پەیامێکی کراوە لە کومیتەی ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان بۆ سەرکردایەتی باشووری کوردستان

بەرێزان:

سەرکردایەتی پارتی دیموکرات و بزووتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە گشتی و، جەنابی کاک مەسعوود بارزنی بە تایبەتی

لە گەڵ بڵاو بوونەوەی هەواڵی سەردانی دوو جەلادە بەناوبانگەکەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، واتە ''محەممەد جەعفەر سەحراروودی'' راوێژکاری باڵای ''عەلی خامنەیی'' و سەردار ''مەسجدی'' راوێژکاری باڵای ''قاسم سولێمانی'' بەرپرسی سپای قودسی رێژیمی داگیرکەرو کورد کوژی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ شاری سلێمانی و هەولێر و دیداریان لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی پارتی و یەکێتی و گۆران، ئەویش لە ئاستێکی بەرزی ئەو سێ حیزبە تێکۆشەری کوردستان.

کومیتەی ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان نایشاریتەوە کە بایەخدانی سەرکردایەتی سیاسی باشووری کوردستان لەو ئاستە بەرزەیاندا بە دوو پاسداری کۆماری ئیسلامی ئێران رۆز دڵگران و نیگەرانی کردووین و هەر بەو مەبەستەش لە چەند خاڵێکدا پەیامێکی کراوەمان ئاراستە سەرکردایەتی سیاسی باشووری کوردستان بە گشتی و جەنابی سەرۆک بارزانی بە تایبەتی دەکەین.

١- هەلومەرجی سیاس – ئابووری – ئەمنی و کۆمەڵایەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان چیتر وەک ساڵانی نەوەدەکان نەماوە و هەنووکە سەنگی سیاسی و ئابووری و ئەمنی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و جیهانیش دیارە و لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە دەیان کۆنسوولی رۆژئاوایی بوونیان هەیە، کەوابوو چ پێویست دەکات کە لەگەڵ دوو پاسداری سەر بە سپای قودس لەو ئاستە بەرزەدا چاوپێکەوتنیان هەبێت.

٢- وەبیر هەموو لایەکی دەخەینەوە کە پاسدار'' محەمەد جەعفەر سەحراروودی'' بکووژی یەکێک لە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پلان دانەری تێرۆری سەدان پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

٣- ''محەممەد جەعفەرسەحراروودی'' هەر هەمان پاسدارە کە ساڵی 1995 بە نییەتی قەتل و عام کردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان فەرماندەیی هەزاران پاسداری کردوو و سنووری باشووری کوردستانی بەزاند، بەڵام یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان و مێژووش شایەتی ئەوە دەدەن کە بە خۆشییەوە لە دۆڵی بالیسان لە لایەن هێزێکی لێهاتووی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشیان لە پاسدار '' محەممەد جەعفەرسەحراروودی'' گرتوو لە پاش دوو رۆژ بەرەو دیوی ئێران پاشەکشەیان پێکرد.

٤- بە پێی داواکاری ئەو دوو پاسدارە لە سەرکردایەتی پارتی و گۆڕان یەکێتی، دەردەکەوێت کە نییەتی سپای پاسدارانی ئێران تەنیا نانەوەی ئاژاوە و دووبەرکییە لە باشووری کوردستان و هاوکاتیش چاوسوورکردنەوە لە سەرکردایەتی باشووری کوردستانە، ئەگینا بۆچی ئەم پەیام و چاوپێکەوتنانە لە لایان سەرکۆنسوول و دیپڵۆماتەکانی دیکەی رێژیمەوە نەکراوە، خۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دوو کۆنسوولخانەی لە باشووری کوردستان هەیە.

لە کۆتایدا هیوادارین کە چیتر سەرکردایەتی باشوووری کوردستان رێگابەهاتنی ''سەحراروودی'' و پاسدارە کورد کوژەکانی دیکە نەدەن و لەم پەیوەندییەشدا هەڵویستی شەفاف و بوێرانەیان هەبێت.

بژی کورد

پایەدار بێت کوردستان

کومیتەی ناوەندی

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان

15/4/2014

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە