لە شکستەوە بۆ هەستانەوە... جەلال چوارتایی

 

 

 

هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی پێهات ، بە باوەڕی من یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک براوەی هەرە سەرەکی وابوو لەسەر ئاستی باشووری کوردستان و تەنانەت عێراقیش ، چونکە ڕێژەی دەنگەکانی بە بەراوردکردن بە هەڵبژاردنەکانی 2010ی عێراق زیاتر 08%(لە سەدا هەشت)ی دەرباز کرد ، ئەم ڕێژەیەش کەم نییە بۆ دوو جێگەی وەک عێراق و باشووری کوردستان .

ئەگەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەنگەکانی کەمی نەکرد بەڵام زیادکردنێکی ئەوتۆشی بە خۆیەوە نەبینی کە شایانی باس بێت و دەکرێت وەک چەقبەستوویەک ناوی لێ بنرێت ، چەق بەستنی بزوتنەوەی گۆڕان لەو ڕەوشە ناهەموار و گەندەڵکارییەی باشووری کوردستاندا دەکرێت بە دۆڕاندن لێک بدرێتەوە .ئەنجامی ئەو دۆڕاندنەش پەیوەست نەبوو بە ناکارایی کاندیدەکانی بزوتنەوەکەوە ، بەڵکو پەیوەست بوو بە لێک نزیکبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە حەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردنەکان ئەنجامی‌دا .

خۆ ئەگەر بێتو ڕێکەوتنەکە لەو کاتەدا نەبوویایە و بکەوتایەتە دوای هەڵبژاردنەکان ئەوا بە دڵنیاییەوە دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش زیاتر دەبوو لە ئێستا و دەکرا وەک لایەنێکی براوە دەربکەوتایە .چونکە لە ڕابردوودا ئەو ڕێگەیە تاقی کرابوویەوە لەلایەن یەکێتیەوە و ئەنجامەکەشی گەیشتنە سەر لێواری مەرگی یەکێتی بە دواوە بوو .لەبەرئەوە نزیکبوونەوە لە پارتی و بارزانی مەرگی لەسەرخۆ بە دوای خۆیدا دێنێت .

مەبەستی من لەوە نییە بڵێم نابێت نزیکبوونەوە لە نێوان لایەنەکاندا ئەنجام بدرێت بەڵام بە دڵنیاییەوە هەر نزیکبوونەوەیەک لە پارتی ماڵوێرانی بە دوادا دێت ، هۆکارەکەشی تەنها پەیوەستە بە پیسێتی پارتیەوە ، چونکە باوەڕ ناکەم لە هەموو جیهاندا لایەنێک سەری هەڵدابێت هێندەی پارتی دیموکراتی کوردستان عێراق پیس بێت و هەر لایەنێکیش لێی نزیک بێتەوە پیس دەبێت و بەشێک لەو پیسیانە وەردەگرێت .واتە هەر نزیک ڕێکەوتنێک لەگەڵ پارتیدا لە قازانجی پارتییە چونکە پارتی بەو نزیکبوونەوەیە بەشێک لە پیسیەکانی خۆی دەخاتە سەر لایەنی بەرامبەر و خۆی کەمێک پێ پاک دەکاتەوە .

سەرکەوتنەکانی یەکێتیش بۆ دوو هۆکار دەگەڕایەوە :- یەکەمیان پەیوەستبوو بە دوورکەوتنەوەی لە پارتی و بارزانی ، دووەمیشیان پەیوەست بوو بەو هەڵوێستە ئەرێنیانە کە لە بەرامبەر ڕۆژاوای کوردستاندا پیادەی کرد ، چونکە دوورکەوتنەوەیان لە پارتی هەنگاونان بوو بۆ پاکبوونەوە و پشتگیریکردنیشیان لە ڕۆژاوای کوردستان گەڕاندنەوە بوو بۆ هێڵی نیشتمانپەروەری .

ئەگەرچی زۆربەی لایەنەکان باسیان لە ساختەکاری کرد لە هەڵبژاردنەکاندا ، بەڵام باوەڕناکەم بە هەموو لایەنەکان توانیبێتیان بە تۆزی دوای پارتی ببن لە ساختەکاری‌دا ، چونکە پارتی و بارزانی واتە ساختەکاری و چەواشەکاری ، خۆ ئەگەر ساختەکاری نەبێت ئەوا بە دڵنیایەوە هیچ کاتێک پارتی ناتوانێت دەنگی دووەمیش مسۆگەر بکات لە باشووری کوردستاندا .

یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر ڕێگەی تاقی کردەوە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا ، بەڵام هیچ ڕێگەیەکیان هێندەی ڕێگەی ئەم جارەیان سەرکەوتوو نەبوو ، ئەو ڕێگەیەش دوورکەوتنەوە لە پارتی و نزیکبوونەوە لە ڕۆژاوای کوردستان بوو .خۆ ئەگەر بێتو لەسەر هەمان ڕێگە بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە شکستەکانی ڕابردووی بە هەستانەوەی داهاتوو قەرەبوو دەکاتەوە ، ئەم بۆچوونە بۆ بزوتنەوەی گۆڕانیش ڕاستە ، واتە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر خۆی لە پارتی نزیک بکاتەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە چارەنووسی لە چارەنووسی حیزبی شیوعی باشتر نابێت کە بەهۆی نزیکبوونەوەیان لە پارتی زۆر لە کاروان دوا کەوتن .

 

 

 

Related Articles