فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ كچه‌كان ناقیژێنن" له ده‌رهێنانی "پووران دره‌خشه‌نده" له زانكۆی بێركلی ئه‌مه‌ریكا نمایشكرا و له لایه‌ن قوتابیانی نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌كانه پێشوازیی لێكرا.
فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ كچه‌كان ناقیژێنن" به ئاماده‌بوونی خانمه سینه‌ماكاری كورد "پووران دره‌خشه‌نده" له به‌شی "ئافره‌تان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" له هۆڵی ستێفان له دێپاڕتمانی خوێندنه‌وه‌كانی ئافره‌تان له زانكۆی بێركلی له ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا له وڵاتی ئه‌مه‌ریكا چووه سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما و له لایه‌ن قوتابیانی نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌كانه و به تایبه‌ت خوێندكارانی سینه‌ماوه پێشوازییه باشی لێكرا و ژماره‌یه‌ك له‌وان به چاوی فرمێسكاوییه‌وه به دیاری ئه‌م فیلمه‌وه دانیشتن.
پاشان نمایشی ئه‌م فیلمه، كۆڕی ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنیی ئه‌م به‌رهه‌مه به ئاماده‌بوونی ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی له هۆڵی كۆنفڕانسی سوڵتان له ناوه‌ندیی ڕۆژهه‌ڵاتناسی ئه‌م زانكۆیه به‌ڕێوه‌چوو و ئه‌م فیلمسازه كرماشانییه وڵامی پرسیاره‌كانی قوتابیانی نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌كانی جیهان و بینه‌رانی ئاماده‌بوو دایه‌وه.
له سه‌ره‌تای ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، پرۆفیسۆر میلانی سه‌رۆكی ناوه‌ندیی ڕۆژهه‌ڵاتناسی زانكۆی بێركلی ئه‌مه‌ریكا زۆر به جوانی سه‌باره‌ت به فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ كچه‌كان ناقیژێنن" و پێگه و كه‌سایه‌تیی هونه‌ری "پووران دره‌خشه‌نده" له سینه‌مادا هاته ئاخاوتن و پاشان، ئه‌م فیلمسازه كورده چه‌ند وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و له درێژه‌دا به وردی وڵامی پرسیاره‌كانی قوتابیانیی نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌كان و ئاماده‌بووانی ناو هۆڵه‌كه‌ی دایه‌وه.
هه‌ندێك له قوتابیانی بیانی لقی سینه‌ما له‌و بڕوایه‌دابوون كه له وڵاتی ئه‌وان بابه‌تی له‌م شێوه‌یه‌ی كه له فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ كچه‌كان ناقیژێنن" هه‌بوو، تا ڕاده‌یك بوونی هه‌یه، به‌ڵام باروودۆخ بۆ سازكردنی فیلمی به‌م شێوازه له‌و وڵاتانه ناڕه‌خسێت و پێویسته ئه‌م جۆره به‌رهه‌مانه هه‌ر چی زۆرتر له ناوه‌نده زانكۆییه‌كانی دنیا نمایش بكرێت تا ئه‌م ته‌وه‌رانه زیاتر له‌وه بخرێته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌وه.
"بێده‌نگ كچه‌كان ناقیژێنن" له دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له له به‌شی پێشبڕكێی ده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی یۆرۆئاسیا Eurasia له وڵاتی كازاخستان نمایشكرا.
ئه‌م فیستیڤاڵه به به‌شداری 200 فیلم له سینه‌ماكارانی 30 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان له چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی، به‌شی "تایبه‌ت به 30 ساڵ سینه‌مای كازاخستان"، به‌شی تایبه‌ت به سه‌ده‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی له دایكبوونی فیلمسازی ناوداری كازاخستانی "شاكیم ئیمانۆف"، به‌شی "سینه‌مای كۆریای باشوور"، به‌شی "شه‌وی كورته فیلم"، به‌شی "سینه‌ما پردێك له نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا"، به‌شی "ڕووداوه تایبه‌ته‌كان" و به‌شی "سینه‌مای وریای كازاخستان" له ڕۆژانی 15 تا 20ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له شاری ئاڵمائاتی گه‌وره‌ترین شاری وڵاتی كازاخستان به‌ڕێوه‌چوو.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "بێده‌نگ كچه‌كان ناقیژێنن".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.