به‌ڕێزان:
- سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان
- سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان
- ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان
- رای گشتی
دوای ده‌رچوونی یاسای رێكخستنی خۆپێشاندان له لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تی زۆری خه‌ڵكی كوردستان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و داكۆكیكاران له مافه‌كانی مرۆڤ، سه‌باره‌ت به هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ژماره 11ی ساڵی 2010ی رێكخستنی خۆپیشاندان، كه چه‌ندین كه‌لێن و كه‌موكورتی یاسایی تێدایه به‌بی ره‌چاوكردنی ئه‌و بنه‌ما راسته‌قینانه‌ی كه ده‌بوو یاساكه‌ی له پێناودا ده‌ربكرایه، چاوه‌ڕوانده‌كرا یاساكه له‌سه‌ر بنچینه‌ی پره‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و داكۆكیكردن له ماف و ئازادییه‌كان هه‌مواری یه‌كه‌می بۆ بكرایه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه هه‌ر له ده‌ركه‌وته‌كانی سه‌ره‌تای هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌مدا به‌ربه‌ست و رێگری نوی له به‌رده‌م خۆپیشاندان و رێگاكانی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له كوردستاندا چه‌سپێندراوه، ئه‌وه بوو ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كردووه و واژۆی له‌سه‌ر نه‌كرد.
خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان به ده‌ركردنی سێ یاسای ته‌وافقی ناڕه‌زایی زۆری به‌دوای خۆی داهێنا كه پیمان وایه سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت ره‌تیان بكاته‌وه، چونكه ده‌بوو به پشتبه‌ستن به بڕیاری ژماره 5ی ساڵی 2013، په‌رله‌مانی كوردستان راوێژی زیاتری له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و پسپۆرانی ئه‌كادیمی و شاره‌زا بكردایه.
ئێستا له دوای واژۆ نه‌كردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و ناردنه‌وه‌ی یاساكه بۆ په‌رله‌مان ئه‌ركه له‌سه‌ر په‌رله‌مان كه هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای خۆپێشاندان به شێوه‌یه‌ك ده‌ربكات كه گونجاو بێت له‌گه‌ڵ پرنسیپه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و چه‌سپاندنی مافه سه‌ره‌تایه‌كانی مرۆڤ.
بۆیه ئێمه داخوازییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانمان وه‌ك ئه‌وه‌ی له ساڵانی رابردوو سه‌باره‌ت به ئامانجی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه خستبووه روو، جارێكی تر ده‌یخه‌ینه‌وه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی یاسایی و ئه‌خلاقی و مێژوویی ئێوه‌ی به‌ڕێز، بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌دا بچه‌سپێندرێت:
یه‌كه‌م: خۆپیشاندانی له‌ناكاو وه‌ك جۆرێك له‌خۆپیشاندان له‌یاسای رێكخستنی خۆپیشانداندا جێگیربكرێت چونكه نه‌بوونی ئه‌و جۆره خۆپیشاندانه له‌یاساكه‌دا كه‌لێنێكی زۆر گه‌وره له‌و یاسایه‌دا به‌رجه‌سته ده‌كات و به‌شایه‌تی هه‌موو لایه‌كیش زۆربه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی له‌ماوه‌ی رابوردودا له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجامدراون زۆربه‌یان له‌مجۆره خۆپیشاندانه بوون و هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیش نییه له دونیادا ئه‌مجۆره خۆپیشاندانه‌ی تێدا نه‌بێت، هه‌ربۆیه گرنگه له‌یاسای رێكخستنی خۆپیشانداندا بناسێنرێت و ئه‌و رێوشوێنه مه‌ده‌نیانه‌ش دیاریبكرێن كه‌پێویسته لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌كاتی روودانی ئه‌مجۆره خۆپیشاندانه‌دا بیانگرێنه‌به‌ر كه‌خۆی له‌پاراستنی خۆپیشانده‌راندا ده‌بینێته‌وه.
دووه‌م: جگه له گۆڕینی هێزی پۆلیس به هێزی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان، ئه‌و هێزه‌ی ئه‌ركی پاراستنی خۆپیشاندانه‌كانی له‌ئه‌ستۆدایه ده‌بێت ئه‌م هێزانه راهێنراوبن بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خۆپیشانداندان و له‌كات و شوێنی خۆپیشاندانه‌كاندا ئاماده‌بن به‌مه‌به‌ستی پاراستنی خۆپیشانده‌ران و ده‌بێت ئه‌م هێزه بێچه‌ك و ئاشتیپارێز بێت و ته‌نها له‌كاتی روودانی پشێویی و ناچاریدا ده‌توانن ئه‌و ئامرازانه‌ی به‌رگری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه به‌كاربهێنن كه‌پێیانه، وه‌ك (قه‌ڵغان، داری پلاستیكی، فیشه‌كی پلاستیكی، سۆنده‌ی ئاوپڕژێن و گازی فرمێسك رژێن) به پێی ستاندارتی نێوده‌وڵه‌تی.
سێیه‌م: مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی تاكه‌كه‌سی وه‌ك مافێك له یاساكه‌دا بچه‌سپێندرێت، هاوكات له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی ئاگادارینامه پێشكه‌ش به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ن.
چواره‌م: مافی ئاگاداركردنه‌وه بدرێت به دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی نه‌وه‌ك سه‌ربازی و ئه‌منی له كاتی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان یاخود له یه‌كه ئیداریه‌كان و بخرێته ده‌ست یه‌كه‌ی كارگێڕی.
پێنجه‌م: دوورخستنه‌وه‌ی یاساكه له هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌كی لاستیكی كه ته‌فسیری جۆراوجۆر بۆ یاساكه هه‌ڵبگرێت له ئاینده‌دا وه‌كو هاتووه "كاتێك خۆپیشاندان ده‌بێته هۆی په‌كخستنی داموده‌زگا حكومییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان وه‌كو خزمه‌تگوزاری و هاتوچۆی گشتی و چالاكییه ئابووری و بازرگانییه‌كان ئه‌وا پێویسته كۆتایی پێبهێندرێت".
شه‌شه‌م:دووپاتی ئه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه به‌رپرسیارێتی روودانی هه‌ر زه‌ره‌رو زیانێك، چ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه بێت یان هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه، به‌رپرسیارێتییه‌كی تاكه‌كه‌سییه و به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و داواكارانی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانیش وه‌ك هه‌ر به‌شداربوویه‌كی تر مامه‌ڵه‌ی كه‌سییان له‌گه‌ڵدا بكرێت و به‌رپرسیارێتی گشتی روودانی زه‌ره‌رو زیان نه‌خرێته ئه‌ستۆیان، چونكه له رابردوودا داواكارانی خۆپێشاندان سزادراون و ده‌ستگیركراون به‌تایبه‌ت له خۆپێشاندانه‌كانی به‌رده‌م كونسوڵگه‌ری ئێران و چالاكیه‌كانی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان.
له‌كۆتاییدا ماوه‌ته‌وه بڵێین كه:
یاسایه‌كی روون و هاوچه‌رخ و مۆدێرن بۆ رێكخستنی خۆپیشاندان روویه‌كی گه‌شی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان نیشانده‌دات و سه‌ره‌تایه‌كی یاسایی گونجاو ده‌بێت بۆ ناسینی خۆپیشاندان وه‌ك مافێكی سروشتی و ده‌ستووریی هاوڵاتیان و رێگه خۆشكه‌ریش ده‌بێت بۆ رێكخستنی خۆپیشاندان و پاراستنی مافی هاوڵاتیان له‌پیاده‌كردنی ئه‌و مافه‌یانداو له‌هه‌مانكاتدا هاوكاری ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنیش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوازێكی هاوچه‌رخ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆپیشانداندا بكه‌ن و ئه‌و بیرۆكه كۆن و ته‌قلیدیانه‌ش سنووردار ده‌كات كه خۆپیشاندان وه‌ك كردارێكی ئاژاوه‌گێڕیی ناوزه‌د ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌دوای چه‌ندین ساڵی دیكتاتۆریه‌ت و بێ به‌شبوونیان له‌پیاده‌كردنی مافه سروشتییه‌كانیان وایلێكردوون كه تامه‌زرۆی یاسایه‌ك بن كه جێبه‌جێكردنی ئه‌و مافانه و هه‌موو مافه مه‌ده‌نی و دیموكراسییه‌كانی دیكه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات.
ده‌ستپێشخه‌ری ره‌وتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك
25 ئابی 2014
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.