دەسەڵاتی گەندەڵ و یاسا ژەنگاویەکانتان بۆ خۆتان...لێگەڕێن، با ئەحمەد شێروان ئازادانە بیربکاتەوە...!!

 

 

 

ئەحمەد شێروان "ئامەد" مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵانەو دانیشتوی شاری هەولێرە و قوتابی پۆلی 9 بنەڕەتییە، ساڵی 2013 بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بەڕاگیراوی لە لایەن بنکەی پۆلیسی عەدالەوە دەستبەسەر دەکرێت، دوای ئەوەی کە لە لایەن باوکێوە سکاڵا لەدژی تۆمار دەکرێت، بە بیانوی سوکایەتی کردن بە ئاینی ئیسلام، کە ئێستا دایک و باوکی زۆر لەمە پەشیمانن.ئەحمەد دەڵێت کە لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەیدا لە لایەن پۆلیسەوە ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە، دوای ئەوەش کە ئەحمەد بێباک بووە لە ئەشکەنجەدانیان بیانوی سەرمەستی و لە ژێرکاریگەری ماددەیهۆشبەردا بوونیان داوەتە پاڵی و هێندەی تر سوکایەتیان پێکردووەو پاشانیش بۆ ماوەی 13 ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسەیدا بەند دەکرێت و ڕادەستی زیندانی نەوجەوانان دەکرێت.

شایانی ووتنە بڕیارە ڕۆژی 1/6 کە لەبەشێک لە ووڵاتانی ئاسیاو ڕۆژهەڵاتدا بە ڕۆژی جیهانی منداڵان ناسراوە ئەحمەد لەسەر ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی دادگایی بکرێت، ئەو بە ماددەیەک دادگایی دەکرێت کە هیچ پەیوەندی بە ئاین و سوکایەتی کردن بە ئاینەوە نییە، هەروەها لەم ماوەیەدا چەند هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەحمەد پسوڵەی ئاگادارکردنەوەکەی دادگای ساختە کردووە و ماددەکە پەیوەندی بە ماددەی هۆشبەروە هەیە نەک بە سوکایەتی کردن بە ئاینی ئیسلام، بەڵام پارێزەرەکەی ئەحمەد، یونس ڕاوی ئەمە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت کە پسوڵەی ئاگادارکرنەوە ئەسڵەکەی لایەو ئەو بەهیچ شێوەیەک پسوڵەکەی دەستکاری نەکردووە، ئەحمەدیش لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی ئەم تۆمەتانەی دایەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەحمەد ڕایدەهەیەنێت کە پاش لێدان و سوکایەتی کردن نێردراوە بۆ پشکنین و ئەنجامەکەشی نەگەتیڤ بووەو هیچ ئاسەوارێکی ماددەی هۆشبەر لەجەستەی ئەحمەدا نەبووە.

ئەوەی لێرەدا دەبینرێت، ئەوەیە کە ئەوەی پۆلیس و دادگا دەیکات ژێرپێنانی ئاشکرای بنەماکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی منداڵان و مافەکانی مرۆڤە.زۆر مایەی شەرمەزارییە کە دەسەڵات و دادگاو پۆلیس هەستێت بە تەزویر کردنی پسوڵەی ئاگادرکردنەوەو ماددەکەش بگۆڕیت بۆ ماددەیەکی تر، بەمەرجێ پسوڵە ئەسڵەکە لەبەردەستەو گەواهی ئەوە دەدات کە ئەمەی کراوە تەزویری دادگاوپۆلیسە نەک حەحمەد.ئێمە بینومانە و بەلامانەوە سەیر نییە ئەگەر گوێمان لێبێت کە دەسەڵات و دادگای دەسەڵاتی حیزبی لە هەرێمی کوردستاندا ساختەبکات، چونکە ئەوان دەستێکی باڵایان هەیە لە ساختەکردنی هەموو شتێک، بەڵام ئەمجارەیان لە دژی منداڵێک و مافەکانی منداڵان دا ئەمە دەکەن، ئەمە لای ئێمە جێگای قبوڵکردن نییەو ئەم دەسەڵات و دادگایە گاڵتەجاڕییەو مایەی ڕیسواکردنە.

لە هەرجێگایەک دەسەڵات بەهاکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان بەڕەسمی بناسێت، هیچ منداڵێک لە زیندا نائاخنێت و ئازارو ئەشکەنجەو زیندانی ناکات، بەڵکوو لە خراپترین حاڵەتدا دەنێردرێت بۆ پەروەردەی تایبەت و خزمەت و چاکسازی بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت و بەڕێزەوە بیانگەڕیننەوە بۆنێو کۆمەڵگا، نەک بۆ زیندان و دادگایی و سوکایەتی پێکردن و ئەشکەنجەدان.بۆیە پێویستە ئەم پرۆسەی دادگایی گاڵتەجاڕییە لەدژی ئەحمەد شێروان دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنرێت و هەموو تۆمەتەکان لەسەری پوچەڵ بکرێنەوە.ئەوەی دەبێت دادگای بکرێت و سزا بدرێت کارمەندانی بنکەی پۆلیسی عەدالە و پۆلیسی دادگایە کە ئەشکەنجەی ئەحمەدیان داوە و پسوڵەکەیان ساختەکردووە.

حکومەتی هەرێم پێویستە مافەکانی منداڵان بەڕەسمی بناسێت و ڕێزیان لێبگرێت، حیزبە سەرەکییەکانی نێو ئەم دەسەڵاتە فایل بۆ هەموو کەیسێک دادەتاشن، هەموو بێتاوانێک تاوانباردەکات و هەرتاوانبارێکیش کە خۆیان مەبەستیان بێت ئازاد و بێتاوان دەکات.بەڵام بۆ هەمیشە ئەمەیان بۆ ناچێتسەرو منداڵان و لاوان دەبێت ئازاد بن لە ڕادەربڕین و بیرو بۆچوونەکانیاندا، هیچ کەس و دەسەڵاتێک بۆی نییە لەژێر هیچ بیانویەکدا هەر بیروباوەڕێکی سیاسی و ئاینی بەسەر منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵاندا بسەپێنێت، دوای 18 ساڵیش بۆ خۆیان ئازادن هەر ئاین و بیروباوەڕێکی سیاسی هەڵدەبژێرن یان ڕەتدەکەنەوە.

سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵان لە عێراق و کوردستان، بەشێکە لە ڕێکخراوی "زنجیرەی منداڵان" کە لە ووڵاتی سوید لە چەندین ڕێکخراوی وەک ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و ڕێکخراوی پاراستنی منداڵان و چەندین ڕێکخراوی ترپێک هاوتووە، ئێمە لە کاتێکدا ئەم تۆمەت و دادگایی کردنە ڕیسوا دەکەین، ڕیدەگەیەنین کە لەپێناوی ڕاگرتنی ئه‌م هەڕەشە و پێشێلکاریانه‌ لەدژی ئەحمەد شێروان و هەموو ئەو منداڵانەی کە بەهۆی بیروبۆچوونیانەوە ئازاردەدرین، وە له‌پیناوی پاراستنی بنه‌ماکانی مافەکانی منداڵان و ئازادی ڕاده‌ربڕین، ڕێکخراوە مرۆییە جیهانییەکان لەم پێشێلکارانەی پۆلیس و دادگای هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە، دەسەڵات و دادگا نابێت بە میزاجی کەسەکان و حیزبەکان یاری و سوکایەتی بە چارەنوسی منداڵان و مرۆڤەکانی کۆمەڵگاوە بکەن.

نا بۆ دادگایی گاڵتەجاڕی و سوکایەتی کردن بە ئامەد!

بژی مافەکانی منداڵان!

شێرزاد فاتح

بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان

www.childiraq.com

 

 

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە