بەیاننامەی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان سەبارەت بە ٢٧ زیندانی سیاسی کورد لەشاری ورمێ

جەماوەری کوردستان

سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان

پارتە سیاسیەکانی چوار بەشی کوردستان

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و شارستانی

ڕاگەیاندکارانی کوردستان

لەبەشێکی ووڵاتەکەماندا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (٢٧) زیندانی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێ ماوەی (٣٢) ڕۆژە دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن . دوای ئەوەی کاربەدەستان و دەزگای هەواڵگری ئێران (ئیتڵاعات) لەگرتووخانەی ورمێ، گیراوانی تاوانبار بە ماددە سڕکەر و هۆشبەرەکانیان تێکەڵ بە زیندانیانی سیاسی کرد، مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کورد لە ٢٠١٤/١١/٢٠ دەستیپێکرد . زیندانیانی مانگرتوو داوا دەکەن شوێنی زیندانیانی سیاسی لەبەندی (١٢) ی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەکە جیاوازبێت و تێکەڵ بە گیراوانی تاوانبار بە کوشتن و ماددە هۆشبەرەکان نەکرێن . ئەو داواکاریەی زیندانیانی سیاسی کورد داوایەکە لەجێگای خۆیدایە و هاوکات داوایەکی سادەیە، بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتیش پێوویستە بەباشی مامەڵە لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بکرێ و تێکەڵ بەگیراوانی تر نەکرێن . دوای زیاتر لە چوار هەفتە بەردەوامبوون لەمانگرتن و تێکچوونی باری تەندروستی ژمارەیەک لە مانگرتووان، هێشتا مانگرتنەکە بەردەوامە .

فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان و ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان پشتگیری تەواوی داواکاریەکانی زیندانیانی سیاسی مانگرتوو دەکەین و ڕایدەگەیەنین :

 - وەک هەنگاوی یەکەم پێوویستە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای لەسێدارەدان هەڵوەشێنێتەوە و کۆتای بە ئەشکەنجەدان و هەڕەشەکردنی زیندانیانی سیاسی بێنێت .

 - زیندانیانی مانگرتوو لەبەندی (١٢) ی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی تێکەڵ بە گیراوانی تاوانبار بەماددەکانی کوشتن و ماددە سڕکەرەکان نەکرێن .

 - لەئەنجامی گوشارەکانی ڕژێمی ئێران، زیندانیانی سیاسی کورد دەستیانکردووە بەمانگرتن لە خواردن لەبەر ئەوەی تەسلیمیەت قبوڵ ناکەن، ئەگەر هەر زیندانیەکی سیاسی مانگرتوو لەئەنجامی مانگرتن گیانی لەدەستبدات، ئەوا ڕژێمی ئێران بەرپرسیارە .

لەکۆتاییدا فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان و ڕێکخراوی (ئۆڕتە)، بانگەواز لە هەموولایەک دەکەین پشتگیری زیندانیانی سیاسی و داواکاریە ڕەواکانیان بکەن .

فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان

ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەسکەنجە و لەسێدارەدان (ئۆڕتە )

22. 12. 2014

 

 

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە