گەمەی داعش و زەلکاوی پارتی جەلال چوارتایی

 

 

 

هێرشی چەتەکانی داعش هەر بە ڕۆژاوای کوردستان کۆتایی نەهات ، بەڵکو ناوچە عەرەبیە سونەنشین و بەشێک لە باشووری کوردستانیشی گرتەوە .ئەگەر بمانەوێت مەبەست لەم هێرشەی داعش و ئەو دەستانەی لە پشتیەوەیەتی بزانین ئەوا دەبێت هەم ڕووداوە کورتماوەکانی پێش هێرشەکە و هەم کاتی دەستپێکردنی هێرشەکەش تاکو ئیمڕۆ هەڵسەنگێنین .

1-  خەندەک کۆڵینی بارزانی لە نێوان باشوور و ڕۆژاوادا کە بە خەندەکی خیانەت ناسراوە ، لە هەمان کاتدا هیچ تەدابیر وەرنەگرتنێک لە نێوان دوو پارێزگای نەینەوا و دهۆکدا کە سنوورێکی بەرفرەوانی هاوبەشیان هەیە .

2-  تەقاندنەوەی چەندین بارەگای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خورماتوو و خانەقین و کەرکوک و ڕوونەدانی هیچ ڕووداوێکی هاوشێوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی‌ .

3-  لە کاتی داگیرکردنی شاری موسڵدا هێزەکانی داعش ڕایانگەیاند کە کاریان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە تەنها ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی گرتەوە ، دەنا وەکو دی مەزنترین هێرشیان کردە سەر هێزەکانی یەکێتی لە جەلەولا و سڵێمان بەگ و قەرەتەپە و ڕەشاد و سەعدیە .

4-  بەر لە هێرشەکانی داعش ، زیاتر لە 6000 زیندانیکراو کە زۆربەیان تیرۆریست و بەرپرسەکانی القاعیدە بوون لە زیندانەکانی بەغدا و باشووری عێراقەوە گوێزرانەوە بۆ زیندانی بادوش و سێ زیندانی دیکە لە نێو شاری موسڵ .

5-  ئەگەرچی لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی داعشدا زۆربەی شاری موسڵ داگیرکرا ، بەڵام کاربەدەستانی عێراق هیچ هەوڵێکیان نەدا بۆ خاڵی کردنی بانکەکانی شاری موسڵ کە نزیکەی 2 ملیارد دۆلاری تێدا بوو .

6-  بەر لە هێرشەکانی داعش ، ژمارەیەکی بێ شومار چەکی گران و سوک لە شاری موسڵدا کەڵەکە کران ، بەڵام هەموو ئەو چەکانە بەبێ ئەوەی تەنها یەک تەقەیان پێ بکرێت ڕادەستی هێزەکانی داعش کران .

7-  کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک لە قونسڵیەکەیاندا مانەوە و بە تەواوی پاسەوانەکانی قونسڵیەکەشیان ڕاگەیاند کە چیدیکە پێویستیان بە پاسەوان نییە و ژیانیان ئارامە .

8-  لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەبێ هیچ بەرگریکردنێک زۆربەی ناوچە عەرەبیە سونەنشینەکانی دیکە ڕادەستی داعش کران ، کە بەر لە هاتنی داعش خۆپیشاندانێکی هێمنانە لەو ناوچانەدا بەڕێوە دەبرا و یەک ساڵیش درێژەی کێشابوو .

9-  مەرجەعی شیعەکان و تەواوی کەسایەتیە ئاینیەکانی دیکەی شیعە فتوای جیهادیان دەرکرد دژ بە داعش .

10-       تەواوی حیزبە شیعەکانی دیکە کە بەر لە هێرشەکانی داعش دژ بە نوری مالکی لێدوانیان دەدا ، بەڵام بە دەستپێکردنی هێرشەکان سەرجەمیان چوونە پاڵ مالکی و تەنانەت بانگەوازی کرا کە سوپا هەڵوەشاوەکەی مەهدییش دابمەزرێتەوە .

بە سەرنجدان لەم خاڵانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دەستێکی زۆر شارەزا لە پشت هێزەکانی داعشەوە هەیە و بارزانیش لە نێو ئەو گەمە ژەهراویەدا جێگە دەگرێت ، کە بە باوەڕی من ئەو دەستە شارەزایەش تەنها و تەنها کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، ئەگەرچی نکۆڵی لە هاوکاریەکانی دەوڵەتی تورکیش ناکرێت بۆ داعش و تەنانەت لەو پیلانەشدا .

لە سێ ساڵی ڕابردوودا ، سەرەتا خۆپیشاندانێکی زۆر سەردەمیانە وڵاتی سوریای گرتەوە ، پاشان ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان گۆڕدرا بۆ شەڕێکی زۆر نابەجێ و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی ، ئەوەی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیشی گۆڕی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان بە گشتی و جەبهەت النوسرە بە تایبەتی بوون .ئەم شەڕە نابەجێیە بوویە هۆی ئەوەی کە هەم سوپاکەی ئەسەد پاک ببێتەوە لەو جۆرە کەسانەی کە دژ بە ئەسەد بوون و هەم بوویە هۆی ئەوەی کە لە ڕێگەی ئەو شەڕەوە خۆپیشاندانەکانیش سەرکوت بکرێت و هەم بوویە هۆی ئەوەی کە تەواوی عەلەوی و تەنانەت دورزی و مەسیحیەکانیش خۆیان بدەنە پاڵ ئەسەد .

