پاساوهێنانەوە بۆ تاوان ، بەواتای هاوبەشیکردن لە تاواندا دێت "نموونە حیزبی دیموکرات" ...جەلال چوارتایی

 

 

 

من هیچ کاتێک گومانم لەو لێدوانانە نییە کە بە بەڵگەوە دەوترێت ، ئیتر ئەو کەسەی کە لێدوانەکە دەدات گرنگ نییە شۆڕشگڕ بێت یاخود خیانەتکار ، بۆ نموونە عیسا پژمان کوردێکی خیانەتکار و بەرپرسی دەزگای ساوک بووە و ئێستاش لە ژیاندا ماوە ، ئەم کەسایەتیە لە کتێبێکدا بە ناوی "خۆم شۆڕشم هەڵگیرساند و خۆشم تێکمدا" زۆر بە وردی باس لە گرێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەکات بە ڕژێمی شاوە و بە تایبەتیش دەزگا هەواڵگریەکەی بە ناوی "ساواک" .

کاتێک من لە نوسراوێکدا باسی ئەو پەیوەندیانەم کرد و وەک نموونەیەکیش باسی عیسا پژمانم هێنایە ناو بابەتەکەوە ، کەچی بە داخەوە لەلایەن بەرپرسانی حیزبی دیموکراتەوە هێندە لێدوانی بازاڕیانەم ئاڕاستە کرا کە باوەڕ نەکەم ئەو جۆرە لێدوانانە لەبەردەم سینەماکانی سلێمانیشدا بەکار هێنرابێت ، هەموو بیانوەکەشیان ئەوە بوو کە نابێت بڕوا بە نوسینەکانی عیسا پژمان بکرێت لەبەرئەوەی کۆنە ساوکی بووە .ئیتر بەبێ ئەوەی ئەو بەرپرسە بەڕێزانە ئاماژەیەک بەوە بکەن کە هەموو پەیوەندیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وداگیرکەری ئێران لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگریەکەی شا "ساواک"وە بووە کە عیسا پژمان سەرۆکایەتی دەکرد .

سێ ساڵ بەر لە ئێستاش موحسینی ڕەزایی "یەک لە بەرپرسەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران" لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ئاگاداری هەموو ئەو جموجوڵانەن کە لە کەمپەکانی کۆیە و زڕگوێز ڕوو دەدات و تەنانەت ئاگادارن کە ژەمی خواردنەکانیش چ شتێک دەخورێت لە کەمپەکان و بە تایبەتیش لە ئۆردوگای کۆیە .

کەچی کاتێک من لە نوسراوێکی دیکەدا باسی گوتەکانی موحسینی ڕەزایم کرد بە هەمان شێوەی ڕابردوو کەوتمە بەر ڕەخنەی توندی بەرپرسەکانی حیزبی دیموکرات بە بیانووی ئەوەی کە گوتەی مۆرەیەکی کۆماری ئیسلامیم بە نموونە هێناوەتەوە و مۆرەکانی کۆماری ئیسلامیش جێگەی باوەڕ نین .

بەڵام ئێستا لە زاری بەرپرسی یەکەمی حیزبی دیموکرات "کاک مستەفای هیجری"یەوە ڕاستیەکان وەک خۆی باس دەکرێت ، ئیتر نازانم ئایا ئەم جارەیان بەرپرسانی حیزبی دیموکرات چ بیانوویەک دێننەوە بۆ جنێوبارانم ، چونکە باوەڕ ناکەم بتوانن نکۆڵی لە گوتەکانی بەرپرسی یەکەمی حیزبەکەیان بکەن کە دەڵێت (بەرپرسەکانی حیزبی دیموکرات بەبێ هیچ گرفتێک و لە ڕێگەی ئازادەوە سەردانی ئێران دەکەنەوە) بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

https://www.youtube.com/watch?v=ssJW3HABGd4

هەڵبەت بەلای کاک مستەفاوە گرنگ نییە ئەگەر بەرپرسەکانی حیزبی دیموکرات بە شاراوەیی سەردانی ئێران بکەنەوە بەڵام تەنها نابێت لە ڕێگەی ئازادەوە سەردان بکەنەوە کە بۆ ئەم داواکاریەشی عوزرێکی لە قەباعەت خراپتری هێناوەتەوە کە گوایا کۆماری ئیسلامی سود لەو ئازاد سەردانیکردنانە وەردەگرێت و وەک چەکی دیموکراتی بە وڵاتانی دەفرۆشێتەوە .ئیتر بەبێ ئەوەی کاک مستەفا ددان بە ڕاستیەکاندا بنێت کە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی حیزبی دیموکرات کراوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە ، چونکە من وەک خودی خۆم لەو باوەڕەدام کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوورەوە کۆنترۆڵی تەواوەتی ئۆردوگانشینانی کردووە .لێرەشدا من ئاماژە بە سێ نموونە دەکەم بۆ سەلماندنی گوتەکانم :-

1-  لە کەس شاراوە نییە کە سەدان دڵسۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆر کران لە باشووری کوردستاندا و بەشێک لە تیرۆرکراوەکانیش لە نێو خودی بارەگای حیزبەکانیان و تەنانەت ئۆردوگاکانیشدا تیرۆر کران ، بەڵام ئەو بەرپرسانەی ئێستای دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان بە نوێژی نیوەڕۆ لە کوچە و کۆڵانی شارەکانی باشووری کوردستاندا زۆر بە ئازادی دێن و دەچن و خەریکی ئاڵو وێڵی ناو بازاڕەکانن بەبێ ئەوەی هیچ مەترسیەکی کۆماری ئیسلامیان لەسەر بێت ، لە کاتێکدا لە هیچ کەسێک شارەوە نییە کە مۆرە و دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا زۆر زیاتر و چالاکترن بە بەراوردکردن بە ساڵانی نەوەدەکان .

2-  لە ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە چەندین گەریلای پژاک شەهیدبوون لە باکووری کوردستاندا و چەندین کادری دیکەشیان لە نێوخۆی ئێراندا ئیعدام کران (وەک مامۆستا فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێکانی) ، کەچی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگەی نەدا هەتا تەرمی شەهیدەکانیش بگەڕێنەوە زێدی خۆیان کە بە دەستی دەوڵەتێکی دیکەش"تورکیا" شەهید کرابوون و تەنانەت تاکو ئێستا تەرمی ئیعدامکراوەکانیشی ڕادەستی خانەوادەکانیان نەکردۆتەوە لەبەرئەوەی کە پژاکی بوون .بەڵام سەرسوڕمان ئەوەیە کە نەک تەنها کادری حیزبی دیموکرات بەڵکو بەرپرسەکانیشیان بە ئازادی سەردانی ئێران دەکەنەوە و کەسیش پێیان ناڵێت لە پشت چاوتانەوە دوو برۆ هەیە .

3-  لە ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی چەندین شەڕ و تێکهەڵچوون بووین لە نێوان گەریلاکانی پژاک و کۆماری ئیسلامیدا ، کەچی ڕێک لە کاتی شەڕەکاندا حیزبە ئۆردوگانشینەکان زۆر بێ شەرمانە دەبوونە زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی و هەڵدەستان بە مەحکومکردنی پژاک و تەنانەت ئەگەر پاسدارێک بکوژرایە ئەوا لەلایەن ئۆردوگانشینەکانەوە وەک پۆلیسی هاتوچۆ و بێ تاوان باس دەکرا و لە بەرامبەریشدا شەهیدەکانی پژاکیان وەک موادفرۆش و مرۆڤکوژ پێناسە دەکرد .

بە سەرنجدان لەم سێ خاڵەی سەرەوە زۆر ڕاستی دەردەکەوێت (کە کاک مستەفاش نەیتوانیووە خۆی لەو ڕاستیانە لابدات) ، ئەو ڕاستیانەش بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی حیزبی دیموکرات و کڕینی بەرپرسەکانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە .دەنا دەبێت چ گێلە کەسانێک بڕوا بەو گوتانەی ئۆردوگانشینان بکات کە هەمیشە پژاکیان وەک عاملی کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکرد و خۆشیان وەک شۆڕشگێڕ ، لە کاتێکدا کە ڕێگە نادرێت تەرمی شەهیدانی پژاک بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بەڵام بەرپرسە ئۆردوگانشینەکان بە زیندویش لە گەشتی ئازادانەدان بۆ ئێران !!!

دەبێت چ کەسانێک هەبێت و سەرنج نەداتە ئەوەی کە بۆچی لە باشووردا پێشمەرگەهایەکی ئەو حیزبانە تیرۆر دەکران کە هێشتا چەند حەفتەیەک بەسەر پێشمەرگەبوونیدا دەرباز نەببوو بەڵام ئەم بەرپرسانەی ئێستایان کە سەرتاپای ژیانیان بەرپرسیارێتی بووە کەچی هێندەش ئازادانە دێن و دەچن و تەنانەت سەردانی ئێرانیش دەکەنەوە !!!

هەڵبەت ئەو لێدوانانەی ئۆردوگانشینان لەسەر پژاک نامۆ نییە ، چونکە لە ڕابردووشدا زۆر گوتەی هاوشێوەمان لە کەسانی وەک کەمال بورقای دەبیست کە دەربارەی پەکەکە دەیکرد و هەمیشە پەکەکەی وەک دروستکراوی دەوڵەتی تورک پێناسە دەکرد ، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا پەکەکە بوویە جێگە بڕوای گەل و کەمال بورقایش گەڕایەوە باوەشی دەوڵەتی تورک و لە یەکەم لێدوانیشیدا گوتی (من هیچ کاتێک دژ بە دەوڵەتی تورک نەبووم و هەمیشەش لە خزمەتی تورکیادا بووم) .

هێشتا کاتمان لە پێشە تاکو بزانین کە دواڕۆژی ئەو ئۆردوگانشینانە بە کوێ دەگات کە فرمێسکیان بۆ پاسدارە کوژراوەکانی کۆماری ئیسلامی دەڕشت و شەهیدەکانی پژاکیشیان وەک مرۆڤ کوژ و موادفرۆش ناو دەبرد و بە پژاکیشیان دەوت دروستکراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، چونکە لە هەموو حاڵەتێکدا دواڕۆژیان لە دواڕۆژی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق پرشنگدارتر نابێت کە لە 31ی ئابدا دەستە شاراوەکەیان ئاشکرا بوو و ئیمڕۆش باشووری کوردستانیان کردۆتە ویلایەتێک لە ویلایەتەکانی دەوڵەتە فاشیەکەی تورک .

 

 

 

Related Articles