بۆ رای گشتی: كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK لە گەڵ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری لە ئێران كۆمەڵێك باس و گفتوگۆ سەبارەت بە دەستپێكردنی گۆڕانكاری لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران هاتە ئاراوە. هەر لە سەرەتای هەڵبژاردنەوە هەتا ئێستا، گەلێك لێدوان و موناقەشە لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی ئێران وەك باس لەسەر روانگەی ئاساییشی دەوڵەت، مافی هاووڵاتی بوون، چارەسەری كێشەی نەتەوەكان، پەروەردە بە زمانی زگماكی، هەڵاواردنی ئابووری و دابەش كردنی فەرهەنگی دەستی پێكرد. ئەم بابەتانە كە ماوەیەكە بۆتە رۆژەڤی سەرەكی چالاكان سیاسی، مەدەنی و گەلانی ئێران، لە ئەگەری هەبوونی دەرفەتی دیمۆكراتیك، بەرێگای پیلانی كرداری دەتوانێ ببێتە هەنگاوێكی ئەرێنی و كارامە، لە پێناو چارەسەری كێشەكانی ناوخۆی ئێران. هەڵبەت لە پێناسە كردنی بەشێك لە دەستەواژەكان، كێشە هەیە كە ئەم باس و گفتوگۆیانە بەلارێی دا دەبات. پێویستە سەرجەم گەلانی ئێران و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بتوانن بەشداری لەم باسانەدا بكەن و بەستێنی دیالۆگ پێك بهێنرێت. هاوكات پێویستە دەرەتانی بە جێی كردنەوە بیر و رای جیاواز لەم قۆناخەدا بخوڵقێنرێت. ئەو بابەتانەی كە لە جارنامەی مافی هاووڵاتی بووندا بە جێ كراون، یەكجار موحافەزەكارانەیە و سەرەڕای ئەم كەموكۆڕیەش، پەیوەست كردنی ئەم مافانە بە یاساگەلێك لە یاسای بنچینەیی كە هیچ چەشنە گەرەنتییەكی كردارییان نیە و هاوكات دیاركردنی ئەمما و ئەگەری جیاواز بۆ ئەم مافانە، ئاستەنگە لە بەردە
م پێك هێنانی خاڵە دیاریكراوەكان. بۆچوونەكانی كاربەدەستانی دەوڵەتی و جارنامەی مافی هاووڵاتی، پێویستە خاوەن شەفافیەتی زیاتر لە بوارەكانی هزری و كرداریدا بێت. لە بەشێك لە لێدوانەكانی كاربەدەستانی حكوومەت نایەكسانی بەرچاو لە نیزیكایەتی حقووقی سەبارەت بە نەتەوەكانی ئێران دەبینریت. بەڵام نابێ لە نێوان گەلانی ئێران لە بوارەكانی ماف و ئازادییەكانی فەرهەنگی، سیاسی، ئابووری و مەدەنی، هەڵاواردن بكرێت. پێویستە لە یاسا و حقوقدا، سەرجەم گەلانی ئێران بە لە بەرچاوگرتنی جیاوازیەكانیان، یەكسان و ئازاد ببینرێن. تەنیا بە گەرەنتی حقوقی و یاسایی، دەتوانرێ بەستێنێكی دیمۆكراتیانە بۆ باس سەبارەت بە چارەسەری كێشەی گەلانی ئێران دەستەبەر بكرێت. بەم هۆكارە دابەش كردنی گەلانی ئێران بە شارستانی و ناشارستانی، دابەش كارییەكی هەڵەیە و ئەم عەقلیەتە سەرچاوە گرتووە لە خۆبەناوەند دیتنی لایەنە ناسیۆنالیستە فاناتیكەكانە. تێگەیشتنێكی وەها هەڵە، سیاسەتی هەڵاواردنە و تەنیا بەستێنی شەڕ و پێكدادان دەستەبەردەكات و دەبێتە هۆی ئەوەی كە قەیران لە ئێران قووڵتر ببێتەوە. هەروەها لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران بابەتی دابەش كردنی نوێی ئوستانی و بەشداری لە پلە بەرزەكانی رێوەبەری وڵات، تاووتۆی لەسەر دەكرێت. بێشك مافی دیاری كردنی چارەنووس و بەشداری لە سیاسەت و بەڕێوەبەری كۆمەڵگا، لە داخوازییەكان و مافە بنەڕەتییەكانی سەرجەم نەتەوە و جیاوازییە ئایینی و مەزهەبییەكانی ئێرانە. بەڵام بۆ دەستەبەركردنی ئەم پێداویستیانە، پێویستی بە بیر و راگۆڕینەوە لەگەڵ موخاتەبانی ئەم بابەتانە، واتە سەرجەم جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی ـ مەزهەبیەكان و هێزە بەرهەڵستكارەكان هەیە. لە ئەگەری ئەوەی كە راستینەی لێك كردنی كارامەی فەرهەنگی گەلانی ئێران بە درێژایی مێژوو لە بەرچاو نەگیرێت، سنووربەندی نوێی ئەیالەتی، قازانجێكی وەهای لێی ناكەوێتەوە و تەنانەت لە ئەگەری چارەسەر نەكردنی بنەڕەتی كێشەكان، شیمانەی ئەوەی كە دەرەنجامی پێچەوانەی لێبكەوێتەوە، یەكجار زۆرە. چوونكوو جیاوازییە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبیەكانی ناو ئێران بە ساڵانە بە شێوەیەكی ئاشتیانە لە كناری یەكتر ژیان دەكەن و كاریگەری پۆزێتیڤیان لەسەر یەك داناوە. تەنانەت بەشێك لە نەتەوەكانی ناو ئێران، نیشتەجێی زۆربەی شوێنەكانی ئێرانن كە سنووری جوغرافیاییان لەگەڵ هاوناسنامیەكانی خۆیان نیە. بۆیە سنووربەندییەكی مسۆگەر، لەگەڵ هەل و مەرجی جوغرافیایی و تەنانەت شێوەی بڵاو بوونەوەی نەتەوەكان لە ئاستی ئێران بە باشی ناگونجێ. لە ئەگەری رەوشێكی وەها، نەتەوەیەك لە ئێران بە ناسنامەیەكەوە، لە جوغرافیایەكی دیاریكراو، خاوەن ماف دەبێت و لە جوغرافیایەكی جیاوازتر لە هەمان ماف بێبەری دەبێت. لە لایەكی تریشەوە ئەركدار كردنی هەندێك كەسایەتی سەر بە دەوڵەت بە ناسنامەیەتی نەتەوەیی تایبەت لە پایە و پلە بەرزەكانی دەوڵەتی، بە هیچ شێوازێك ناتوانێ چارەسەری لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و لە كۆتایی دا جیا لە سەرپۆش كردنی كێشەكان دەرەنجامێكی تری لێ ناكەوێتەوە. واتە ئەركدار كردنی تاكێك بە ناسنامەی نەتەوەیی كورد، بۆ كۆمەڵگای كوردەواری، ئازادی و بەشداری سیاسی لە گەڵ خۆیدا ناهێنێت. پێویستە كۆمەڵگا ببێتە خاوەن هێزی رێوەبەری خۆی و لە كەشێكی كراوەی سیاسی دا بتوانێت پێداویستیەكانی ژیانی خۆی دەستەبەر بكات. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاك، فورموڵاسیۆنی "خۆبەڕێوەبەرایەتی دیمۆكراتیانە" مان پێشكێش كردووە كە بەشداری راستەوخۆی گەل لە رێوەبەری كۆمەڵگا بەدی دەهێنێت. باس كردن لە رێگای داهاتووی ئێران و سیستەمی نوێ لە پێكهاتەی دەوڵەت، پێویستە جیاوازی بنەڕەتی لە گەڵ ئەم رێگایە هەبێت كە هەتا ئێستا تێپەر بووە و لە پێك هێنانی ئەو، پێویستە گۆڕانكارییەكان بە باشی هەستیان پێ بكرێت و روون و بەرچاو بن. تەنیا لەم رەوشەدایە كە قەیرانی ئێستاكە لە ئێران چارەسەر دەبێت و قەیرانەكان قوڵتر نابنەوە. لەم پێناوەدا پێویستە دەوڵەت رێبازی ئاشتی لە گەڵ كۆمەڵگاكان و هێزە بەرهەڵستكارەكان بگرێتە بەر و بەم چەشنە چارەسەری كێشەكان بخاتە بەر باس و هەنگاوی كرداری بنێتەوە. واتە پێویستە دەرفەت و دەرەتانی بەشداری سەرجەم جیاوازییەكان لە ئێران دەستەبەر بكات. ئەم بابەتە بە لەناوبردنی هیچ یەك لە هێزە كۆمەڵایەتیەكان مومكین نابێت و پێویستە هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە. لە ئەگەری جیدی بوون و سەمیمیەتی دەوڵەت لەم بارەیەوە، گەلی كورد و ئێمە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان بە پرۆژەی كردارییەوە لە پێناو دیمۆكراتیزاسیۆنی ئێران بەشداری دەكەین. سڵاو و رێزی شۆڕشگێڕی كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK 12/1/2014 ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.