ئەم شەرە دەست بەجێ بوەستێنن

 

 

 

ئاڵوگۆرێک، کە لە بارودۆخی سیاسی ئێستای عێراق و کوردستان بەدوای داگیرکردنی شارەکانی موسڵ و ئەنبارو تکریت ..لەلایەن هیزە تیرۆرست و درندەکانی داعشەوە، پێشهاتووە، چاوەروانیە لە بەرەوروبونەوەی شەرێکی ناوخۆیی گەورەتری خوێناوی و ماڵوێرانکەرو مەترسیداردا، کە ئایندەی عێراق و کوردستان و ناوچەکە دەخاتە بەردەم چارەنوسێکی ئاڵۆزو نادیارەوە، ئەم شەرە، لەئاکامی درێژەدانی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئەمریکایە کە لە عێراق و ناوچەکەدا پیادەی کردووەو دەیکات، هاتۆتە ئاراوە.راگرتن و مانەوەی عێراق لە ناجێگیری و گێژاوی سیاسیدا بە هۆی پێکهاتنی دەسەڵاتێکی تەوافقی نیشتمانی و رێکخستنی هێزە میلیشیا قەومیە عەرەبی و کوردی و ئیسلامی و کۆنەپەرستەکان بۆ ئەو دەسەڵاتە، ئاکامی کێشمەکێش و ستراتیژو سیاسەتەکان و شەرەکانی مالکی و بارزانی، دەرگا کردنەوە بۆ کێشمەکێشی دەوڵەتانی ناوچەکە، بە گشتی هۆکاری ئەم واقعیەتە سەخت و دژوار و مەترسیدارەن، بۆیە ئەم شەرەو کارەساتەکانی لە بەرپرسیاریەتی تەواوی ئەو لایەن و حزب و هیزە سیاسیانەیە کە لە چەند ساڵی رابردودا شەریکن و هاوپەیمانن لە پێکهاتنی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و کوردستاندا، هەروەها تاوانبارن لە بەرامبەر رودانی هەر کارەسات و کوشتار و ئاوارەییەکدا، بۆیە دەبێت ئەم شەرە ریسواو سەرکۆنە بکرێت و دەست بە جێ بوەستێت.چونکە ئەم شەرە شەری کرێکاران و زەحمەتکێشان نیە، شەری خەڵکی ئازادی خوازو یەکسان خوازا و ئینسان دۆست و مەدەنی نیە، شەرێکی کۆنەپەرستانە و وێرانکاری و دژی ئنسانیە، نابێت لە ژێر کارکردی پروپاگەندەی خورافاتی قەومی و مەزهەبی ئەو هێزانەی هەلگیرسێنەری ئەم شەرەن بکەوینە ریزەکانیان و ببینە قوربانی سیاسەتەکنیان، شەری ئێمە شەری مالکی و بارزانی نیە، شەری ئەمریکاو تورکیاو سعودیەو ئێران نیە، شەری ئیمە لە بەرامبەر داعش و تەواوی ئەو هێزانەدایە کە دەسەڵاتدارن لە کوردستان و عێراقدا، شەری ئێمە بۆ دابینکردنی ئاسودەیی و ئارامی سیاسیە، بۆ خۆشگوزەرانی و ئازادی و یەکسانیە، بۆ گەرانەوەی ئەمنیەت و سەلامەتی دانیشتوانە، پێویستە هیزی خۆمان سەربەخۆ ئامادەو رێکخراو و یەکخەین، چەکدار بین بۆ پاراستنی ژیان و ماڵ و حالمان.

عوسمان حاجی مارف

سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان

٢٦/٠٦/٢٠١٤

 

 

 

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە