پارێزگاری سلێمانی و باڵیۆزی ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌

ئه‌مرۆ 2ی كانوونی یه‌كه‌می 2014، به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح، پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد له‌ ستوارت جۆنس باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق و جۆزیف پیناین گتۆن كونسوڵی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ دیدارێكدا پارێزگاری سلێمانی و باڵیۆزی ئه‌مریكا گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی ره‌وشی سلێمانی به‌گشتی و بارودۆخی ئاواره‌كان به‌ تایبه‌تی و گه‌شه‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ تایبه‌ت هاندانی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان بۆ سه‌رمایه‌گوزاری له‌ پارێزگای سلێمانی.

له‌ دیداره‌كه‌ پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ و شه‌ری گروپی تیرۆریستی داعش و هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ی ناوچه‌كانی تری عیراق و وڵاتانی دراوسی، هه‌رێمی كوردستان رووبه‌رووی قه‌یران و بارگرانی زۆر بووه‌ته‌وه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ جگه‌له‌ وه‌ستانی پرۆژه‌كانی بواری بونیادنان نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست خزمه‌تگوزاری بگه‌یه‌نرێته‌ ئاواره‌كانیش.

پارێزگار وتیشی: بۆ به‌ هاناوه‌ چوونی ئاواره‌كان و دابینكردنی پێداویستیه‌كانیان زیاتر پشت رێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌كی هاووڵاتیان به‌سراوه‌.

پارێزگار روونیشی كردووه‌ داعش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و جگه‌له‌ ئاواره‌ بوونی سه‌دان هه‌زار كه‌س كێشه‌ی بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش دروست كردووه‌ بۆ نمونه‌ سلێمانی كه‌ سه‌نته‌رێكی گرنگی بازرگانی و پیشه‌سازی عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ رێگه‌ی بازاره‌كانی ناوه‌راست و خوارووی عیراقی لی گیراوه‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌و دوو كه‌رته‌ زیانی زۆریان به‌كه‌وتووه‌.

پارێزگار سوپاسی پاڵپشتی ئه‌مریكییه‌كانی تر بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و داوای كرد زیاتر پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ بكرێت بۆ كۆتایهێنان به‌ شه‌ڕی داعش و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستیه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا خوڵقاندوویه‌تی.

له‌ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گه‌شه‌كردنی سلێمانی و پرۆژه‌ ستراتیژی سلێمانی خرانه‌ به‌ر باس و پارێزگاری سلێمانی ئاماژه‌ی بۆ هه‌لومه‌رجی گونجاوی سلێمانی كرد بۆ گه‌شه‌كردنی كه‌رته‌ ئابورییه‌كان به‌تایبه‌ت بواری وه‌به‌رهێنان و داوای كرد زیاتر هانی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان بدرێت بۆ سه‌رمایه‌گوزاری له‌ پارێزگای سلێمانی.

پارێزگار وتیشی: به‌ رێكه‌وتنی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان و هاتنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ جی به‌جی كردنی پرۆژه‌كان و بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به‌ هاوكاری و پشتیوانی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان ده‌بێت چی له‌بواری جی به‌جی كردنی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ بێت چی پرۆژه‌ی مام ناوه‌ندی بێت.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە