بارزانی چی گوت ؟ (وەڵامێک بۆ کاک مەشخەڵ کەوڵۆسی) – بەشی چوارەم و کۆتایی .. جەلال چوارتایی

چۆنە کەسانی وەک کاک مەشخەڵ دیرۆک لە بیر دەکەن و ڕاستیەکان دەشێوێنن ؟ ئەی هەر خودی بارزانی نەبوو کە لە دوای ئاشبەتاڵەکەی ساڵی 1975 بڕیاریدا کە شۆڕش کۆتایی هاتووە و جارێکی دیکە ڕوو لە ساسەت ناکەنەوە ؟

بەڵام کاتێک بزوتنەوەیەکی نوێ دوور لە دەسەڵاتی بنەماڵە سەری هەڵدا ئەو کات نەک هەر ڕوویان لە سیاسەت کردەوە بەڵکو بڕیاریشیان‌دا کە ڕێگە نەدەن هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی لە کوردستاندا سەر هەڵبدات ، ئەوەش لەو نامەیەدا بە دەرکەوت کە ئیدریس بارزانی ئاڕاستەی تاڵەبانی کرد و لەکۆتایی نامەکەدا نوسیبووی "ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت ، شۆڕشمان پێ تێک دەدرێت" .

ئەم گوتەیەی ئیدریس بارزانی بوویە ئاگرێک و تەنها خەرمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی نەسوتاند بەڵکو ماڵی هەموو کوردێکی ئازادیخوازی دامرکاندەوە ، تا لە ساڵی 1978دا کارەساتی هەکاریان ئەنجام‌دا بە دروشمی "با مرۆڤە گەورەکان بە چەکی گەورە بکوژرێن و مرۆڤە گچکەکانیش بە چەکی گچکە " ، ئەو کارەساتە هەر بە لەناوبردنی زیاتر لە 700 کادر و پێشمەرگە کۆتایی نەهات بەڵکو سەرەتای لەناوبردنی شۆڕشی باشووری کوردستان بوو ، چونکە ئەنجامدانی ئەو ڕووداوە کۆتایی هاتنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی بە دواوە بوو کە سەرکێشی شۆڕشگێڕانیان دەکرد .

لە ساڵی 1979دا "واتە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران" ئیدریس بارزانی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ ئاغا و سەرۆک خێڵەکانی ناوچەی سۆما و برادۆست ساز دەکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەدا چی گوتەی ناشیرین هەیە ئاڕاستەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی دەکات و داوا لەو سەرۆک خێڵانە دەکات کە فریوی قاسملو نەخۆن و دەڵێت:- ( هەر کەس فریوی قاسملو بخوات بە دەردی کارەساتی هەکاری دەچێت ، لەبەرئەوە ئێمە وەک بنەماڵەی بارزانی ڕێگە نادەین لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا شۆڕشێک بەرپا ببێت دوور لە دەسەڵاتی ئێمە ) .ئەم کۆبوونەوەیە پێش دەرهێنانی تەرمی مەلا مستەفا دەبێت کە پارتی کردییە بیانوو بۆ قەڵاچۆکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات ، یەکێک لەو ئاغایانەی ئامادەی کۆبوونەوەکەش دەبێت " ئیرەج ئاغا "ی گوندی " گومبەد" بوو کە یەکێک لە بەرپرسەکانی حیزبی دیموکرات دەبێت و تەواوی نهێنی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات .

چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ژێر ناوی "قیادە مۆقەتە"دا کەوتنە گیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، هەڵبەت ئەم کردەوە چەپەڵەیان تەنها لە دژی لایەنێکی دیاریکراو نەبوو بەڵکو هاوشێوەی ئەنفالی بەعسیەکان هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردە ئامانج و تا سەرەنجام بە لە ناوبردنی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتیەکان کۆتایی هات ، بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

https://www.youtube.com/watch?v=dQfPRr7OnU0

ئەگەرچی بە درێژای ساڵانی هەشتاکان هەمان هێز لە کوشتوبڕی کورد و ئازادیخوازان نەکەوتن بەڵکو کارەساتی هەرە مەزن لە دوار ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی 1991وە سەری هەڵدا ، چونکە ئەو کات پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هەر نەبوویە لانکەی مستەشار و ئەنفالکەرەکان بەڵکو سەرتاسەری باشووری کوردستانیان کردە بنکەی سیخوڕی داگیرکەران تا سەرەنجام شەڕی بێ ئەمانی ناوخۆییان بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەرپا کرد و لە 31ی ئابی 1996دا بەعسیەکانیان جارێکی دیکە هێنایەوە مەیدان و بە یەکجاری کۆتاییان بە شۆڕش هێنا لە باشووری کوردستان‌ .

خەندەق لێدانی ئێستاش هەر لەو چوارچێوەیەدایە و هیچ پەیوەندییەکی بە نائارامی باشووری کوردستانەوە نییە ، ئیتر نازانم چۆنە هەندێک ویژدان وەها دەمرێت کە هەموو تاوانێک قبوڵ بکات لە پێناوی دەسکەوتێکی تایبەتی و کەمێک خۆ دەوڵەمەندکردندا !!!

بۆ بینینی بەشێک لە گوتەکانی مەلا مستەفا کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە :-

http://www.youtube.com/watch?v=YQbTUmir9yA&feature=youtu.be

لە شێوەی ئەم جۆرە لێدوانانەوە زۆر ڕاستی دەردەکەوێت ، ئەو ڕاستیانەش ئەوەیە کە زۆربەی ئەو لێدوانانەی پارتیەکان دەیدەن بە ناوی مەلا مستەفاوە بریتین لە گوتەی هەڵبەستراو ، گوتەی هەڵبەستراویش بە دەم مردوەکانەوە زۆر ئاسانە .

لە کۆتایدا با کاک مەشخەڵەکان بەراوردێک لە نێوان ئەم وێنانەی خوارەوەدا بکەن و پاشان بڕیار لەسەر دیکتاتۆریەت و دیموکراتیەت بدەن .

 

 

وێنەی یەکەم (د.ڕۆژ نوری شاوەیس)ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقیشە ، لە جیاتی خزمەتکردن بە دۆزی کورد خەریکی قومار کردنە .

وێنەی دووەم دوو منداڵی کوردن لە شاری هەولێر ، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پێڵاوی بەرپرسەکان بۆیاخ دەکەن .

 

وێنەی یەکەم ژمارەیەک لە جەنگاوەرەکانی یەپەگەن کە بۆ پاراستنی نەتەوەکەمان لە بەرەکانی شەڕدان ، کەچی کاک مەشخەڵ بە دیکتاتۆر و تاکڕەو پێناسەیان دەکات .

وێنەی دووەم ئەو بەرپرسە هوتێل نشینانەن کە بە نەمانی بەعس ڕوویان لە هەولێر کردووە و کاک مەشخەڵیش بە پارتە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژاوای کوردستانیان ناویان دەبات .

کۆتایی

Related Articles