عێراقیش ڕەوشێکی هاوشێوەی سوریای هەیە و تەنانەت سوریا بۆتە باشترین ئەزمونیش بۆ مالکی و ئێران کە بە بیانووی شەڕ لە دژی تیرۆریستان ، هەم سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئەنبار و تەنانەت سونەکانیش بکەن و هەم سوپاکەشیان پاک بکەنەوە لەو تێکەڵیە میلیشیاییەی ڕابردوو و هەم ماڵی شیعەشی پێ یەک بخەنەوە .

بە گرتنی ناوچە سونەنشینەکان ، تەواوی سەربازە سونەکان لە سوپادا خۆیاندا بەدەستەوە ، لە بەرامبەردا بە فەتوای سەید عەلی سیستانی ژمارەیەکی بێ شوماری شیعەکان چوونە ناو سوپاوە و جێگەی سەربازە سونەکانیان پڕ کردەوە بە زیادەوە .لە هەمان کاتدا تەواوی حیزبە شیعەکانیش چوونە پاڵ حیزبەکەی نوری مالکی و پێدەچێت لە داهاتوودا نوری مالکی هیچ پێویستییەکی بە سونەی عەرەب و تەنانەت کوردیش نەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نوێ .

ئاشکرایە کە هێزێکی وەک داعش هیچ کاتێک نەی دەتوانی تەنها شارێکی وەک موسڵیش کۆنترۆڵ بکات چ جای ئەوەی بگات بە هەموو ناوچە سونەنشینەکانی عەرەب ، لەبەرئەوە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە (تا گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی کە کۆنترۆڵکردنی هەموو عێراقە لەلایەن مالکی و شیعەکانەوە) دەبوو هەندێک لە هێزەکانی داعش زیاد بکەن لە ڕێگەی ڕادەستکردنی زیندانیە تیرۆریستەکان و پڕچەک کردن و خستنە دەستی هەندێک پارە و داهاتیش .

ئەوەی پەیوەستیشە بە تورکیاوە زیاتر شێواندنی ناوچەکەیە ، چونکە لە مێژە دروشمێکی زۆر گڵاو کەوتۆتە سەر زاری تورکەکان کە دەڵێن (ئەوەی دوژمنی دراوسێکانم بێت دۆستمانە) ، لەبەرئەوە هیچ سڵ ناکەنەوە لەوەی کە چ کارەساتێک ڕوودەدات لە عێراق و سوریا و تەنانەت تەواوی ناوچەکەشدا .هەر بۆیەش لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هیچ درێغیان نەکردووە لە هاوکاریکردنی داعش و هێزە ئیسلامیە تیرۆریستەکانی دیکە لە هەموو ڕوویەکەوە ، هێشتنەوەی کارمەندانی قونسوڵیەکەشیان تەنها بۆ شوێن بزرکردنی ڕووداوە نەخوازراوەکان و شاردنەوەی پەیوەندیەکانیانە بە داعش و هێزە ئیسلامیەکانی دیکەوە .

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجدانە ، بریتییە لەو گەمە ترسناکەی کە بارزانی دەستی داوەتێ ، کە ئەم گەمە ترسناکە هیچ لە گەمەی ساڵی 1975 و جاڕدانی ئاشبەتاڵ کەمتر نییە ، چونکە دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ داعشدا نابێت هێندە بە ئاسانی چاوی لێ بکرێت ، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ڕابردووشدا هەمان گەمەی ترسناکی کرد لە ڕێگەی قاچاخچێتی کردن بە جولەکەکانی عێراقەوە ، کە ئەنجامی ئەو قاچاخچێتی کردنە ئەوە بوو کە لە لایەن کۆمەڵگای جولەکەوە هەموو کوردیان بە مافیا پێناسە دەکرد و لە لایەن جیهانی عەرەبیشەوە نازناوی نۆکەر و هاوکارانی ئیسرائیل بەسەر کورداندا دابڕا .

هیچ گومانم لەوە نییە کە هێرشی داعشەکان شانۆگەریەکی زۆر بێ سودە و ئەنجامەکەی بە تێکشکاندنی داعش و سەرکوتکردنی سونەکان کۆتایی دێت ، بەڵام دەستێکەڵاوی بارزانی لەگەڵ داعش‌دا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەم سونە ئۆباڵی سەرکوتکردنەکەیان بخەنە ئەسۆی کوردان و هەم شیعەکانیش وەک هاوکارێکی تیرۆریستان لە کوردان بڕوانن .

پێ دەچێت بارزانی بیری لە ئاشبەتاڵێکی دیکە کردبێتەوە و بڵێت چۆن لە ئاشبەتاڵی 1975دا ئێمە خۆمان دەرباز کرد و خاکەساریەکەش بۆ کوردان مایەوە بەهۆی ئەنفال و کیمیابارانەوە ، ئەوا ئەم جارەش خۆمان دەرباز دەکەین و کەرەج و تاران دەگۆڕینەوە بە ئەستەمبوڵ ئەنقەرە و چیش بەسەر کورداندا دێت "خەرمان بەرەکەت" .

لێرەدا ئەوەی ئەرکی گەورەی دەکەوێتە سەر شان بریتییە لە هێزەکانی دیکە ، بە تایبەت پەکەکە و پەیەدە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پژاک و بزوتنەوەی گۆڕان کە نەهێڵن کوردان بکەونە زەلکاوی بارزانیەوە و ببن بە بەشێک لەو شەڕە کۆنەپەرستانەیەی نێوان شیعە و سونە .

 

 

 

Related Articles