ریسوایى بۆ پیلانگێریەکەى "15)ى شوبات .. قادر عزیز

پانزە ساڵ لەمەوبەر "15/2/1999"لە نایروبى پایتەختى وڵاتى کینیا رێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان "عبداللە ئۆجەلان"لە رێگەى پلانگێرى و گەلەکۆمەکیەکى نێودەوڵەتى دەستگیرکرا و رادەستى وڵاتى تورکیا کرایەوە.

کردەى رفاندن و تۆقاندن و سوکایەتیپێکردن و دواجاریش رادەستکردنەوەى کەسێک بە وڵاتێک کە ژیانى بکەوێتە مەترسیەوە وەک لە پرۆسەى گرتن و رادەستکردنەوەکەدا بینرا ، تەواو پێچەوانەى دیموکراسى و مافى مرۆڤ و هەموو یاسا و رێسایەکە کە ئەو وڵاتانەى بەشدار لە پلانگێریەکە بانگەشەى بۆ دەکەن ، لەمەش زیاتر پرۆسەى دەستگیرکردن و رادەستکردنەوەکە بەم شێوە نامرۆڤانەى کە لە شاشەى "TV"یەکانەوە بینیمان دەچێتە خانەى تیرۆرەوە ، هەر ئەوکاتەش هەندێک لە رۆژنامەکانى دونیا ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتیەیان بۆ دەستگیرکردنى "ئۆجەلان"بە لایەنە ئاسایشەکەى "ئەمنى"جیهانگیرى ""عەولەمە)"لەقەڵەمدا ، دواى ئەنجامدانى پلانگیریەکەش وردە وردە ئاشکرابوو کە دەزگا هەواڵگریەکانى "ئەمریکا ، ئیسرائیل ، روسیا ، کینیا ، بەریتانیا ، هەندێ وڵاتى ئەوروپا ، کۆمکارى عەرەبى ، یۆنان ، تاجیکستان ، تورکیا"راستەوخۆ رۆڵیان لە پلانگیریەکەدا گێراوە ، دیارە ئامانجى سەرەکى لە دەستگیرکردنى "ئۆجەلان"رادەستکردنەوەى بە تورکیا شکستپێهێنانى رۆڵى کاراى "ئۆجەلان"لە تورکیا و ناوچەکە و شۆرشى گەلى کورد بوو لە باکورى کوردستاندا ، بە تایبەتى کە ئەوکاتە رۆڵى کەسایەتى رێبەر ئۆجەلان و پارتى کرێکارانى کوردستان و شۆرشى باکور بەشێوەیەک گەورە و کاریگەر بوو ناوچەکەدا هەرەشەى لەسەر بەرژەوەندى تورکیا و ئەو وڵاتانەدا دروستکردبوو ، ئەوەى کە تورکیا و ئەو وڵاتانەى هاندا بۆ ئەوى لە رێگەى دەستگیرکردن یا لەناوبردنى "ئۆجەلان"، پارتى کرێکارانى کوردستان و شۆرشى چەکدارى گەلى کورد لە باکورى کوردستاندا لەناوبەرن ، ئەو ئەزموون و پێشینەیە بوو کە دەوڵەتى تورکیا لە نیوەى یەکەمى سەدەى بیستەمدا لە رێگەیەکى لەم شێوە ، واتە لە رێگەى دەستگیرکردن و لە ناوبردنى سەرکردەى شۆرشەکاندا شۆرشەکانى کوردیان لەناوبردبوو ، یا بێ کاریگەریان کردبوون ، پیلانگێرى فیرقەکانى حەمیدیە لە "بەتلیس"دژ بە "ملا سلیم"لە "1914"و گرتن و لە سێدارەدانى "شێح سعیدى پیران"لە "1925"و پیلانگێرى دژ بە شۆرشى ئاگرى "1930"و شۆرشى درسیم "1937"و پیلانى تیرۆرکرن و کوشتنى هەردوو سەعیدەکە "سعید ئاڵچى و سعید قرمزى توپراخ"و چەندین پیلانگێرى تر وەک نموونە لەبەرچاون ، بەڵام دیارە جیاوازى قۆناغەکان و هۆشیارى نەتەوەیى گەلى کورد و تۆکمەیى پارتى کرێکارانى کوردستان و دواجاریش جۆرى کەسایەتى و شێوازى سەرکردایەتیکردنى "ئۆجەلان"تەواو جیاوازبوون لەگەڵ ئەوانى پێشتر ، بۆیە تورکەکان بەو پیلانگێریەى ئەو جارەیان نەک هەر نەیانتوانى ئیرادە و خۆراگرى گەلەکەمان بە گرتنى کەسایەتى ""ئۆجەلان)"تێک بشکێنن ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، ئیرادە و خۆراگرى گەلى کوردمان و شۆرشەکەى لە باکورى کوردستان و ئیرادەى پشت بەخۆ بەستن و تێگەیشتن لە گەمەى پیلانگێریەکە و گرتنەبەرى رێبازى ئاشتى و رێگەچارەى دیموکراتیانە لە چارەسەرکردنى پرسەکە لە لایەن خودى "ئۆجەلان"وە پیلانەکەى نەک هەر پووچەڵ ، بەڵکو پێچەوانە کردوە ، دەرەنجامى ئەوەش ئەوەتا "ئۆجەلان"لە زیندانى ئیمراڵیەوە نەک هەر دەسپێشخەرى بۆ ئاشتى ، بەڵکو ئیدارەى پرۆسەکەش دەکات.بۆیە لێرەدا حکومەتى تورکیا "ئەردۆغان"داواى لێدەکرێت ، کە لە بەرامبەردا پرۆسەى ئاشتى دور لە گەمەى سیاسى و هەڵبژاردن و دور لە تاکتیکى سیاسى لە ململانێ لەگەڵ نەیارەکانیدا ، سەیر بکات و هەرچى زووە پرۆسەکە پیشبخات و لایەنێکى سەرەکى پرۆسەکەش کە بەرێز "ئۆجەلان)ە وەک نیاز پاکیەک ئازاد بکات ، چونکە ئاشتى و ئەوانەى ئاشتى بەرێوە دەبەن دەبێ ئازادبن نەک لە زیندان."15"شوبات رۆژى غەدرێکى مێژووییە لە گەلى کورد و لە بەرێز "ئۆجەلان"کە ئامانجى لێى لە ناوبردنى پارتى کرێکارانى کوردستان و شۆرشى باکورى کوردستان بوو لە رێگەى کەسیەتى ئۆجەلانەوە ، هەروەک "15"شوبات تۆمارێکى رەشە لە مێژوویى ئەو هێزانەى کە بەشداریان لە پیلانگێریەکەدا کرد ، ئەو لایەنانەى کە زوو یا درەنگ دەبێ لەسەر ئەو پلانە قێزەوەنانەیاندا نەک هەر داواى لێبوردن لە گەلى کورد و سەرۆک "ئاپۆ"بکەن ، بەڵکو دەبێ لەسەر ئەم کارە نایاسایى و نامرۆڤانەیان رووبەرووى دادگا بکرێنەوە.

