په‌رله‌مانتارانی ئیتاڵیا پێشوازیان له‌ پارێزگاری سلێمانی كرد

له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌و دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ باڵاكانی ئیتاڵیا، به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی سه‌ردانی په‌رله‌مانی ئیتاڵیای كرد و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی ئیتاڵیا له‌ ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئیتاڵیا پێشوازی لی كرا

له‌ دیدارێكدا پارێزگاری سلێمانی و په‌رله‌مانتارانی ئیتاڵیا له‌سه‌رچه‌ند ته‌وه‌رێكی جیاجیا گفتۆگۆیان كرد و هه‌ردوولا به‌گه‌رمییه‌وه‌ پێشوازیان له‌گه‌شه‌ پێدانی په‌یوندییه‌كانیان كرد.

په‌رله‌مانتارانی ئیتاڵیا رۆڵی كورد و سه‌رۆك مام جه‌لالیان له‌ عیراق و ئارامی عیراقدا به‌رز نرخاند.

له‌ دیداره‌كه‌دا پارێزگاری سلێمانی كورته‌باسێكی له‌باره‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی رابردووی كورد و جینۆسایدی كورد له‌لایه‌ن رژێمی پێشووی عیراقه‌وه‌ پێشكه‌ش كردو دواتر روونكردنه‌وه‌ی دا له‌باره‌ی سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان و ئه‌و گه‌شه‌كردنانه‌ی له‌دوای رووخاندنی رژێمی پێشووی عیراقه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌دی هاتوون.

پارێزگار ته‌ئكیدی له‌ ئارامی كوردستان به‌گشتی و پارێزگای سلێمانی كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌گونجاوی كوردستان كرد بۆ سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنان و رازی بوونی خۆی له‌كاری كۆمپانیا ئیتاڵیه‌كان له‌ سلێمانی نیشانداو خوازیار بوو ژماره‌ی كۆمپانیا ئیتاڵییه‌كان هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌وه‌ زیاتر بچێت.

له‌ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی ئاواره‌كانی خۆرئاوای كوردستان، پارێزگاری سلێمانی له‌ورووه‌وه‌ رایگه‌یاند ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌كوردانی خۆرئاوای كوردستان روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه‌و به‌شێكیان له‌كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێن وبه‌شێكیشیان له‌ شاره‌كاندان و به‌ هاوكاری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌وڵه‌كان بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانیان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان به‌رده‌وامه‌

جێگه‌ی باسه‌ 21ی ئه‌م مانگه‌ پارێزگاری سلێمانی به‌یاوه‌ری وه‌فدێك له‌ پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر بانگێشتی ره‌سمی حكومه‌تی رۆما و به‌ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی ئیتاڵیای كرد و بریاره‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌و دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌دا ئه‌نجام بدات به‌مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی هاوكارییه‌كانی هه‌ردوو لا.

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە