوردستانیان خستۆتە خزمەتی داگیرکەرانی کوردستانەوە بۆ زیاتر سەرکوتکردنی نەتەوەکەمان، دەنا لە کوێی جیهاندا شتی وەها ڕوویداوە کە سەرکردەی حیزبێک زۆر بێ شەرمانە باس لە وابەستەیی خۆی بکات بە داگیرکەری بەشێک لە خاک و نەتەوەکەیەوە و بڵێت ( 3500 پێشمەرگەمان بۆ خاتری دەوڵەتی تورک بە کوشتداوە و ساڵانە بڕی 13 ملیارد دۆلار دەسکەوتی دەوڵەتی تورکە لە باشووری کوردستان ) .

درێژەی هەیە . . . . 

Related Articles