"15"شوبات و هەموو "15)ى شوباتەکانى پێشتر لێمان دەخوازى کە لە بەرامبەر پیلانگێرى دوژمنەکانمان کە هێشتا درێژەى هەیە یەک ریز و یەکگرتووبین ، وەک ئاشکرایە ئیمرۆ دەرفەتێکى گەورە بۆ گەلى کورد لە ناوچەکەدا هاتۆتە پێش ، ناوچەکەش دواى شۆرشەکانى بەهارى عەرەبى لەبەردەم گۆرانکارى سیاسى و جوگرافى گەورەیەدا ، جا بۆ ئەوەى گەلى کورد لە دارشتنەوەى نەخشەى سیاسى و جوگرافى ناوچەکە وەک رابردوو پەراوێز نەخرێت ، بەڵکو رۆڵێکى دیارى لەو گۆرانکاریانەو لە دیاریکردنى مافى چارەنوسى خۆى هەبێت ، پێویستە لە پێش هەموو شتێکدا یەک ریز و یەکگرتووبێت ، پێویستە بە بەرنامەیەکى کارى نەتەوەیى هاوبەش و لە چوارچیًوەى ستراتیژیەتێکى نەتەوەیى هاوبەشدا ، هەنگاوەکانى بەرەو رزگارى و سەربەخۆیى هەڵبگرێت.

- ئازادى بۆ "ئۆجەلان"و سەرجەم زیندانیانى سیاسى لە باکورى کوردستادا.

-ریسوایى بۆ پیلانگێرانى "15"شوبات.

15/2/2014

https://www.facebook.com/Qadr.Aziz?ref=hl

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە