بابەتی ناڕاست راستیمان دەخاتە ژێر پرسیارەوە ... سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

 

 

 

لەسەرو بەندی روداوەكانی ئەم دواییەداو لەگەڵ هێرشە دڕندەكانی داعش بۆ سەر شارو شارۆچكەو گوندەكانی ناوچە كوردنشینەكان و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ..قسەو باسی ئێجگار زۆر لەسەر میدیای كوردی كراوەو دەكرێت، لە زۆر شوێن ناهەقی دەرهەق بە میدیا دەكرێت، لە زۆر شوێنیش هەندێك لە میدیاكان بەدەر لە هەستی نەتەوایەتی و كوردایەتی لە ژێر بڕو بیانوی بێلایەنی و ستراتیژی كەناڵ، ئەركی خۆیان لە روی ئیتیك و كاركردنی كوردانەوە خستۆتە ژێر پرسیاری قورس و نەبوردراوەوە..هەندێك لەم كەناڵانە بەبێ‌ گوێدانە بەرپرسیارێتی سەرشانیان و هەستیاری قۆناغەكەو ترسناكی لایەنی بەرامبەر كە (داعش)ە، ئەو بەیاننامەو رێنمایی و راسپاردانەیان پشتگوێ‌ خست كە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و راسپاردەكانی پەرلەمانی كوردستان و رێنماییەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانەوە لەسەر بارودۆخی هەرێم و رەفتاری میدیاكارانەوە بڵاوكرابوونەوە..

بەداخەوە دەڵێین تا ئەمرۆش هەندێك لە كەناڵەكان رێز لە شەهیدەكان ناگرن و بە زاراوەی قوربانی و گیان لەدەستدان و چەندین وشەی داتاشراوی تر گوزارشت لە پێشمەرگەی شەهید دەكەن و لە هەندێك كەناڵیش هەواڵ و راپۆرتی هەڵبەستراو بڵاودەكەنەوە كە سەرلەبەری گیانفیدایی هێزەكان و خۆبەخشینی هەرێم و پارچەكانی تری كوردستان مایەپوچ دەكەنەوە، هەندێك كەناڵی تریش نهێنی سەربازی و جۆری چەك و جوڵەی هێزەكان بەجۆرێك بڵاودەكەنەوە كە دەبێتە مایەی سود بۆ دوژمن و مایەی زیان بۆ سەرجەم هێزە چەكدارەكانمان كە لە شەری سەروماڵی بەرگریدان چ لە باشوری وڵات یان لە رۆژئاوا، ئەمەش بوە مایەی نیگەرانی شەقامی كوردی لە هەر چوارپارچەی كوردستان و گوێ‌ نەدان بەو بانگەوازەی كە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و (IFJ) لە بەرواری (16)ی حوزەیرانی (2014) بڵاویان كردەوە..

بۆ رێگرتن لەم پێشێلكاریەی بەرامبەر بە ئیتیكی رۆژنامەوانی دەكرێت و بەهەند وەرنەگرتنی بیرو هەستی كوردانەو نەتەوایەتی، وا ئێمە جارێكی تریش لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رووی دەممان دەكەینە سەرجەم خوشك و برا رۆژنامەنووسەكانمان لە كەناڵەكانی بینراو بیستراو خوێنراو ئەلكترۆنی و داوایان لێ دەكەین پابەند بن بەو رێنمایی و پرنسیپە جیهانیانەی كە كاری رۆژنامەوانی دەكەنە زانست و كاری راستەقینەی میدیایی لەسەر بنیات دەنرێت.

سەلامەتی بۆ سەرجەم رۆژنامەنوسان و سەركەوتن بۆ كوردستان

18/8/2014

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

https://www.facebook.com/sulaymaniy.sandika?ref=hl

 

 

 

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە