ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم کوژرانی جێگرێکی ئەبوبەکر بەغدادی پشتراست دەکاتەوە

 

 

 

راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

لە دڕێژەی ئەو گورزە کوشندانەی لە لایەن هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانانەوە بەر تیرۆریستانی داعش دەکەوێت، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کوژرانی جێگری ئەبوبەکر بەغدادی بۆ کاروباری سەربازیی ویلایەتی نەینەوای داعش پشتراست دەکاتەوە.

گەورە تیرۆریست شیهاب ئەحمەد حەسەن ئەللهێبی ناسراو بە ئەبوو سەعد کە جێگری تیرۆریست ئەبوبەکر بەغدادی بۆ سەرپەرشتی کاروباری سەربازیی ویلایەتی نەینەوای تیرۆریستان بوو، لە رێکەوتی ١٧/١٢/٢٠١٤، لە ساحل ئەیسەری شاری موسڵ، گەرەکی کیفائات بەرامبەر مونتەزە کەندی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە گەل تیرۆریستێکی پایە بەرزی دیکە بە ناوی فەتحی ناسراو بە ئەبو عەبدوللا کوژران.

شيهاب ئەللهێبی، ناسراو بە ئەبو سەعد، سەر بە عەشیرەتی لهێبییە، ناوبراو دوای روخانی رژێمی بەعس پەیوەندی بە گروپی ئەلقاعیدە دەکات و لە ناو ئەو گروپە بە ئەبو قەتتادە ناسراو بووە. ماوەیەک لە بەندیخانەی بوکا زیندانی کراوە و دوای ئازادکردنی بوو بە بەرپرسی سەربازیی ئەلقاعیدە لە پارێزگای سەلاحەددین. دوای ئەوە دەستگیر دەکرێتەوە و لە ئەبو غرێب بەند دەکرێت و هەر دوای ماوەیەک لە گەل ژمارەیەک تیرۆریست لە زیندان رادەکەن.

دوای سەرهەلدانی داعش ناوبراو پەیوەندی بە داعش دەکات و دەکرێت بە بەرپرسی کردارە تیرۆریستییەکانی ناو موسڵ. دوای داگیرکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە دەکرێت بە بەرپرسی گشتیی ئەمنی موسڵ. ناوبراو راستەوخۆ سەرپرشتیی تیرۆری سەدان کەسی لە ناو موسڵ کردووە، هەروەها راستەوخۆ دەستی لە شەهیدکردنی ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی هەبووە، ژمارەیەکی زۆر لە برا شیعەکانی پارێزگای موسڵ لە شەبەک و تورکمان، بە دەستی خۆی لە ناو بردراون. هەردوو مەزارگەی نەبی یونس و نەبی شیت بە سەرپەرشتی ئەم تیرۆریستە تەقێندرانەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایش پشتراستی دەکاتەوە کە ئەم تیرۆریستە و هاورێکەی لە میانەی بە ئامانج گرتنی ئۆتۆمبێلەکەی لە ناو موسڵ کوژراون و وێنەی خۆی و کاتی لێدانەکەی بڵاو دەکەینەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

١٩/١٢/٢٠١٤

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە