بۆ مێژوو : به‌رامبه‌ر سزادانی کوڕه‌که‌ی، سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی، مامۆستا عومه‌ر شه‌مه‌یی خه‌ڵات کردبوو! ... بەختیار شەمەیی

مامۆستا عومەر شەمەيی، لەناو پۆلی خوێندنگەيەکی شۆڕشدا بە زللەيەک سزای کورێکی سەرۆک بارزانیی دابوو!.

رەوانشاد، عومەر شەمەيی کە ساڵی 1973 خوێندنی زانکۆی لەسلێمانی تەواوکرد، وەک ئەرکێکی نەتەوەيی و نيشتمانيی چووە ناو شۆڕشەوە و لە گەڵاڵە بوو بەمامۆستای شۆڕش.ئەوە نەريتێکی هاوبيرانی "کاژيک)* بوو، زۆربەی کاژيکەکان نەدەچوونە خزمەتی سەربازی و بڕوايان بەوە نەبوو کە لەسوپای داگيرکەرانی کوردستاندا خزمەتی سەربازی بکەن.

عومەر شەمەيی ئەو کاتە‌ی که‌ لەگەڵاڵه مامۆستای شۆڕش بوو، بە مامۆستا عومەر شەمەيی ناسراو بوو.يەکێ له خوێندکارەکانی، نيهاد بارزانى، کوڕی سەرۆک بارزانيی نەمر بوو.رۆژێک لەسەر ئامادەنەکردن و فەرامۆشکردنی وانەکانی، لەکاتی تووڕەبووندا، له پۆلەکەدا و لەبەرچاوی هەموو خوێندکارەکانی ديکەدا، زللەيەکی توند و گەرموگوڕ لە نيهادی خوێندکارى دەسرەوێنێت و نيهاد بەدڵی شکاو و گريانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.پاشان سەرۆک بارزانی لە رووداوەکە ئاگادار دەکەن و داوا دەکات کە ئەو مامۆستایه‌ی بۆ بانگ بکەن با خۆی بيبينێت و لە راستیی رووداوەکە ئاگادار بێت.کاکە عومەرم بۆی گێڕامەوە، وتی "پاشان هەستمکرد و تێگەيشتم کە ئەو توڕەبوون و زللەيە زۆر لەسەرم دەکەوێت و رەنگە ببێتە هۆکاری لەناوچوون يان زيندانيکردن و ئەشکەنجەدانم".هەرچۆن بێت، سەرۆک بارزانی بۆ لێکۆڵينەوە لەو رووداوە، مامۆستا عومەر بانگهێشی لای خۆيان دەکات و لە کۆبوونەوە و دانيشتنێکی تايبەتيدا کە بۆ لێکۆڵينەوە لەو رووداوە ئامادەکرابوو، مامۆستا عومەر راستيی رووداوەکە و هۆکاری توڕەبوونەکەی بۆ بارزانی دەگێڕێتەوە و بە بارزانی دەڵێت "ئەزبەنی: من لە نێو پۆلدا، جیاوازیی کوڕی ئێوە و کوڕی سه‌رۆککۆمار و منداڵی هیچ هاونیشتمانییەکی ئاسایی ناکەم ".سه‌رۆک بارزانی کە گوێی لە وته‌کانی عومەر شه‌مه‌یی دەبێت، بە ئازایەتی و راشکاوییەکەی سەرسام دەبێت.کاکە عومەرم خۆی دەيگێڕايەوە، دەيگوت "پێشتر چەند جارێک دوور بەدوور بارزانيی نەمرم بينی بوو، سەرۆک بارزانی زۆر بەشانوشکۆ بوو و ترس و سامێکی زۆر سەيری هەبوو.بەڵام ئەوەيە کەمجار بوو رووبەڕوو سەرۆک بارزانی ببينم و بۆ نەگبەتی بۆ لێکۆڵينەوە لە رووداوێکی لەو بابەتەش!" وتی " پاشان خۆم زۆرم پێناخۆش بوو و زۆر لەو زللەيە پەشيمان بوومەوە، نەک لەبەر ئەوەی کە نيهاد، کوڕی سەرۆک بارزانی بوو، بەڵکو بەهۆی تووڕەييەوە ئەو کارە ناخۆش و نەشياوەم بەرامبەر ئەو خوێندکارەی خۆم کردبوو!".دەيگوت، "نايشارمەوه، زۆر ترسام و خەمم بوو، لەبەر دوو شت: يەکەم، ئەوە بوو کە هەموو دەيانزانی من بەنهێنی ئەندام و کادرێکی رێکخراوی نەتەتەوەيی و نهێنيی "کاژيک)م و دەزگای پاراستنيش بەردەوام چاولەدووی کاژيکەکان بوو و کاژيکيش وەک رێکخستنێکی نهێنيی ناو شۆڕش، لەناو شۆڕشی کوردستاند ياساخ و نەخوازراو بوو!.دووهەم، ئەوە يەکه‌م جار بوو کەسێک بەو ئاشکراييە و لەناو خوێندنگەی شۆڕش و لە گەڵاڵەدا، زللەيەک لەکورێکی سەرۆکێکی بەدەسەڵات و بەناوبانگی شۆڕشی کوردستان بدات.ئەم دوو هۆکارە بەس بوون بۆ ئەوەی چارەنووسێکی ناديار چاوەڕووانم بکات.ئەگەر بارزانی سەرۆکێکی نادادپەروەر بووايە، هەر ئەو کاتە دەيتوانی لە تۆڵەی ئەو رووداوەدا، هەموو جۆره سزايەکی بدامایه‌ و کەسيش نەيدەتوانی پێشيان پێبگرێت".شايانی باسە، سەرۆک بەرزانیی نەمر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ سەرۆکێکی بەدەسەڵات و بەسام بوو، بەڵام مرۆڤێکی بەخشندە و لێبووردە بوو، هەموو ئەو کەسانەی کە نێزيکی بارزانی بوون و سەروکاريان لەگەڵياندا هەبووە، گەواهی بۆ ئەو تايبەتمەندييانەی بارزانی دەدەن.بەڵام خۆشبەختانه پاش ئەوەی کە سەرۆک بارزانی لەراستیی رووداوەکە تێگەيشتبوون، ئەو بڕيارە دادپەروەرانەيەی دابوو و خۆيشيان سزای نيهادی کوڕيان دابوو.هه‌روه‌ها بەپێچەوانەی پێشهاتی چاوەڕوانکراوه‌وه‌، سەرۆک بارزنی لەپاداشتی ئەو تووڕەبوون و زللەيەدا، سه‌رباری سوپاس و دەستخۆشانە‌، ئوتۆمبیلێکی جێبی خەڵاتی مامۆستا عومەر شەمەيی کردبوو، ئەویش جێبه‌کە‌ی پێشکەشی هێزی خەبات کردبوو.هێزی خه‌بات، ئه‌و هێزه‌ ئازا و شۆڕشگێر و ناسراوه‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول بوو که‌ فه‌رمانده‌که‌ی شۆڕشگێڕی گیانبه‌خشیووی کوردایه‌تی، کاک فه‌تاح محه‌مه‌د ئه‌مین بوو.هێزی خه‌بات‌ به‌ هێزی کاژیک و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی نێو شۆڕشی کوردستان ناسراو بوو.

 بەختياری شەمەيی

18.12.2013

ئەمستەردام

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

تێبینی: وه‌کو ئه‌زموون کردنی دێمۆکراسێتی، ئه‌م نووسراوه‌م ناردن بۆ میدیا و راگه‌یاندنه‌کانی "پارتی دێمۆکراتی کوردستان)، چونکه‌ راسته‌وخۆ پێوه‌ندیداره‌ به‌وانه‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ که‌ نووسراوێک بۆ راگه‌یاندنه‌کانی ده‌سه‌ڵات و پارتی بنێرم، به‌ڵام له‌ وه‌ڵامێکی ده‌ماو ده‌مه‌وه‌ ئاگاداریان کردمه‌وه‌،‌‌ مادام رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ که‌ ده‌ستکاریی ئه‌م نووسراوه‌ بکه‌ن.ئه‌وان ناتوانن و نایانه‌وێت بڵاوی بکه‌نه‌وه.

خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا به‌هۆی پێشکه‌وتن و زۆری و ئاسانیی ئامڕازه‌کانی گه‌یاندن و راگه‌یاندنه‌وه‌، ئاسانترین کار، بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یام و نووسراوه‌ له‌ تۆڕه‌ جیهانییه‌کاندا و گه‌یاندنیه‌تی به‌ زۆرترین خوێنه‌ر.

*وشه‌ی "کاژیک)، کورتکراوه‌ی ناوی یه‌که‌م پیته‌کانی "کۆمه‌ڵه‌ی ئازادی و ژیانه‌وه‌ و یه‌کێتیی کورد)ه.رێکخستنێکی‌ نه‌ته‌وه‌یی و‌ نهێنیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوو، که له‌‌ ١٤.٠٤.١٩٥٩دا له‌ لایه‌ن چه‌ند مامۆستا و دادوه‌ر و نووسه‌ر و رۆشنبیرێکه‌وه‌ له‌ شاری سلێمانی پێکهێنرابوو.دروشم و ئامانجی کاژیک، ئازادی و یه‌کسانیی کورد و یه‌کگرتنه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بوو.

--------------------------------------------------------------------------------------------------------

کورتەيەک لەژيانی رەوانشاد عومەر شەمەيی

عومەر محەمەد ساڵح - عومەر شەمەیی

لە بەهاری 1948 لەشاری سلێمانی لەدایکبووە.ساڵی 1973 بەشی کیمیای کۆلیژی زانستەکانی زانکۆی سلێمانیی تەواوکردووە.لەکۆتایی شەستەکاندا بووەتە ئەندامی کاژیک و یەکێک بووە لە کادرە هەرە پێشکەوتووەکانی و بەناوی "ئەزمەڕ)ەوە ناسراو بووە.سەرەتای هەفتاکان بووەتە سەرۆکی یەکێتیی قوتابیانی زانکۆی سلێمانی.لە دامەزراندنی پاسۆکدا پرسی پێکراوە بەڵام بەشداریی نەکردووە.لەشۆڕشی ئەیلوولدا بەشداری کردووە و لەهێزی خەباتدا بووە.پاشان لە گەڵاڵە بووەتە مامۆستای شۆڕش.ساڵی 1974 لە رۆژهەڵات لەلایەن دەزگای ساواکەوە بەتاوانی ئەندامێتیی کاژیک لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە و پاشان ئازاد کراوە.بەشداریی کۆنفڕانسی خۆتواندنەوەی کاژیکی کردووە لە شاری نەغەدە لەساڵی 1975.ماوەیەکی زۆر فەرمانبەر بووە لە کارگەی جگەرەی سلێمانی.پاشان لە هەمان کارگە بووەتە بەڕێوەبەری بەشی پاککردنەوەی تووتن.

رۆژی 14-09-2008 بەنەخۆشیی شێرپەنجەی جگەر لەشاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لەگردی ناوەڕاستی شاری سلێمانی نێژراوە.

لەماڵپەڕی کورديپێدياوه.

http://www.kurdipedia.org/?lng=1&q=20081126135008528

کوردیپێدیا - عومەر محەمەد ساڵح - عومەر شەمەیی

www.kurdipedia.org

‏کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!‏

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە