لە هەولێر گردبوونەوەی بێ مۆڵەت ئەنجام درا و ڕێكخەرەكەی دەستگیر كرا. .

گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی بێ مۆڵەت و خوێندنەوەی بەیاننامەیەك لە هەولێر كە تەشهیری بۆ لایەنێكی دیاریكراو تێدا بوو، دەستگیركردنی یەكێك لە رێكخەرانی گردبوونەوەكەی لێ كەوتەوە.

ڕائید كاروان شێخ عەبدولكەریم، وتەبێژی فەرمیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ 15/4/2014 كاتژمێر پێنجی ئێوارە چەند كەسێك لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا، بە ناوی گرووپی پشتگیریی لە شۆڕشی ڕۆژئاوا، دەركەوت كە ئەو گردبوونەوەیە مۆڵەتی نەبووە و یەكێك لە رێكخەری گرووپەكەش كە بەیاننامەیەكی خوێندەوە بە ناوی (م. ه. ع) لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر كرا و دوای ئەوەش ڕادەستی بنكەی پۆلیسی خانەقا كرا.

گوتیشی: دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە سەبارەت بە گردبوونەوەی بێ مۆڵەت و بە پێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانیش، دەستبەسەر كراوە.

شیاوی باسە، لەو بەیاننامەیەدا كە یەكێك لە رێكخەرانی گرووپەكە خوێندییەوە، هێرشی ڕاستەوخۆ و تەشهیری تێدا بوو بۆ سەر لایەنێكی دیاریكراو و بە ئاشكرا حزبێكیان تۆمەتبار دەكرد.

ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر

ئومێد پشدەری

Related Articles

تەواوی بابەتەکانی ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەی دووهەزار و سەد بابەتە