کورد و بەغا و تاران و ئەنقەرە … ماهر علی

لەو بڕوایەدام زۆرینەی کورد مێژووی خۆی دزانێ و دەشزانێ بۆچی تاکو ئێستا هیچی نەکردوە بە هیچ، چ جای ڕێبەر و سەرۆکەکانمان و حزبە سیاسیەکانی کوردستان بە گشتی کە تێکەڵاوی سیاسەتەکەن. زۆر جار لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیشدا زۆر لە بارەی پەیوەندیەکانی کورد و دراوسێکانی کە کوردستانیان وەکو برا بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە دەوترێ و هەندێکیان بە برایەتی و هەندێکیان بە دراوسێیەتی باسی لێوە دەکەن و هەندێکیش وەکو داگیرکارێکی چاو برسی سەیری بەغا و تاران و ئەنکەرە دەکەن.

مێژووش لەسەرووی هەموانەوەیە و رەحم بەکەس ناکات، مێژوو پێمان دەڵێت کە خۆمان نەمان توانیوە وەکو نەتەوەیەکی یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نیشان بدەین . هەر کاتێ هۆزێک لە هٶزەکانی کوردستان باری لا ربوبێت ئەوە بەسۆزەوە رووی لە دراوسێکان کردووە تاوەکو یارمەتی بدات بۆ ئەوەی لایەنەکەی تر نەیخوات، بێگومان ئەو دراوسێیانەش تاقیکردنەوەی زۆریان لەسەر کردووین و دەمارەکانی مێشکمان یەک بە یەک دەناسن ( شەرفەفنامەی شەرەفخانی بتلیسی ) باشترین سەرچاوەیە بۆ ئەو زانیاریانە.

ئەوتا ئێران وەکو نەریتێکی رۆژانەی دەیان کورد، تەنها لەبەر ئەوەی کوردن هەڵدەواسێ و لە سێدارەیان دەدات و زیندانەکانیان پڕکردووە لە کورد، کەچی دێن ولە باشووری کوردستان ناوبژیوانیمان بۆ دەکەن، دەوەرە لەم مەتەڵە تێ بگە؟

ئەوە تورکیای ئازیز و خۆشەویستە خەریکن لەگەڵ عێراقی حەبیبدا رێکمان دەخەن و پارەی نەوتەکەشمان بۆ خڕ دەکەنەوە، کەچی دەڵێ ئەو ئاشتیەی تورکیا عەبدللە ئۆجالان و بەندە کوردەکان ناگرێتەوە . . . ئەمەیە دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ.

ئەوەتا دوێنێ نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراقی حەبیب خۆی بۆ نەگیراو ڕشایەوە و داوا دەکات ( خوێن بە خوێن ) چارەسەر بکرێت لەبەر ئەوەی کوردە . . . دوێنێ لە ناوچەی جادریەی بەغا یەکێ لە پاسەوانەکانی سەرۆک کۆمار تەقەی لە رۆژنامەنووسێک کردووە و کوشتوویەتی ( ئەوە کردەوەیەکی نەخوازراوی قێزەونە کە تۆ مرۆڤێک بکوژی . من دژی هەموو کوشتنێکم لە ژێر هەر پەردەو ناوێکدا بێت). خوێن بە خوێن . . . العین و بالعین، والسن بالسن . دەبوایە مالکی پەلەی نەکردایە لەو قسەیەی کە کردی . . مالکی دەبینێ رۆژانە هەموو کاتژمێرێک چەند مرۆڤ لە عیراقی حەبیب دەکوژرێ هەر بۆخۆی چەندەها شوێنی ئازاردان و کوشتنی هەیە، ، مالکی خۆی باش دەزانێ کە کورد پارێزگاری لە بەغاو ئەویش کردووە مالکی بۆخۆی دەزانێ کە لای ئێمە لە کوردستان چۆنە و لای ئەوانیش چۆنە. . . کەواتە ئەو قسەیەی بە گاڵتە و لەخۆڕا نەکردووە، ، ئەوە ئاگادارکردنەوەیەکی ئاڕاستەکراوە بۆ سەرکردایەتی کورد و دەسەڵاتی کوردی. دەنا تاکو ئێستا چەند مامۆستای زانکۆ شەهید کراون ؟ چەند هاوڵاتی بێتاوان بێسەروشوێن کراون؟ئەوەتا ئەنبار و دیالە و قەرەتەپە و دەوروبەری کوا مالکی تۆ لە کوێیت؟ ئەیتاکو ئێستا چەند کورد شەهید و ئەنفالکراون؟چەند شارو دێهاتمان سووتا و وێران کران ؟ بۆ تاکو ئێستا فزەت لێوە نەهات؟

کەچی کوردو دەسەڵاتی کوردی تاکو ئێستا یەک هەڵوێستیەکیان نەنواندووە لەسەر لێدوانەکەی مالکی و پیاوەکانی و عەرەبە شۆڤێنیەکان هەریەکە و بە جیا بۆ هەلیسەکەی مالکی دەگرین .

من تێناگەم چ خۆشەویسیەکی ئەم داگیرکەرانە چووە بەدڵی سیاسیەکانماندا و چ بەرژەوەندیەکمان لەم یەکبوونەدا هەیە ؟

٢٣\٣

 

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە