خه‌ڵاتی ساڵی 2013ـه‌ی گۆرانیبێژی ناوداری كورد محه‌مه‌د ماملێ له ڕێوڕه‌سمێكدا ڕۆژی چوارشه‌مه 29ی كانوونی دووه‌می 2014 له هۆڵی ته‌وار له سلێمانی پێشكه‌ش به گۆرانیبێژی كورد ناسر ره‌زازی ده‌كرێت.
لێژنه‌ی ڕاوێژكاری مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ بڕیاری داوه كه پێنجه‌مین خه‌ڵاتی گۆرانیبێژی ناوداری كورد محه‌مه‌د ماملێ به ناونیشانی "خه‌ڵاتی ساڵی 2013" به هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی كورد ناسر ره‌زازی پێشكه‌ش بكات.
بڕیار وایه به هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كه‌له‌پووری كورد سه‌ر به وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی چه‌ندین كه‌سایه‌تیی هونه‌ری و كه‌لتووری به‌شه جۆراوجۆره‌كانی كوردستان، میوانانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ی ماملێ، كاتژمێر 3ی پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌مه 29ی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2014 له هۆڵی ته‌وار له شاری سلێمانی ڕێوڕه‌سمێكی شایان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بگیرێت.
ئه‌و خاڵانه‌ی كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بڕیاری لێژنه‌ی ڕاوێژكاری مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ داوه بۆ به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته به هونه‌رمه‌د ناسر ره‌زازی، بریتین له: خه‌باتی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له پێناو بووژاندنه‌وه‌ی زمان و هونه‌ری كوردیدا، گرینگی شۆڕشی كورد و جه‌ماوه‌ری كورد به یه‌كتر، خزمه‌ت به هونه‌ركردن به دوور له چه‌مكی ناشیرینی جیاوازی‌دانان و ناوچه‌گه‌ری، هونه‌رمه‌ندێك كه بڕوای به یه‌كسانی تاكه‌كان هه‌بووه، هونه‌رمه‌ندێك كه بڕوای به یه‌كسانی مافی ژن و پیاو هه‌بووه، پێشمه‌رگه بووه، له هونه‌ری گۆرانی گوتنه‌وه‌دا داهێنه‌ر بووه و لاساییكه‌رێكی ئاسایی نه‌بووه و هه‌روه‌ها له خزمه‌ت چه‌مكی نه‌ته‌وه‌یی كوردیدا تێكۆشاوه.
مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ ساڵی 2008 له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ندی نه‌مری كورد مامۆستا محه‌مه‌د ماملێ دامه‌زراوه و هه‌موو ساڵێك بۆ به‌رز ڕاگرتنی یاد و بیرئانینی ئه‌م هونه‌رمه‌نده پایه‌به‌رزه خه‌ڵاتێك پێشكه‌ش به هونه‌رمه‌نده به‌ئه‌زموون و ناودارانی كورد ده‌كات كه به به‌رهه‌مه‌كانیان خزمه‌تی گۆرانی و موزیكی كوردی‌یان كردووه و له به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته گرینگه‌دا كه‌سایه‌تیی، هه‌ڵكه‌وتوویی، داهێنانی
هونه‌ریی، ئه‌زموون، توانا و به‌هره‌مه‌ندیی هونه‌رمه‌نده‌كه ڕچاوده‌گیرێت.
له ساڵانی ڕابردوودا خه‌ڵاتی گۆرانیبێژی كورد محه‌مه‌د ماملێ به چه‌ندین هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی ناودار و به‌ئه‌زموونی كورد پێشكه‌ش كراوه، له‌وانه: له ساڵی 2009 به ژه‌نیاری به‌توانای شمشاڵ مامۆستا قاڵه‌مه‌ڕه، له ساڵی 2010 به گۆرانیبێژ و موزیكزانی كورد مامۆستا باكووری، له ساڵی 2011 به گۆرانیبێژی كورد عه‌زیز شاهرۆخ و له ساڵی 2012 به گۆرانیبێژی كورد عه‌بباس كه‌مه‌ندی.