وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كێشه‌كه‌یانی چاره‌سه‌ركرد، كاندیدانی زه‌ماله‌ی حكومه‌تی عێراقی، له‌ هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌یان بۆ ده‌كرێت

ئه‌مڕۆ پێنچ شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (28-8-2014) له‌ هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفراسی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، دكتۆر گۆڤه‌ند شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناردن و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی لیژنه‌ی باڵا بۆ پێشخستنی فێركردن له‌ عێراق كۆبوه‌وه‌.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك له‌‌ كاندیداكانی زه‌ماله‌ی حكومه‌تی عێراقی، كه‌ دانیشتوی هه‌رێمی كوردستانن به‌ڕێوه‌چو. له‌سه‌ره‌تادا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناردن و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان وتی: وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێم سه‌لامه‌تی گیان و داهاتووی كاندیده‌كانی زه‌مالاتی به‌غدا بۆ خوێندنی باڵا به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێ، بۆیه‌ به‌ هۆی تێكچونی باری ئه‌منیه‌وه‌، له‌ ئێستادا كێشه‌ بۆ ئه‌و كاندیدانه‌ دروست بوه‌ و، ناتوانن به‌ئاسانی سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن بۆ ڕایكردنی مامه‌ڵه‌كانیان، بۆ چاره‌كردنی ئه‌و گرفته‌ش وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم داوای له‌ حكومه‌تی فیدراڵ كرد، ئه‌و كاندیدانه‌ مامه‌ڵه‌كانیان و چاوپێكه‌وتن و ڕێكخستنی كه‌فاله‌ت و كاره‌ ڕۆتینیه‌كانی دیكه‌یان له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕایی بكرێت.

 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نوه‌ر ێه‌باح لێپرسراوی كاروباری یاسایی و سه‌رۆكی وه‌فده‌كه‌، سوپاسی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگیی و كارئاسانیه‌ی بۆ كاندیده‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

لیژنه‌ی باڵا بۆ پێشخستنی فێركردن له‌ عێراق سه‌ر به‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی و به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌، كه‌ ساڵانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتوانی پارێزگاكانی عێراق، ژماره‌یه‌ك كاندید له‌ هه‌ر پارێزگه‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا، شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ساڵانه‌ وه‌ك پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق پشكی خۆیان هه‌یه‌ له‌و به‌رنامه‌، له‌ ساڵانی ڕابردودا به‌سود وه‌رگرتن له‌و به‌رنامه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك كاندیدی كورد له‌ شاره‌كانی كوردستان ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كراون بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر و دكتۆرا)، به‌ڵام به‌ هۆی تێكچوونی باری ئه‌منییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردودا، ژماره‌یه‌ك كاندید نه‌یانتوانیوه‌ سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن بۆ ڕایكردنی مامه‌ڵه‌كانیان، بۆیه‌ به‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕی ده‌كری كاندیده‌كان له‌ كاتێكی نزیكدا مامه‌ڵه‌كانیان ته‌واو بكرێت و دواتریش له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ده‌ست به‌خوێندنه‌كانیان بكه‌ن.

* ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە