به‌یاننامه‌یه‌ك له دژی هه‌ڵوێسته نامه‌ده‌نییه‌كه‌ی ئاری هه‌رسین:
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و پڕۆسه‌ی دیموكراسی پته‌وتر ده‌بن، هاوكاتله بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا لایه‌نگرانی لایه‌نه سیاسییه‌كان له هه‌رێمدا له رێگای دروشمی جیاجیاوه بانگه‌شه بۆ په‌یام و به‌رنامه‌كانییان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به نیگه‌رانییه‌وه له‌ماوه‌ی رابردوداله هه‌ندێك ناوچه‌دا، گرژی و ناكۆكی نه‌خواستراو كه‌وته‌وه، له‌كاتێكیشدا به‌رده‌وام كاربه‌ده‌ستان، له‌پێناو ئارامی و ئاسایشی هاونیشتمانییاندا، به‌رپرسانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا كردوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له شه‌وی یه‌كشه‌ممه 20/4/2014 به‌ڕێز ئاری هه‌رسین ئه‌ندامی پارله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، به "چه‌كه‌وه" له‌به‌رده‌م لقی چواری پارتیدا ده‌ركه‌وت، به‌م هه‌ڵوێسته نامه‌ده‌نی و دور له ئه‌ته‌كێتی ره‌سمی و پارله‌مانتارییه‌شی هه‌وڵی خۆشكردنی ئاگری ئاژاوه و قوڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانیدا، بۆیه ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵێك چالاكوانی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر و مامۆستای زانكۆ، داوا له پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ین: كه به‌ڕێز (ئاری هه‌رسین) له شاری سلێمانی دوربخاته‌وه و سزای حزبی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنی ئاسایش و دروستنه‌بونه‌وه‌ی گرژی و شه‌ڕی نه‌خوازراو له هه‌رێمی كوردستاندا.