لە بیست و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا ... سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان

ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ پاش ڕاپەڕینەكەی ئایاری ١٩٨٧ی ھەڵەبجە، یەكەمین ھەنگاوی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر بوو بە خۆڕاپساندن لە پاشكۆیی پارتەكان و بزووتنەوەی چەكداری شكستخواردووی ئەو دیو سنوورەكان؛ بەرھەمی ھێزی یەكگرتووی جەماوەر بوو لە دەرەوەی قاڵبسازی ڕامیاریی پارتەكان، كە نزیكەی چوار دەھە بوو، جەماوەرییان بەسەر دەستە و گروپی دژ بەیەكدا دابەشاندبوو و لە جەنگێكی بەردەوامی چەند دەھەدا سەدان و ھەزاران ڕۆڵەی كرێكار و زەحمەتكێشیان تێدا بەكوشتدابوو.

 

بزووتنەوەی شورایی بەرھەمی بەرھەمی ئەو خۆڕاپسكاندنە شۆڕشگێڕانەیە بوو، بەرھەمی بڕوابوون بوو بە ھێزی یەكگرتووی خودی جەماوەر و سەربەخۆیی لە لایەنە ڕامیارییەكان، ئەزموونگیریی بوو لە شكستەكانی پێشوو، كە بەرھەمی ناسازگاریی بزووتنەوەی چەكداری بوون لەتەك داخوازی و ئامانجەكانی جەماوەری شۆڕشگێڕ.

 

بۆ ئەوەی نەیاریی پارتەكان و بزووتنەوەی چەكداری لەتەك ڕاپەڕین و سەربەخۆیی جەماوەر و كۆرپەلەكەی ڕاپەڕین [بزووتنەوەی شورایی] دەركبكەین، پێویستە سەرنجی یەكەمین ھەنگاوەكانی پارتەكانی بەرەی كوردستانی و لەشكری بزووتنەوەی چەكداری پەناگرتوو لە ئوردووگەكانی ئێران و گەڕانەوەی پاش ڕزگاركردنی شارەكان لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە؛ بدەین ؛

 

- لە ژێر پەردەی لێبووردنی گشتیدا، چەكدارانی خۆفرۆش، ئەنفالكەر، جەماوەركوژ لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە كرانە چەكداری شۆڕشگێڕ و تاوانباران داڵدەدران . . .

 

- ھاوكاتی داڵدەدانی پیاوانی سیخور و چەكدارانی ڕژێم، دەستكردنی ڕێكخستن و دەستە تیرۆریستەكانی پارتەكانی بەرەی كوردستانی بە ڕەشەكوژی ژنان بەبیانووی سیخوڕی و نامووسپەرستی نەتەوەیی، ڕەشەكوژییەك كە تا ئەم ڕۆژەش ھەر بەردەوامە . . .

 

- تاڵانیكردن و ئاودیوكردنی ئامێر و كارگە و ھەموو شتێكی ئەو ھەرێمە بەتایبەت لە شاری كەركووك . . .

 

- گفتوگۆی ژێرەكی لەتەك ڕژێمی بەعس بۆ لێدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر و پاشەكشێكردن بە ڕێكخستنی شورایی جەماوەر . . .

 

- ھەڕەشەكردن لە بزووتنەوەی شورایی و پەلاماردان و ھێزنواندنی پارتەكانی بەرەی كوردستانی بەتایبەت چەكدارەكانی (ینك) لە سلێمانیدا و دژایەتی بەردەوام لە ڕاگەیاندنەوە دژی شوراكان . . .

 

- ڕێكخستنی كۆڕەو و چۆڵكردنی شارەكان پێش ئەوەی لەشكری ڕژێم بگەرێتەوە، ئەمە لە كاتێكدا كە ئەوان گفتوگۆی ژێرەكییان ھەبوو، تەنیا ھێزێك كە دژی گەڕانەوەی لەشكری بەعس بەرگریی كرد، دەستە چەكدارەكانی شوراكان بوون . . .

 

- ئاشكراكردنی گفتوگۆی بەرەی كوردستانی و ڕژێم پاش كۆڕە و تێكشكاندنی ڕیزەكانی جەماوەر و شوراكان . . . پێكھێنانی لێژنەكانی سەرپەرشتی و ڕێككەوتن "تنسیق" لەنێوان چەكدارانی بەرەی كوردستانی و لەشكری رأیمی بەعسدا بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی حكومەت . . تا ڕاپەرینەوەی دووەم.

 

لەبەرئەوە، تێكشكاندنی ڕاپەڕینی جەماوەریی لە كوردستان و لە عێراق پێداویستی گێڕانەوەی سەروەریی بەعس لە باشوور و پاشەكشێ بە بزووتنەوەی شورایی و سەپاندنی دەسەڵاتی بەرەی كوردستانی بوو لە باكوور بە كۆمەكی ھێڕشی بەعس و دارشتنی پیلانی كۆڕەو بوو لە بەردەوامی گفتوگۆكەدا . . .

 

ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١،  بزووتنی سەربەخۆی جەماوەر بوو بۆ ڕزگاری لە داگیركەر و ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ئەوی پاش تێكشكانی ئەو ڕاپەڕینە ھاتەكایەوە، بەرھەمی شكستی بزووتنەوەی شورایی بوو، بە دەسەڵاتگەییشتنی دژەشۆڕش [بۆرجوازی كورد] بوو، كە تا ئێستاش بەردەوامە و كۆمەڵگەی كردووەتە مەیدانی تەڕاتێنی كۆمپانییە جیھانخۆرەكان و بەھەشتی مشەخۆریی بۆ ڕامیاران .

 

كاتێك كە جەماوەری ژێردەستی بۆرجوازی كورد لە ساڵانی پاش ڕاپەڕین و جەنگی نێوخۆیی دەسەڵاتداراندا چۆكدانادات و جارێكی دیكە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەكان دێنەوە مەیدان و خەباتی جەماوەریی پەرەدەسێنێت، دەسەڵاتدارانی كوردستان و ڕامیاران بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دەسەڵاتدارانی پێش خۆیان و بە دووبارەكردنەوە و درێژكردنەوەی دژەشۆرشییەكەی پاش ڕاپەڕین، ئەو جار باڵێكی نێو دەسەڵات دەكەنە ئۆپۆزسیۆن و جەماوەری ناڕازی پێفریودەدەن و لە ڕێگەی ئەوەوە خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات بەرەو شكست دەبەن و دەستەمۆدەكەن.

ھەر ئاوا كە دژەشۆڕش لەسەر پیلانگێڕان و لێدان لە جەماوەر بەردەوامە، ھەر ئاواش كاردانەوەی جەماوەر و ھێزی ڕاپەرین و شۆڕشیش لە ھێزگرتندا دەبێت. بەڵام ئەگەر جارێكی دیكە جەماوەر بەبێ پێكھێنانی ڕێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆكان و بەبێ یەكخستنی ھێزی كۆمەڵایەتی شۆڕش ڕاپەڕێتەوە، وەك ئەوەی كۆمەڵێك ڕامیار و چەپ لە خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوباتدا ویستیان بە زۆردارەكی و بەبێ زەمینە و ئامادەیی و ھوشیاریی ھەڵیخڕێنن، ئەگەرچی توانانی ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئێستایشی ھەبێت، بەڵام بێجگە لە گۆڕینی دەسەڵاتدارێك بە دەسەڵاتدارێكی دیكە، ھیچی دیكە ئەنجامنادات. لەبەرئەوە، پێكھێنانی ڕێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆكان، گروپە خۆجییەكانی گەڕەكەكان [ئەنجومەن، شورا، ھەرەوەزیی و خۆكۆمەكیی كۆمەڵایەتی]، كۆمیتەكانی بەرێوەبردنی كارخانەكان و فەرمانگەكان و خوێندنگەكان، مەرجی دووبارەنەبوونەوەی شكستەكان و كەموكوڕییەكان و پێداویستی بەردەوامی شۆڕش و سەركەوتنی ڕاپەڕینن؛ ئەمانەش كاتێك دێنەدی، كە تاكی ژێردەست بەوە ھوشیاربێتەوە، كە بەخۆی بیربكاتەوە، بەخۆی بڕیاربدات، بەخۆی جێبەجێبكات، ھەموو پێكھاتە قووچكەییكانی ڕێكخستن و بەرێوەبردن وەلابنێت و خۆی لە پاشكۆیی ڕامیاران و پارتەكان ڕاپسێنێت و خۆبەڕیوەبەریی كارگە و فەرمانگە و خوێندنگە و گوند و گەڕەك و شار و ناوچە و ھەرێمەكان بەپێی میكانیزمەكانی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ پێكبھێنێت و لەسەر بنەمای فیدراڵییە ئاسۆییە یەكگرتووەكان لە كۆنفیدراڵە سەرتاسەرییەكاندا ڕێكیانبخاتەوە.

 

سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان

٦ی ئازاری ٢٠١٤

https://fbcdn-sphotos-e-a.  akamaihd.  net/hphotos-ak-prn2/t1/q71/s720x720/1240560_1429723743936997_1968797263_n.  jpg

 

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە