هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچیەکانی کارەبا لە هەرسێ پارێزگای کوردستان و ئیدارەی گەرمیان دەستی پێکرد

دوێنێ ڕێکەوتی 26/1/2014 کاتژمێر 8 ی شەو لەهۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆنترۆڵی ناوەندی هەرێم بەئامادەبوون و سەرپەرشتی یاسین شێخ ئەبوبەکر ماوەتی وەزیری کارەبا هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچیەکانی کارەبا دەستی پێکرد، لەم هەڵمەتەدا کە تێیدا چوار ژووری عەمەلییات لەهەرسێ پارێزگاکەی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان دامەزراوە بەشێوەیەکی بەردەوام دەست بەنەهێشتنی سەرپێچیەکان دەکەن، لەکۆبوونەوەیەکدا کە تێیدا هەریەک لە بەڕێزان بریکاری وەزیر و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر و جێگری قایمقامی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لەبەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەکانی کارەبای هەولێر ئامادەیبوون بەتێروتەسەل باس لەئامانجی هەڵمەتەکە و ڕێکخستنی تیمەکانی نەهێشتنی سەرپێچی و هاوکاری و پاڵپشتیکردنیان کرا .

لەتەوەرێکی کۆبونەوەکەدا وەزیری کارەبا ئاماژەی بە زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا کرد کە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پێوانەیی زیاد بەکارهێنانی کارەبا، هەربۆیە پێیوابوو پارێزگاریکردن لەسامانی کارەبا ئەرکی هەموو لایەکە، چونکە بەبێ کۆنترۆڵکردنی کارەبا ئاستەمە بتوانرێت وزەی کارەبا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و ڕێکوپێک بگەیەنرێتە هاوبەشانی کارەبا.دواتر هەر لەکۆبوونەوەکەدا بریاردرا لەلایەن ئەم لیژنانەوە جۆری سەرپێچیەکان دەستنیشان بکرێت و سزای دارایی سەرپێچیکاران بدرێت، دواتر وەزیری کارەبا گوێبستی داواکاری و پێشنیارەکانی ئامادەبووان بوو بەڵێنی پێدان بەپێی توانا کار بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییەکانیان بکرێت.

هەر لەمیانەی سەردانەکەیدا وەزیری کارەبا و شاندی یاوەری بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی کارەبای هەولێریان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە کارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیەی هەڵسەنگاندوو داوای لێکردن زیاتر خزمەتی هاووڵاتیانی پارێزگای هەولێر بکەن و ڕۆڵی کارمەندان و ئەندازیارانی کۆنترۆَڵی کارەباشی لە باشتر ئیشپێکردنی سیستەم و کۆنترۆَڵکردنی کارەبا بەرز هەڵسەنگاند.

 


وه‌زاره‌تی كاره‌با
راگه‌یاندن

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە