زنجیرە تیرۆر و کوشتنەکانی هەرێمی کوردستان شەرمەزاردەکەین

لەکاتێکدا میللەتانی جیهان بەشێوازی جیاواز سەرقاڵی پێشوازیکردنی ساڵی تازەبوون، لەهەرێمی کوردستان میللەت سەرقاڵی کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی بێتاوان کاوە گەرمیانی و ئامەدی بێ باوک بوو. میللەتان بەخۆشیەوە پێشوازیان لەساڵی نوێکرد، لەهەرێمی کوردستان بەهەواڵی کوشتنی ( بڕیار حەسەن ) پێشوازی لەساڵی نوێکرا.

٢٨ ڕۆژ تێپەڕبوو بەسەر تاوانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی ( باوکی ئامەد ) هێشتا بڕیاردەری تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی دەستگیرنەکراوە و لە دادگاش ئاماددە نەبووە، دووبارە لەشارۆچکەیەکی تری هەرێمی کوردستان گەنجێکی تر لەلایەن دەسەڵاتەوە خوێنی دەڕژێ،  پێنچشەممە ٢٠١٤/١/٢ لەشارۆچکەی سەیدسادق خۆپیشاندانی جەماوەری لەدژی گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاریەکان دەستیپێکرد، دوای نیوەڕۆ (بڕیار حەسەن محەمەد) یەکێک لەبەشداربووانی خۆپیشاندانەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان تەقەی لێدەکرێ و دەکوژرێ.

ئەو زنجیرە تیرۆر و کوشتنەی ماوەیەکە لەهەرێمی کوردستان ڕوودەدات بۆتە جێگای پرسیار لەئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

بەپێی یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی 2010 ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کەتایبەتە بە ڕێکخستنی خۆپیشاندان لەهەرێمی کوردستان 17 ماددە لەخۆدەگرێ، لەماددەی دووەم - بڕگەی یەکەمدا هاتووە : خۆپیشاندان مافێکی دەستوریە بەپێی یاسا پیادەدەکرێ. لەبڕگەی دوومی هەمان ماددەدا هاتووە : نابێ بەپێچەوانەی یاساوە پیادەکردنی مافی خۆپیشاندان قەدەغەبکرێ. ئەوەی لەسەیدسادق ڕوویدا کوشتنی خۆپیشاندەرێک و بریندارکردنی ژمارەیەکی تر، جگەلەوەی پێچەوانەی یاسای ئاماژەپێکراوە، دەکەوێتە چوارچێوەی تیرۆری دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان دژبە هاووڵاتیانی سڤیل بەشێوەیەکی ڕێکخراو.

 ئێمە ئەو زنجیرە تیرۆر و کوشتنەی ( نوخبە)ی هەرێمی کوردستان زۆر بەتوندی شەرمەزار و ئیدانە دەکەین هاوکات بۆ کۆتاییهێنان بەو دراما تراژیدیە داوادەکەین :

 - داواکاری گشتی و دادگا ئەرکی یاسایی خۆیان جێبەجێبکەن و سەروەریی یاسا بپارێزن دادپەروەرانە دوور لەدەستوەردانی حزب مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا بکەن.

- بڕیاردەر و بکەرانی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە و عەبدولستار، دەستگیربکرێن و دادگایی بکرێن.  

- سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بێدەنگی بشکێنن و ئەرکی سەرشانیانیان و کاری پێوویست ئەنجامبدەن.

- دادگایکردنی ئەو هێزە ئەمنیانەی کە بەرپرسن لە کوشتنی (بڕیار حەسەن ) و هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەی لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردووش لە ١٧ ی شوبات لە سلیمانی و شوێنەکانی تری هەرێمی کوردستان کە بەگولـلەی ئەو هێزانە کوژراون.

ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان – ئۆڕتە

فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان

 

٢٠١٤/١/٣

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە